لەبارەی ثائره یوسف عەزیز ، مامۆستا مەغدید حاجی لە پەرتووکی (لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان) نووسیویەتی...

 ٭ وتەی بەرایی:

 سائرە خان،یان هاوڕێ سائرە،یان مامۆستا سائرە؛ یەکێکە لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی عنکاواو کوردستان. لە شارە جوانەکەی عنکاوا لانکەی شۆڕشگێڕو ئاشتیخوازان چاوی بە دنیا هەڵێناوەو پەروەردە بووە.

 ئەو عنکاوا دێرینەی بە سەدان و هەزاران مامۆستاو پزیشک و سستەرو ئەندازیارو تێکۆشەری دڵسۆزی بە شاری هەولێرو  وڵات بەخشیوەو جێگای شانازیمانە.

 هاوڕێ (شەماڵ عادل سەلیم) لە بارەی مامۆستا سائیرەو بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان نووسیویەتی و دەڵێ:" بنەماڵەی مامۆستا سائرە قوربانییەکی زۆریان پێشکەش بە نیشتمان کردووە. مام پۆڵس سڵێوا پڵندار ی مامی و هاوسەرەکەی (نێرگس یۆنا گلیانا)و چوار کچی بە ناوەکانی:( حەمامە، سەبیحە، شەزا، نادیە)و هاوسەری کوڕەکەیان (سێبەر سڵێوا)و کۆرپەکەی (ژاڵە) کە تەمەنی 40 ڕۆژ بوو، هەموویان لە ساڵی 1988 بە بڕیاری تاوانبار عەلی حەسەن مەجید زیندە بە چاڵکراون ، دوای ئەوەی عەبدولمەسیح ناسراو بە (سۆران) ی کوڕی مامی کە کادیرێکی سەربازی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو لە لایەن دائرەی ئەمنی هەولێر شەهید کرا.

   ٭ کورتەیەک لە ژیاننامەی مامۆستا سائرە:

 ــ ناوی تەواوی: سائرە (ثائرة) یوسف عەزیز.

 ــ ساڵی 1960 لە ئامێزی بنەماڵەیەکی جوتیاری عنکاوا لە دایکبووە.

 ــ لە ساڵی 1973 خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (باعوث)ی کچان تەواوکردووە.

 ــ قۆناغی ناوەندیشی لە ساڵی 1976 لە ناوەندی عنکاوا تەواوکردووە.

 ــ ساڵی 1979 خانەی مامۆستایانی کچانی لە هەولێر تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی(1979-1980) بە مامۆستای سەرەتایی لە قوتابخانەی گوندی ئالانەی سەر بە خەلیفان ناوچەی سۆران دامەزراوەو 7 ساڵ لە ئالانە ماوەتەوەو خزمەتی کردووە.

 ــ لە دوای ئالانە بۆ قوتابخانەی  گەڕەشێخان ناحیەی قوشتەپە گوازراوەتەوە.

 ــ دوو ساڵ لە گەڕەشێخان بووە، لەوێ بۆ قوتابخانەی گەزنەی سەر بە ناحیەی عنکاوا گوازراوەتەوە.

 ــ لە دوای ئەوەی ساڵانێکی زۆر وەکو مامۆستایەکی دڵسۆز لە گوندەکان خزمەتی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن دەکات بۆ قوتابخانەی (فتوة) لەناو شاری هەولێر گوازراوەتەوە. 

دواجار مامۆستا سائرە دەگەڕێتەوە بۆ عنکاواو بۆ قوتابخانەی عنکاوای کوڕان دەگوازرێتەوەو دوای ئەوەی 20 ساڵی تەواو خزمەتی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنی کردووە، لە ساڵی 2000 لەسەر داوای خۆی خانەنشین کراوە.

حزبی شیوعی کوردستان پشتیوانی لەم کاندیدە دەکات.

 ٭ خەباتی سیاسی و مەدەنی و باری کۆمەڵایەتی:

 هاوڕێ سائیرە هەر لە تەمەنی گەنجی لە تەک ئەرکی پەروەردەیی، چالاکی حزبی و سیاسی هەبووە. هەستی بە ئازارو مافخوراوی مرۆڤەچەوساوەکان و گەل و پێکهاتەکانی کوردستان کردووە. تاکو ئێستا بێ دابڕان و پچڕان وەکو ژنە تێکۆشەرێکی شیوعی لە عنکاوا و لە شاری هەولێر لە گەڵ هاوڕێیانی لە مەیدانی تێکۆشان ماندوو نەناسانە بەردەوامە.

 هاوڕێی نووسەرو ڕۆژنامەنووس شەماڵ عادل سەلیم لە بارەی کاروانی خەباتی مامۆستا سائیرە بۆی نووسیوم و دەفەرموێ:"مامۆستا سائیرە لە گوندی (ئالانە)ی ناحیەی خەلیفان پێش ڕاپەڕینی 1991 وەک مامۆستا دامەزراوە(لە بەشی یەکەم ڕوونمانکردۆتەوە کە مامۆستا سائیرە لە ساڵی 1980 بۆ یەکەمجار وەکو مامۆستا لە ئالانە دامەزراوەو 7 ساڵ لەم گوندە مامۆستا بووە م.ح) سەرەڕای خزمەتکردن و پێگەیاندنی قوتابیان، بەردەوام کاری ڕێکخستنی کردووە نامەو ئەدەبیاتی حزبی گەیاندۆتە هەولێر. هەروەها خێزانی پێشمەرگەکانی گەیاندۆتە ناوچە ئازادکراوەکان . چەندین گەنجی (عنکاوا) لە ڕێگای مامۆستا سائیرە پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردووە.

 مامۆستا سائیرە چەندین کاری نهێنی حزبی ئەنجامداوە، بە تایبەتی ئەو کاتانەی کە بە سەردان دەگەڕایەوە بۆ عنکاوا. بە هۆی هاتوچۆی بەردەوامی لە بازگەکان ڕایان نەدەگرت و دەیانزانی مامۆستایە و دەچێتەوە ماڵەوە. هەر بۆیە مامۆستا سائیرە ئەو هەلەی قۆستەوە بۆ گواستنەوەی ئەدەبیات و نامەو بەریدی حزبی و دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی " .

  ٭ مامۆستا سائیرەو (کۆمەڵەی خێرخوازی شەهید کارزان):

 کۆمەڵەی خێرخوازی شەهید کارزان لە 17-2-1992 لە عنکاوا لە لایەن کۆمەڵێک تێکۆشەری شیوعی و پێشکەوتنخواز دامەزراوەو هاوڕێ مامۆستا سائیرە ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە دامەزراندنیدا. ئەم کۆمەڵەیە، کۆمەڵەیەکی خێرخوازی سەربەخۆی بێلایەن بوو، تێدەکۆشا بۆ یارمەتی دانی هەژارو لێقەوماوان. تاکو ساڵی 1998 ژمارەیەکی زۆر چالاکی خێرخوازی وڕۆشنبیری ئەنجامداوە.ئەو خانوەی ماڵی شەهید کارزان و مامۆستا سائیرەی  تیا نیشتەجێ بوو لە دوای ڕاپەڕینی 1991، کرایە بارەگای کۆمەڵەکە.

 ٭ سەفەر کردنی مامۆستا سائیرە بەرەو ئەڵمانیا: لەم بارەیەوە مامۆستا سائیرە بۆی نووسیوم و دەڵێ:" لە ساڵی 2000 داوای مافی پەناهەندەییم  لە وڵاتی ئەڵمانیا کرد،تاکو ماوەی حەوت ساڵ هیچ جۆرە لجوئێکم پێنەدرا. لە ئەڵمانیا لە زۆر بواری جۆر بە جۆردا خۆبەخشانە کارم دەکرد،زمانی ئەڵمانیم خوێند،لە گەڵ خوێندکارانی بیانی لە ڕێکخراوی (B .C .F )ی ئەڵمانی کارم کرد،هەروەها لەگەڵ  قوتابییە پەککەوتەکان کارم دەکردو یارمەتیم دەدان.لە هەمان خوێندنگە لە شاری ماربورک  زمانی عەرەبیشم خوێند، ئەم خوێندنگەیە تایبەت بوو بە خوێندکارانی عەرەب. هەروەها لەگەڵ ڕێکخراوی (F i b) ئەڵمانی کارم کرد بۆیارمەتیدانی قوتابیانی کەم ئەندام.ڕۆژانە  8 تاکو10 سعات ماندونەناسانە کارم دەکرد، تاکو ئیقامەی کارکردنم پێدرا. دوایی بۆ ماوەی چەندین ساڵی دی لەسەر کارکردن بەردەوام بووم تاکو ڕەگەزنامەی ئەڵمانیم وەرگرت.دوای 20 ساڵ مانەوە لە ئەڵمانیا گەڕامەوە بۆ عنکاوا" .

 ٭ لێدوانی دوو لە هاوڕێیانی دەربارەی (م. ساهیرە):

 هاوڕێ نەرمین نەجمەدین مامۆ نووسیویەتی و دەڵێ:" جێگای شانازیە هاوڕێی بەڕێزم مامۆستا سائیرە،ئەو ئافرەتە تێکۆشەرە مێژووی ژیانی پڕە لە خۆڕاگری و خەبات و شانازی،تا ئێستاش کەسێکە لە کەسە پاک و جوانەکان". 

 شاعیرو نووسەری  بەڕێز سەلما تۆما کاکۆ، لە بارەی هاوڕێ سائیرە لە کۆمێنتێکیدا نووسیویەتی  دەڵێ:" .. مامۆستا سائیرەی بەڕێز بە خەبات و خۆڕاگرییەکەی ناوێکی ناسراوە لە لای هەموو خەڵکی شەقڵاوەو عنکاوا و هەموو ئەو کەسانەی لە نزیکەوە دۆستایەتی خێزانەکەیان کردووە.لە بنەماڵەیەکی بەڕێزو شۆڕشگێڕو قوربانیدەرەو خێزانی پێشمەرگەیەکی ئازاو بوێری بە ناهەق شەهیدکراوە".

 ٭ باری کۆمەڵایەتی:

 هەر بە هۆی کارکردنی مامۆستا ساهیرە لە ناو ڕێکخستنەکانی حزبی شیوعی عێراق و ئازایەتی و دڵسۆزی،کادیری دیاری حزبی شیوعی (دیدار بیا سڵێوە) ناسراو بە (ملازم کارزان) کوڕی شەهیدی شیوعی بیا سڵێوە شەقڵاوەیی، پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ دەبەستێت و دواتر لە ڕێکەوتی 24-6-1990 هاوسەرگیری دەکەن و ژیانی خێزانی پێکدێنن.

 لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991 ملازم کارزانی پێشمەرگەی دلێر،  ڕۆڵی کارای بینی لە ڕزگارکردنی شارۆچکەی عنکاواو وەکو کادیرێکی سیاسی و عەسکەری ناسراو لە تەک هاوڕێیانیدا ڕۆڵی کارای دەبینی..

زۆر بەداخەوە لە ڕێکەوتی 22-12-1991 دەستێکی نامەرد،  لەوکاتەی ملازم کارزان لە عنکاوە لە پرسەیەک دەردەچوو،لە پشتەوە دەستڕێژی گوللەی لێکردو بە غەدرو ناحەق شەهیدی کرد.

 لە نەوەتەکان پەیکەرێک بۆ شەهید کارزان لە عنکاوا دانرا، بەڵام بەداخەوە لە دوای ساڵی 1996 لە لایەن دەسەڵات پەیکەری شەهید لادراو هەڵگیرا!!

 مامۆستا سائیرە بۆ زیندوڕاگرتنی ناوو یادەوەری شەهید کارزان، لە ساڵی 1992 لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاک وانان کۆمەڵەی خێرخوازی شەهید کارزانی دامەزراندو لە ماوەی 6 ساڵدا ئەم کۆمەڵەیەزۆر کارو چالاکی خێرخوازی و ڕۆشنبیری ئەنجامداوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا