20ی ئەم مانگە ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر ئەنجدامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا،کە لە 20/10/2024 بەڕێوەچوو،
بەهۆی ئەو گۆڕانکاریەی لەلایەن دادگای فیدڕاڵی لەژمارەی کورسی گشتی و ژمارەی کورسی کۆتا ڕویدا .ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ هیچ لایەک مایەی دڵخۆشی نەبوو. بەو پێیەی هیچ حزبێک نەبووە خاوەنی ژمارە کورسیەک کە بەشی پێکهێنانی حکومەت بکات و پێویستی بەهیچ لایەنێک نەبێت هاوبەشی بکات
دوا بەدوای هەڵبژاردنەکان، پارتی و یەکێتی وەک براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردن، خواستی خۆیان بۆ پێکهێنانی حکومەت خستەڕوو، بەڵام جگە لە سۆسیالیست و پێکهاتەکان. هیچ لایەنێکی تری خاوەن کورسی پەرلەمان، ئامادەییان بۆ بەشداریکردن لەحکومەت دەرنەبڕی و هەر زوو هەڵوێستی خۆیان لەوبارەیەوە دەربڕی.
تا ئێستا نە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردراوە.نە پەرلەمان کارایه،نە کاتی پێکهێنانی حکومەت دیارە.
ئەوەی لە دوای هەڵبژاردنەوە ئەنجامدراوە، تەنها سوێندخواردنی پەرلەمانتارە سەرکەوتووەکان و مسۆگەرکردنی مووچەی مانگانەیانە بە سەرجەم پەرلەمانتارانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە.
پارتی و یەکێتی کە ماوەی 33 ساڵە بەهاوبەش حکومڕانی هەرێم دەکەن ، لەدوای هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمان، چەند کۆبونەوەیەکی دوو قۆڵیان ئەنجامداوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی هاوبەش، بەڵام تا ئێستا کۆبونەوەکانیان بێ ئاکام بوونە.
ئەگەرچی پارتی وەک حزبی یەکەم لەم هەڵبژاردنەدا بووە خاوەنی 40 کورسی،بەڵام پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە 51کورسی هەیە،بۆیە کورسیەکانی پارتی بەشی پێکهێنانی حکومەت ناکات و دادگای فیدڕاڵیش بە بڕیاری کەمکردنەوەی کورسی کۆتاکان،زیاتر دۆخی پارتی قورستکرد لە پێکهێنانی حکومەت.
پێشتر پارتی 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانی مسۆگەر کردبوو،بەو پێیەی کۆتای پێکهاتەکان تەنها لە چوارچێوەی سنوری پارێزگاکانی هەولێر ودهۆک کورسیان بۆ دیاریکرابوو،ئەم 11 کورسیە ئەرکی پارتی لە پێکهێانی حکومەت نەک هەر سوککردبوو، بەڵکو بێ باکیشیکردبوو لەبەشداریکردنی لایەنەکانی تر، بەڵام دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی و کەمکردنەوەی کورسیەکان بۆ 5 کورسی و دابەشکردنیان بەسەر هەرسێ پارێزگای دهۆک ، هەولێر، سلێمانی. پارتی ئەو زۆرینەیەی لدەستداو ئەرکی قورستربوو لەڕازیکردنی لایەنەکان و پێکهێنانی حکومەت.
یەکێتیش هەرچەندە براوەی دووەمی هەڵبژاردنەو خاوەنی 23 کورسیە،بەڵام نە کورسیەکانی بەشی پێکهێنانی حکومەت دەکات نە بەشی داواکاری زۆر دەکات لە پۆستی گرنگ و پۆستی باڵا،ئەوەی لە ئێستادا یەکێتی دەتوانێت ئەنجامی بدات تەنها پەکخستن و دواخستنی پێکهێنانی حکومەتە.
هەرچەندە هەردوو حزب چەند جارێک بۆ پێکهێنانەوەی حکومەتی هاوبەش کۆبونەتەوە، بەڵام کۆبونەوەکان هیچ ئەنجامێکیان نەبووە.
پێشتر یەکێتی چاوی لەیەکێک لە پۆستە باڵاکانی وەک سەرۆکایەتی هەرێم یاخود حکومەت بوو،بەڵام ئەم داواکاریە هەر زوو لەلایەن پارتی ڕەتکرایەوە، دوای بێ هیوابوونی یەکێتی لە وەرگرتنی یەکێک لەو پۆستانە، ئێستا یەکێتی داوای پۆستی وەزیری ناوخۆ دەکات،بەڵام پارتی لەدوایین کۆبونەوەی نێوانیاندا بە یەکێتی ڕاگەیاندووە،نە ئەو پۆستەیان پێدەدن نە گفتوگۆی لەسەر دەکەن.
بەم جۆرە نە 40 کورسیەکەی پارتی هێزی پێکهێنانی حکومەتی هەیە نە 23 کورسیەکەی یەکێتی ئەو حزبە لە نێو حکومەت وپەرلەمان دەکاتە خاوەنی هێز.
پەکخستنی پەرلەمان کە بەدەنگی خەڵک هەڵبژێردراوە و دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت،لەکاتێکدایە کە لە ئێستادا بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بەڵام هەردوو حزبی دەسەڵات دەرگای ماڵان دەکوتن و داوای دەنگیان لێدەکەنەوە.
بەهۆی ململانیەو ناکۆکیەکانیی نێوان پارتی و یەکێتی و پاراستنی بەرژەوەندیە حزبیەکانیان ،ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی پەرلەمانێکە کە ماوەی3 ساڵە پەکخراوەو حکومەتەکەشی سێ ساڵە ماوەی بەسەرچووە، كارانەبون و پەکخستنی پەرلەمان لە هەردوو روی یاسایی و سیاسییەوە كاریگەری نەرێنی هەیە وكاریگەری ڕاستەوخۆشی لەسەر شەرعییەتی یاسایی و سیاسی قەوارە سیاسییەکەی كوردستان وەك قەوارەیەكی بریاردراوی دەستوری فیدراڵی هەیە.هەر ئەمەشە وایكردووە ناوەند بەشێك لە یاساو بونیادە یاساییەكانی كوردستان فەرامۆش بكات و لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە بوار بۆ ئامانجە سیاسییەكانی دروست بكات.