
هاوکات لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان، دانیشتووانی شاری دێرەزوور و گوندەوارەکانی، ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەخت و خنکێنەر بوونەتەوە، ئەویش بەهۆی نەمان و دیارنەمانی سووتەمەنی و غازی ماڵان لە بازاڕەکاندا.
ئەم دۆخە بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگییەکی گەورە بۆ هاووڵاتییان لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ڕۆژانەیان.
نەمانی غاز و بەرزبوونەوەی خەیاڵیی نرخەکەی لە بازاڕی ڕەشدا، بارگرانییەکی قورسی ئابووری خستووەتە سەر شانی خەڵکی دێرەزوور.
سەرباری ئەوەش، کەمیی جۆرەکانی دیکەی سووتەمەنی کاریگەرییەکی نەرێنی کردووەتە سەر جووڵەی بازرگانی و هاتوچۆی ڕۆژانە لە تەواوی ناوچەکەدا.
لە بەرامبەر ئەم قەیرانە خنکێنەرەدا، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی و داواکاریی میللی لە ناوچەکەدا سەریهەڵداوە. دانیشتووانی شاری دێرەزوور و گوندەوارەکانی بە توندی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەسەڵاتدارانی خۆجێیی دەکەن کە بەپەلە بێنە سەر خەت و بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن بۆ دابینکردنی غاز و سووتەمەنی پێویست بۆ ماڵەکان و کۆتاییهێنان بە قۆرخکاریی بازاڕ.
لە دوای کشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە لەو ناوچانە، جگە لەوەی نرخی نان و سوتەمەنی بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرزبوونەتەوە، بە ئاسانیش لە بازاڕەکان دەست ناکەوێت.