ڕێگای کودستان

ناوچەکە لەسەر لێواری تەقینەوەیە و ئاگری شەڕ و گرژییەکان تا دێت تەشەنە دەسێنێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان لەژێر ئاشی قەیرانێکی ئابووریی کوشندە و حوکمڕانییەکی بێباکدا دەهاڕڕێن.

بەهۆی بەردەوامیی هێرش و پەلامارەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی ئێران، جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان سەخت و ئەستەم بووە، نرخی دۆلار فڕیوە و کاریگەری خراپی لەسەر بازاڕو خۆراک درووستکردووەو ژیانی هاووڵاتیانی سەختتر کردووە.

بەڵام کارەساتی گەورەتر لە شەڕی ناوچەکە، ئەو بێباکییە ترسناک و نابەرپرسیارێتییەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە لەم دۆخە دژوارەدا.
دەسەڵاتدارانی هەرێم وەک ئەوەی لە هەسارەیەکی دیکەدا بژی، بچووکترین باکی بە برسێتی و نەهامەتیی میللەتەکەی و چینی مووچەخۆران نییە، لەبری ئەوەی ببنە فریادڕەس، خودی دەسەڵاتداران بوونەتە گەورەترین ئاستەنگ و سزایەکی بەکۆمەڵیان بەسەر خەڵکدا سەپاندووە.

بە گوێرەی زانیاریەکان و لێدوانی بەرپرسانی بەغدا، حکومەتی فیدراڵی عێراق سەرجەم ڕێکارە ئیداری و داراییەکانی بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی دووی هەرێمی کوردستان بەتەواوی کۆتایی پێهێناوە و ئامادەیە پارەکە بخاتە سەر هەژماری هەرێم، بەڵام تەنها یەک مەرجی یاسایی ماوەتەوە، ئەویش ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتیی ناوخۆ لەلایەن هەولێرەوە بە خەزێنەی بەغدا.

لێرەدا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، بۆچی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەم چەشنە بێباکانەیە، یاری بە چارەنووس و قوتی سەدان هەزار خێزانەوە دەکەن؟ تاکەی تێر ناخۆن لە برسیکرنی ئەم میللەتە؟ لە پێناو حەشاردان و نەدانی ئەو 120 ملیار دینارەدا کە باج و ڕسووماتی کۆکراوەی گیرفانی خودی ئەم میللەتەیە. دەیان بیانو و فڕت فێڵ دەدۆزنەوە.

دەسەڵاتداران تا دێت بە بیانووی جۆراوجۆر ناردنی ئەو پارەیە بۆ بەغدا دوادەخەن و قوتی خەڵکیان کردووەتە قوربانیی بەرژەوەندییە تەسک و ململانێ داراییەکانی خۆیان.

چاودێرانی سیاسی جەختی لەسەر دەکەنەوە ، کە ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیکەن، سیاسەت و داکۆکیکردن نییە لە مافی کورد، بەڵکو برسییکردنێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە کە ساڵانێکە میللەت باجەکەی دەدات، بەردەوامبوونی ئەم کەمتەرخەمییە ئەوپەڕی سووکایەتیکردنە بە کەرامەتی هاووڵاتیان، کاتێک بەغدا دەرگای کردووەتەوە و دەسەڵاتی کوردی بۆ بڕێک پارەی ناوخۆیی ئامادەیە خەڵکەکەی خۆی لە برسان بکوژێت، ئیتر هیچ پاساوێک بۆ ئەم ستەمکارییە نامێنێتەوە.

بە بۆچونی چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی ئابوری ، ئەگەر ئەم سیاسەتی برسیکردنە بەردەوام بێت، دەبێت دەسەڵاتداران چاوەڕوانی تەقینەوەی تووڕەیی جەماوەرێک بن کە ئیتر هیچ شتێکی بۆ لەدەستدان نەماوەتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا