هاوڕێ كرێكار – رێگای كوردستان

لەپێناو دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەك بۆ دەربازبوون لەم دۆخە ناهەموار و قەیراناوییەی هەرێمی كوردستان، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێك بەسەرۆكایەتی هاوڕێ ئەبو كاروان، سكرتێری كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی كوردستان، سەردانی شاری سلێمانی كرد و دیداری لەگەڵ ڕەوتی هەڵویست و بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجامدا و بەجیا پێشوازی لە حزبی كۆمۆنسیتی كرێكاری كرد. 

هۆگر چەتۆ، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان، لەسەر ئەم هەوڵەی حزب، بۆ ڕیگای كوردستان وتی: حزبی شیوعیی كوردستان لەچوارچێوەی پلان و بەرنامەی خۆی وەك ستراتێژیەتی كاركردنی، كە داكۆكیكردنە لە ژیان و گوزەرانی خەڵك و بارودۆخی هەرێمی كوردستان، كە وەكو ئاشكرایە هەرێم لەڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە بەقەیرانێكی  سیاسی قووڵ تێپەڕدەبێت، بەشێوەیەك كە تا ئێستا حكومەت و دەزگاكان شەرعیەتیان وەرنەگرتووە و وەك كاربەڕێكەر كاردەكەن. لەلایەكی دیكەوە كێشە و گرفتەكانمان لەگەڵ بەغدا درێژەیان هەیە و نەمانتوانیوە چارەسەریان بكەین و بگەینە ڕێككەوتنی كۆنكرێتی بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان، كێشەی مووچەخۆران بۆ دەساڵە بەردەوامە و كێشە لەدابەشكردنی هەیە و دەست بۆ لێبڕین دەبرێت، یان دوادەكەوێت یان مووچە نادرێت. 

هەروەها وتیشی: بۆیە لەم پێناوەدا، حزبی شیوعیی كوردستان لەدەرگای هەموو لایەنە سیاسییەكان و كارەكتەر و ڕێكخراوەكان و ناوەندی ئەكادیمی و زانكۆكان دەدات و گفتوگۆ دەكات بەئامانجی گەیشتن بەبارودۆخێكی باشتر لە هەرێمی كوردستاندا، بەو بڕوایەی كە هەرێمی كوردستان موڵكی هەموو كوردستانییانە و هەمووان بەرپرسن لەو باردودۆخەی كە هەیە، بۆیە هەوڵدەدەن بەشی ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرن و پشكی گەورەی بەرپرسیارتییەكە بەر پارتی و یەكێتی دەكەوێت و هەر بارودودۆخیك بێتەپێش، دوورنییە زیانی گەورە بەر هەمووان بكەوێت.

لەكۆتایی قسەكانیدا دووپاتیكردەوە كە حزبی شیوعیی كوردستان لەو چالاكییانەیدا بەردەوامدەبێت، كە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئەنجامیدەدات و پێشمانوایە ئەمە پرسێكی كۆمەڵگەییە و پێویستە بەردەوامیی هەبێت.

لەسەر هەمان پرس، عوسمان زیندانی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی كوردستان، كە ئەندامی ئەو شاندەی حزب بوو بە ڕێگای كوردستانی وت: لەدوایین كۆنگرەی حزبی شیوعیدا، لەڕوانگەی ئەو سیاسەتانەی لەگۆنگرە پەسەندكراون، شوناس و دۆخی هەرێمی كوردستانمان  بەقەیرانێكی گشتگیر ناوبرد، بەتایبەت قەیرانی حكومڕانی لەسیاسەتی ئابووریدا و چارەسەرنەكردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا و ناكۆكییەكانی نێوان حزبەكانی حكومڕانی هەرێم، كاریگەرییان لەسەر ژیان و بژێوی و گوزەرانی كاسبكار و مووچەخۆران دروستكردووە و خەڵك لەدۆخێكیی ناهەمواردایە.

لەدرێژەی قسەكانیشیدا وتی: لەهەمان كاتدا گەورەترین دامەزراوەی یاسادانان پەكخراوە لەسەر ناكۆكی و ململانێی حزبی و  بەرژەوەندیی تەسك، بۆیە بڕوای ئێمە وایە هەوڵێكی سیاسی بەرفراوان بدرێت لەسەر ئاستی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت ئەو لایەنانەشی كە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن رانەگەیاندووە، بەڵام لەدەرەوەی دەسەڵاتن و بیروبۆچوونی پێشكەوتنخوازیی باشیان هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەم دۆخە قەیراناوییە ڕزگاری بێت.

زیندانی لەدرێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەشدا، حزبی شیوعیی كوردستان حزبی هەڵویستە مێژووییەكانە، لەكاتی شەڕی ناوخۆدا لیژنەی گیانی هاوكاری و برایەتی دروستكرد، دەستپێشخەر بوو بۆ دروستكردنی بەرەی كوردستانی، تەنانەت بۆ هەڵبژاردن لە ناوچە جێناكۆكەكاندا داوامانكرد هەڵویستی كوردستانیبوون یەكبخەین، بۆیە ئێستاش هەوڵەكانمان یەكخستووە و سەرجەم لایەنەكانمان بینیوە بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە وتاریكی سیاسی هاوبەش بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە قەیراناوییە، لەماوەی ڕابردووشدا لەشاری هەولێر سەرجەم حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن و دەرەوەی دەسەڵاتمان بینیوە و یاداشتی ناڕەزاییمان  پێشكەش بە دەسەڵات كردووە.

ئەندامەكەی كۆمیتەی ناوەندی ڕوونیكردەوە، كە پێویستە هەموو حزبەكان چەترێك هەڵبدەین لەپێناو چارەسەری ئەم دۆخە، رێگە لەوە بگیرێت كە  ڕۆژنامەنووسێك قسەبكات دەستگیربكرێت و حزبێكی سیاسی هەڵویست بنۆێنێت تەقە لەبارەگاكەی بكرێت و مامۆستایان و فەرمانبەران بیانەوێ ناڕەزایەتی دەبڕن دەستگیربكرین. ئەم دۆخەی لە هەرێمی كوردستان هەیە نابێت بەردەوامی هەبێت، بۆیە ئێمە هەنگاوەكانمان چڕتركردووەتەوە و هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان دەكەین.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا