سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند بەپێی رێكەوتنەكانمان لەگەڵ حەماس تەواوی بارمتەكان ئازاد دەكرێن و لە نزیكترین كاتدا دەچنەوە ماڵەكانیان.
بنیامین نەتهنیاهۆ ئهمڕۆ پێنجشهممه له بهیاننامهیهكدا باسی لهوهكردوه، "ئەمڕۆ ڕۆژێکی گەورەیە بۆ ئیسرائیل، ئەمڕۆ کۆبونەوەی کابینەی حکومەت بانگهێشت دەکەم بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە و گەڕاندنەوەی هەمو بارمتە خۆشەویستەکانمان بۆ ماڵەوە".
نەتهنیاهۆ سوپاسی "سەربازانی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل و هەمو ئەو هێزە ئەمنییانەی کرد کە بوێری و قوربانیدانیان تا ئەمڕۆمان گەیاندوە، لە دڵەوە سوپاسی سەرۆک ترهمپ و تیمەکەی دەکەم کە ئەوانیان کۆکردەوە بۆ ئەم ئەرکە پیرۆزە بۆ ئازادکردنی بارمتەکانمان".
جەختیشی کردەوە، "پێکەوە بەردەوام دەبین بۆ گەیشتن بە هەمو ئامانجەکانمان و فراوانکردنی ئاشتی لەگەڵ دراوسێکانمان، بە پەسەندکردنی قۆناغی یەکەمی پلانەکە، هەمو بارمتەکانمان دەگەڕێندرێنەوە ماڵەوە، ئەمە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی و سەرکەوتنێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل".
نەتهنیاهۆ هەروەها جەختی لەوەکردەوە کە "بەهۆی ئیرادەی پتەو و کردەوە سەربازییە بەهێزەکە و هەوڵە گەورەکانی دۆست و هاوپەیمانی گەورەمان سەرۆک ترهمپ، گەیشتوینەتە ئەم خاڵە وەرچەرخانە گرنگە"، ههروهها سوپاسی ترەمپی کرد "بۆ سەرکردایەتییەکەی و هاوبەشییەکەی و پابەندبونی بێوچانی بە سەلامەتی ئیسرائیل و ئازادی بارمتەکانمان".
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتوە، "نەتهنیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایییان ئاڵوگۆڕکرد، بەبۆنەی تەواوبونی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان".
بەگوێرەی بەیاننامەکە، بنیامین نەتهنیاهۆ "بانگهێشتی ترەمپی کردوە بۆ پێشکەشکردنی وتارێک لەبەردەم کنێستی ئیسرائیل".
قەتەر کە نێوەندگیری نێوان ئیسرائیل و حەماسە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی دو ساڵەی کەرتی غەززە، دوپاتیکردەوە کە هەردولا لەسەر هەمو بڕگەکانی قۆناغی یەکەمی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ناوچەی فەڵەستین ڕێککەوتون.
مەجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، "نێوەندگرەکان ڕایدەگەیەنن کە ئەمشەو لەسەر هەمو مەرج و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە ڕێککەوتون، کە دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنی شەڕ و ئازادکردنی دەستگیرکراوانی ئیسرائیلی و دیلەکانی فەڵەستینی، و هاتنە ناوەوەی هاوکارییەکان دواتر ڕادەگەیەنرێت".
لای خۆیەوە حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، "رێکەوتنێک کراوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی سەر غەززە، کشانەوەی داگیرکەر لێی و هاتنە ناوەوەی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی دیل".
لە بەیاننامەکەدا داوای لە "سەرۆک ترەمپ و دەوڵەتانی گەرەنتیکەری ڕێککەوتنەکە و لایەنە جیاوازەکانی عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی کردوە کە حکومەتی داگیرکەر ناچار بکەن بە تەواوی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات و ڕێگەی پێنەدات خۆی لە جێبەجێکردنی ئەو شتانە بپارێزێت یان دوابخات کە لەسەری ڕێککەوتون".