
لە ڕێکەوتی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعیی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لەبارەی بارودۆخی سیاسی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا.

ڕووداوە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی و جیهان بەگشتی بەهۆی گۆڕان لە پارسەنگی هێز و ئەگەر و لێکەوتەکانی لەسەر دۆخی عێراق و کوردستان، گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
هەڵکشانی ئاراستەی نیولیبرالیزم و دەرئەنجامەکانی لەسەر پەیکەر و ڕۆڵی دەوڵەت بەئاراستەی خزمەتکردنی ناوەندی ئۆلیگارشی و کۆمپانیاکان و میکانیزمەکانی ئابووری بازاڕ لەسەر حسابی نەمانی ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەڵکشانی ڕێژەی هەژاری و بێکاری و پێشێڵکاری زیاتر لەسەر ماف و ئازادییەکان، تاوتوێکرا.

لە لایەکی ترەوە، بەردەوامی قەیرانی سیاسی و کارانەکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە یەکێک لە مەترسییەکانی سەر شەرعیەتی میللی و دیموکراسی و قەوارەی هەرێمی کوردستان دانرا.
هەڵوێستی حزبی شیوعیی کوردستان کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانە لە زووترین کاتدا. لە حاڵەتی بەردەوامبوونی پەکخستنی پەرلەمان و دامودەزگا شەرعییەکان، جگە لە گەڕانەوە بۆ ئیرادەی خەڵک و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی کوردستان وەک بژاردەیەک بۆ دەرباز کردنی هەرێمی کوردستان، ئەمەش نەخشەڕێگا و ئیرادەی سیاسی دەوێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان دوور لە عەقڵیەتی زۆنی تایبەتی هێزەکانی دەسەڵات.

لە بارەی دەستپێکردنی هەڵمەتی پرۆپاگەندەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق جەخت لەسەر بەکارنەهێنانی دارایی و سامانی گشتی و ئیستغلاڵ کردنی هەستی ئاینی و دام و دەزگا ئاینییەکان دەکەینەوە لە پێناو دروستکردنی ژینگەیەکی یەکسانی کێبڕکێ لەسەر بنەمای دروستکردنی هەلی یەکسان کە تێیدا گوتاری عەقڵانی و پێشکەشکردنی بەرنامەی جێگرەوە لە پێناو خزمەتکردنی هاوڵڵاتییان ببێتە بنەمای ململانێی پارت و لیستەکانی هەڵبژاردن.
ئەمەش وادەکات لەدوای هەڵبژاردن هاووڵاتییان جارێکی تر ڕووبەڕووی نائومێدی نەبنەوە و هەڵبژاردن وەک میکانیزمێک بتوانێت لە خزمەتی دیموکراسیەت و ماف و ئازادییەکانی و شکۆی هاونیشتیمانیاندا بێت، نەک بەرژەوەندی تەسکی لایەنە سیاسییەکان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک بڕیار و ڕاسپاردە لەسەر ئەو بنەمایانەی سەرەوە بۆ کاراکردنی زیاتری ڕۆڵی حزب لە پێناو داکۆکیکردن لە چین و توێژە پەراوێزخراوەکان وەرگیرا.
کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعیی کوردستان
٤ی ١٠ی ٢٠٢٥

