
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە ڕێگە نەدەن ئەمریکا خاک، بنکە و توانا سەربازییەکانیان بۆ پلاندانان و ئەنجامدانی هێرش دژی ئێران بەکاربهێنێت.
تاران ڕایگەیاندووە کە هێزە چەکدارەکانیان لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکادا، سیستەمەکانی پاتریۆت و سەکۆکانی هەڵدانی درۆن و مووشەکی ئەو وڵاتەیان لە دوو بنکەی ناوچەکەدا کردووەتە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەم هەنگاوانەی بە «بەرگریی ڕەوا» ناوبردووە و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی هەڵبستێت.
لە بەرامبەردا، کوەیت هێرشکردنە سەر بنکەی «عەلی سالم»ی بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکەکەی وەسف کردووە، و بەحرەینیش ڕایگەیاندووە کە بەرپەرچی چەند هێرشێکی ئاسمانییان داوەتەوە.
تاران هۆشداریشی داوە کە هەر هەنگاوێکی دوژمنکارانەی نوێ دژی وڵاتەکەی، رووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەبێتەوە.
