
کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان
تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی کە ئەمڕۆ بە فەخرەوە خەڵاتی ئەمەکداری وەردەگرن، پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی، میوانە ئازیز و خۆشەویستەکان...
ئەم کاتەتان باش و سڵاوی وەفا و ئەمەکداریتان لێبێت. سوپاسی بێپایان بۆ ئامادەبوونی یەک بە یەکتان لەم مەراسیمە شکۆدار و پڕ لە خەم و شکۆیەدا کە لێرە لە گەرمیانی پڕ لە ناسۆر و قوربانی بەڕێوەدەچێت. دەستخۆشی و پێزانینی زۆرم بۆ هاوڕێیانی مەڵبەند هەیە کە بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە ئەرکی ڕێکخستنی ئەم یادەیان کێشا. یادی ڕۆژی شەهیدی شیوعی، کە ڕۆژی هەڵگیرسانەوەی مەشخەڵی تێکۆشانە لە تاریکترین کاتەکانی مێژوودا.
ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم یادەوەریەکی پڕ لە جەرگبڕی نیشتمانیدا ڕاوەستاوین. ٧٧ ساڵ پێش ئێستا، لە ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٤٩دا، ڕژێمی پاشایەتیی ئەو کاتی عێراق، لەژێر پەردەی بڕیارێکی عورفی و نهێنی و نامرۆڤانەدا، پەتی سێدارەی بۆ گەورەترین و درەوشاوەترین سەرکردەکانی مێژووی سیاسیی ئەم وڵاتە هەڵخست. هاوڕێی سەرکردە و دامەزرێنەری حزبی شیوعیی عێراق، یوسف سەلمان یوسف (فەهد)، و هاوڕێیانی هاوسەنگەری، زەکی بەسیم (حازم) و حسێن شەبیبی (سارم)، کرانە قوربانیی پیلانێکی گڵاوی ئیستعمار و پاشایەتی. ئەو دادگایییکردن و جێبەجێکردنە کە لە دۆخێکی گوماناوی و لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی باڵوێزی بەریتانیادا ئەنجامدرا، پەڵەیەکی ڕەشی هەمیشەیی بوو بە نێوچاوانی ڕژێمێکەوە کە دەترسا لە فیکری ئازادی و دادپەروەری.
ئەو ساتەی کە پەتەکە لە گەردنی ئەو تێکۆشەرانە دەئاڵا، نەک هەر نەلەرزین، بەڵکو مێژوویەکی نوێیان لە خۆڕاگری نووسییەوە. هاوڕێ فەهد لەبەردەم سێدارەدا بە دەنگێکی بەرز کە تا ئێستاش لە گوێی مێژوودا دەزرینگێتەوە، فەرمووی: "شیوعییەت لە مردن بەهێزترە و لە داری سێدارە بڵندترە؛ ئێمە فیکر و جەستەین، ئەگەر جەستەمان لەناو ببەن، ئەوا باوەڕەکەمانتان پێ لەناو نابرێت." هاوڕێ سارم بە شانازییەوە ڕایگەیاند کە شکۆمەندییە بۆ ئەو لەو شوێنەدا گیان ببەخشێت کە ڕاپەڕینی "وەسبە"ی تێدا خوڵقا. هاوڕێ حازمیش جەختی کردەوە کە ئەگەر هەزار جار بگەڕێتەوە بۆ ژیان، هەر ڕێبازی سووری تێکۆشان هەڵدەبژێرێتەوە.
ئەم تاوانە گەورەیە گەرچی برینێکی قووڵ بوو لە جەستەی حزب و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیدا، بەڵام نەیتوانی کاروانی سووری شەهیدان ڕابگرێت. شیوعییەکان لە عێراق و کوردستان، بە ورەیەکی پۆڵایینەوە درێژەیان بە تێکۆشان دا لە دژی ڕژێمە دیکتاتۆر و فاشیستەکان. ڕۆڵەکانی حزبمان لە زیندانە تاریکەکان، لە پێدەشتەکان و لە چیا سەرکەشەکانی کوردستاندا، بە ڕابەرایەتی سەرکردە نەمرەکانی وەک سەلام عادل و جەمال حەیدەری و هەزاران ڕۆڵەی دیکە، خوێنی خۆیان کردە هەوێنی ژیان بۆ ئەم خاکە. ئامانجی ڕژێمی کۆنەپەرست چاوترساندن و کپکردنی دەنگی ئازادی بوو، بەڵام خەیاڵیان خاو بوو؛ چونکە خوێنی شەهیدان تەنها ئاگری شۆڕشی گەرمتر کرد و فیکری سۆشیالیزم و پێشکەوتنخوازیی کردە ئامانجی لەنەبراوی هەژاران و زەحمەتکێشان.
خوشک و برایان
١٤ی شوباتی بۆ ئێستا و داهاتووی ئێمە، تەنها یادەوەریەکی مێژوویی ڕووکەش نییە، بەڵکو ڕەمزی یەکێتی و تێکەڵبوونی خوێنی سەرجەم پێکهاتەکانی ئەم نیشتمانەیە. لە ڕیزەکانی حزبی شیوعیدا، خوێنی کورد و عەرەب و کلدان و ئاشوور و سریان و تورکمان و سابیئەی مەندائی تێکەڵ بووە. ئەمە گەورەترین وانەیە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەی کە خەباتی نیشتمانی و چینایەتی دوانەیەکی لێکدانەبڕاون.
دروشمی "نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار" تەنها وشە نییە، بەڵکو ستراتیژیەتێکە کە ئێمە وەک ڕۆژی تەحەداکردنی مردن و وەستانەوە بەڕووی ستەمکاریدا دەیناسێنین.
ئەمڕۆ کە یادی ٧٧ ساڵەی ئەو کارەساتە دەکەینەوە، عێراق و کوردستان لە ناو جەرگەی قەیرانێکی سەخت و سیاسیی قووڵدایە. لایەنە سیاسییەکانی دەسەڵات، لەژێر ناوی حکومڕانیدا، نیشتمانیان بەرەو شپرزەیی و داڕمان بردووە. ئەوان تەنها خەریکی پاراستنی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیانن، قۆرخکردنی بازاڕ و کۆکردنەوەی سەروەت و سامانی ناشەرعین، لە کاتێکدا کۆمەڵگایان پەراوێز خستووە. ململانێی ئەوان لەسەر پۆست و دەسەڵات، ژیان و گوزەرانی خەڵکی خستووەتە بەردەم مەترسییەکی گەورە. ئیدارەدانی وڵات لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی حزبی و بنەماڵەییە، ئەمەش دەرگای بۆ دەستێوەردانی دەرەکی واڵا کردووە تا وڵات بکەنە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکانی خۆیان.
هەرێمی کوردستان لە ئێستادا نوقمی دەریایەک لە قەیرانی ئابووری و سیاسییە. گەندەڵی تەواوی جومگەکانی ژیانی گرتووەتەوە و حکومەت لە چارەسەرکردنی سەرەتاییترین مافی هاووڵاتییان، کە مووچە و بژیوییە شکستی هێناوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە داهاتی ناوخۆ و نرخی نەوت ڕوو لە هەڵکشاون، بەڵام بەهۆی سیاسەتی شکستخواردووی نیولیبرالیزم و ئابووری بازاڕ و بەتایبەتکردنی سێکتەرەکان، تەنها هەژاران و زەحمەتکێشان باجەکەی دەدەن.
هاوڕێیان و کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان
کۆنگرەی هەشتەمی حزبمان بە وردی لەسەر ئەم واقیعە وەستاوە و جەختی کردووەتەوە کە دەبێ لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکیکردن بین لە جەماوەر. سەرکردایەتی نوێی حزب، بە هاوکاری کادیر و ئەندامان و بە پشت بەستن بە چینی کرێکار و زەحمەتکێشان، پەیمانی داوە کە ئەم ئەمانەتە بپارێزێت و بۆ ئەمەش دژی هەموو ئەو هەوڵانە وەستاوینەتەوە کە دەیانەوێت ڕواڵەت بخەنە پێش ناوەڕۆک.
بۆیە ئێمە بە بوێرییەوە بەرەوڕووی کێشەکان بووینەتەوە و گەشەمان بە ستراتیژی نوێ داوە. تێکەڵبوونمان بە خەڵک و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم، بریسکەی زیندوێتی بۆ حزب گێڕاوەتەوە. بەڵام هێشتا ڕاشکاوانە دەڵێین هێشتا گرفتی زۆرمان لەبەردەمە و پێویستمان بە هەوڵی زیاترە. دەبێ ئەوەش بڵێین بەهێزبوونی حزبی شیوعی، بە واتای بەهێزبوونی سەنگەری گەل دێت. ئێمە خاوەنی ئەزموونی خەباتی شار و شاخین و متمانەیەکی زۆرمان بەخۆمان و بە ڕێبازەکەمان هەیە. حزبمان، حزبی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانە و دژی هەر جۆرە جیاکارییەک دەوەستینەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بڕوای تەواومان بە دیموکراسیەت و ئازادی ڕادەربڕین و کۆمەڵگای مەدەنی هەیە و بەردەوام لەگەڵ جەماوەری گەلەکەمانین لە پێناو دەستەبەرکردنی ماف و داخوازیە ڕەواکانیان. هاوکاتی ئەو تێگەیشتنە یەکسانی ڕەگەزی و پاراستنی کەرامەتی ئافرەتان بەشێکی دانەبڕاوە لە خەباتی سیاسیی مان و دژی هەر جۆرە چەوساندنەوەیەکین کە مرۆڤ باجەکەی بدات. هاوکات دژی هەر داگیرکاری و سیاسەتێکی شەڕەنگێزیی تائیفی و نەتەوەی و چینایەتی دەوەستینەوە و ڕای دەگەیەنین کە بەرژەوەندیی هێزە گەورەکان تەنها لە خزمەت خۆیاندایە و خەڵک نابێ ببێتە قوربانیی یارییەکانی ئەوان.
لەکۆتاییدا، سەری ڕێز و وەفا بۆ شەهیدانی نەمر و تەواوی قوربانیانی ڕێگای ئازادی و سەرفەرازیی کوردستان نەوی دەکەین. پەیمان دەدەین کە تا هێنانەدیی نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار، پشوو نەدەین.
نەمری بۆ شەهیدان و سەرکەوتن بۆ ڕێبازی سووری شیوعییەت.
سوپاس بۆ ئامادەبوونی هەموو لایەک.