
مێژووی سەربەرزانەی نەتەوەکەمان پڕە لە داستان و فیداکاریی ئەو قارەمانانەی تەمەن و خوێنی خۆیان بەخشییە خاک، تا گەلەکەیان بە سەربەستی بژی. شەهیدی فەرماندە خدر حوسێن حەمەد مەلاک، ناسراو بە (شەهید خدر حوسێن ڕواندزی)، یەکێک لەو ڕەمزە گەورە و درەوشاوانەی خەباتی چەکداری و سیاسیی ناوچەکەیە. کەسایەتییەک کە قەڵەم و تفەنگی لە یەک سەنگەردا کۆکردبووەوە، ناو و یادگارییەکانی تا هەتاهەتایە لە دڵی خەڵک و مێژووی ڕواندز و کوردستاندا زیندوو دەمێننەوە.
کورتەیەک لە ژیاننامە:
شەهیدی فەرماندە خدر حوسێن ئەحمەد مەلاک ڕواندزی، ناسراو بە (شەهید خدر حوسێن ڕواندزی)، یەکێکە لە فەرماندە و تێکۆشەرە دیارەکانی خەباتی سیاسی و سەربازی لە ناوچەی سۆران، ڕواندز و بالەکایەتی. لە تەمەنێکی لاوییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی پێشمەرگایەتییەوە کردووە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و ڕێکخستنە سیاسییەکاندا گێڕاوە.
١. لەدایکبوون و پەروەردەبوون:
شەهید خدر حوسێن لە ١ی تەممووزی ١٩٤٠ لە شاری ڕواندز، لە خێزانێکی کوردپەروەر، کلتورپەروەر و خاکپارێز لەدایکبووە. لە منداڵییەوە ژیانی لەگەڵ ڕەنج و ماندووبووندا ئاوێتە بوو؛ لەگەڵ باوکی، حوسێن حەمەد مەلاک، پشتیان بە کاری فەلاحی و جووتیاری بەستبوو.
خوێندنی سەرەتایی تا پۆلی شەشەمی سەرەتایی لە قوتابخانەی شەوانە (مەسائی) لە ڕواندز تەواو کردووە. لە سەرەتای تەمەنییەوە ئاستێکی بەرزی خوێندنەوە و نووسینی هەبووە و بێجگە لە زمانی دایک، شارەزایی تەواوی لە زمانەکانی عەرەبی و فارسیدا هەبووە.
٢. خەباتی سیاسی، سەربازی و ڕۆڵی فەرماندەیی
لەسەرەتای تەمەنی لاوی لە ماوەی چوونی بۆ قوتابخانە ئاشنا دەبێت بە کاری حیزبی و تەنزیم داخیلی و دەچێتە ریزەکانی "حیزبی شیوعیی عێراق" بە نهێنی تاکوو حوکمەت پێیان ئەزانێت و ژیانی ئەکەوێتە مەترسی لەناو شار و ناچار خوێندن جێدەهێلێت و ئەچێتە رۆژهەلاتی کوردستان و ماوەیەکی کەم لەوێ ئەبێت. بەهۆی ئەشق و خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمان و دێتەوە ناو خاکی باشور و لە شاخ درێژە بە خەباتی سیاسی و سەربازی دەدات.
بەهۆی زیرەکی و لێهاتوویی لە کاری حزبی و سیاسیدا، پلەی (مستەشاری هەموو هێزەکان)ی لە تەواوی دەڤەری سۆران، ڕواندز و بالەکایەتی وەرگرتووە و لە ڕووی سەربازی پلەی معاون سەرلق وەردەگرێت و دەبێتە جێگری سەرلق (حەریف یونس قارەمانێکی تری داستانی هەندرێنە بە پلەی بالا و رێکخەری هێرش).
٣. بەشداری لە جەنگ و داستانە سەربازییەکان
شەهید خدر حوسێن فەرماندەیەکی بەهەیبەت، ئازا و نەبەرد بووە. لەو سەردەمەی ناوچەکە ڕووبەڕووی جینۆساید و شاڵاوەکانی بەعس ببووەوە، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بەزاندنی ترسی مەرگدا گێڕاوە. بەشداریی لە زۆربەی نەبەردی و جەنگەکانی سنورەکەدا کردووە، لەوانە:
* جەنگی سەری حەسەن بەگ
* جەنگی سپیلک
* جەنگی کۆڕەک
* داستانی هەندرێن
* جەنگی ڕەشمارۆک
٤. خەسڵەتە کەسایەتی و کۆمەڵایەتییەکان
شەهید خدر کەسایەتییەکی لوتف شیرین، سەنگین، ڕەوانبێژ و زمانپاراو بوو. لە کۆڕ، گفتوگۆ و کۆبوونەوەکاندا هەمیشە جلەوی ئاخاوتنی دەگرتە دەست.
* خەسڵەتە دیارەکانی: میهرەبان، گران و سەنگین، ئازا، دەستکراوە، بەغیرەت، فیداکار، ڕەوانبێژ، نەرمونیان و خۆشەویستی نێو خەڵک.
* پەیوەندی کۆمەڵایەتی: لە ناو دۆست و دوژمن، هاوڕێیان و خانەوادەکەی، و خەڵکی شاری ڕواندزدا ڕێزلێگیراو بوو. ڕێزی لە گەورە و بچووک دەگرت و میوان دۆست بوو. تەنانەت لە لایەن دوژمنەکانیشییەوە ڕێزی لێ دەگیرا.
فەلسەفەی کۆمەڵایەتی: :هەرکاتێ بیزانیایە کەسێک کینەی لە دلە بەرامبەری، ڕق، یان لێکتێنەگەیشتنێکی لەگەڵیدا هەیە، ڕاستەوخۆ دەچووە ماڵی ئەو کەسە، دەبووە میوانیان و شەوی لێ دەمایەوە. بە قسەی شیرین، لوتفی بەرز و هەڵسوکەوتی نەرمونیانی، تەواوی ڕق و کێنەکەی لە دڵی بەرامبەرەکەیدا دەسڕییەوە و دەیانکردە خۆشەویستی خۆی. دروشمی وەها بوو: «دوژمنی خۆم بە هەنگوین دەخنکێنم».
-هەروەها لەتەک هەمو تواناکانی هونەردۆست بوو دەنگێکی خۆشی هەبوو لەزۆر بۆنە حزبیەکان گۆرانی و سرودی ئەچڕی بەتایبەت لەگەل هونەرمەندان تەحسین تەها و قادر زیرەک بەهۆکاری هاوڕێیەتی و نزیکیش لێیان.
٥. هەڵوێست لەسەر هاوسەرگیری
شەهید خدر خێزانی پێکنەهێنابوو (سەلت بوو). لە ژیانیدا ئاشقی کچێکی شۆخ ببوو، بەڵام بەهۆی کۆسپ و هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانی ئەوکاتی کۆمەڵگەی کوردەواری نەگەیشتنە یەکتر.
کاتی پرسیاری هاوسەرگیری لێ دەکرا، بە هەڵوێستێکی نیشتمانییەوە دەیووت: «تا کوردستان ئازاد نەبێت ژن ناهێنم».
٦. شەهیدبوون و دوا وەسیەت
دەرەنجام چاڵاکی و هەولە بێکۆتاییەکانی دوژمن بە هەماهەنگی بەکرێ گیراوانیان توانیان ژەهر خواردووی بکەن بەڵام گەورەیی و خەمخۆری بۆ گەلەکەی و پاراستنی هاوڕێیانی لە پەرچە کردار دژی بکەرانی ئەوتاوانە ئامادە نەبوو ناوی ئەوکەس و شوێن و ماڵە بڕکێنێ) وەلامی ئەمە بوو: «ئەمن ڕۆیشتم، با لەپاش من دوژمنداری شین نەبێتەوە».
* شەهیدبوون: لە ١٦ی ئایاری ١٩٨٢ شەهید بوو.
بەهۆی ئەوەی کە حوکمەتی فاشیست بە زیندووی و مردووی ئەیویست بەپێی وەسیەتی خۆی، لە گوندی دەرگەڵە سپێردرا بە خاک .
ـــــــــ
تۆمارکردن و بەیانکردنی ئەم ژیاننامەیە لەلایەن برازای شەهیدەوە، وەک وەفاداری و سوپاسگوزارییەکە بۆ ڕوح، ناو و ناوبانگی بەرزی شەهیدی فەرماندە خدر حوسێن ڕواندزی.
ڕوحی شەهید خدر حوسێن و تەواوی شەهیدانی کوردستان شاد بێت.
