ئه‌نجامدانی: وه‌لید عومه‌ر

 
 

 

پرسیاری یه‌كه‌م: ئێوه‌چه‌ند جارێك له‌نووسینه‌كانتاندا ئاماژه‌تان به‌چه‌مكێك داوه ‌به‌ناوی "دینی دایكم". ئاخۆ ئه‌و چه‌مكه‌ ته‌واو گه‌ڵاڵه‌بووه‌ لاتان؟ گه‌ر به‌ڵێ، ئاخۆ ده‌توانن لێره‌دا به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و چه‌مكه ‌بخه‌نه‌ڕوو؟  


م.و:  چەمکی «دینی دایکم» مێژوویەکی درێژی لای من هەیە، لە راستیدا نازانم کەی یەکەمین جار بەکارمهێناوە، بەڵام ڕەنگە بگەرێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی دوو هەزار. من لە چاپی یەکەمی کتێبی «بەهەشتی ئیجباریی»دا باسم لە فۆرمە جیاوازەکانی دینداریی لە دونیای ئێمەدا کرد. «دینی دایکم» یەکێکە لەو فۆرمانەی بە بۆچونی من لە ژێر فشارێکی گەورەدایە لەلایەن ئەو فۆرمانەی تری دیندارییەوە کە هێدی هێدی لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا لەدایکدەبن. لە پێش هەمووانیشەوە لە ژێر فشاری بەسەلەفیبوون و بە سیاسییبوونی دینداریدایە. بەڵام خۆشحاڵانە تا ئەمڕۆش بەشێکی گرنگ و سەرەکیی دیندارییە لە کۆمەڵگای ئێمەدا.
بەڵام ئەم چەمکە چ مانایەکی هەیە؟  بەشێوەیەکی گشتیی لە کتێبی «بەهەشتی ئیجباری»دا دوو فۆرم لە دینداریی لەیەکتری جیادەکەمەوە. یەکەمیان، ئەو فۆرمانەی دیندارییە کە ترسناک و فشارهێن و هەڕەشە ئامێزن و تا ئاستی تەکفیکردن دەڕۆن. دووهەمیان ئەو فۆرمانەی دینداریین کە هێمن و پەلامارنەدەر و هاریکار و مرۆڤدۆستن. شێوازە هێمن و پەلامارنەدەر و هاریکار و مرۆڤدۆستانەکەی دینداری لە کتێبی «بەهەشتی ئیجباری»دا ناوی  «دینی دایکم»، یان «دینداریی دایکم»ی، لێنراوە. ئەمەش دابەشکردنێکی مەنهەجی شێوازەکانی دینداریی و بکەرە دینییەکانی پشتی ئەو دابەشکردنەیە، نەک موجامەلەکردنی «حەشامەت» و مساوەمەکردنە لەگەڵ دین و دینداریدا، وەک هەندێک کتێبەکەیان پێ تاوانبارکرد.

کەسێک ورد بڕوانێت دەزانێت بۆی دەردەکەوێت دەستەواژەی «دینی دایکم» لە  لە نووسینەکانی مندا بووە بە چەمک، چەمکێکی تیوریی و سۆسیۆلۆژی و بە بەشێک لەو دەزگە چەمکییەی لە خوێندنەوە و شیکردنەوەکانمدا بۆ دیاردە دینییەکانی ناو دونیای خۆمان، بەکاریدەهێنم. 
چەمکی «دینی دایکم» هێما بۆ ئەو جۆرە لە تێگەیشتن  لە دین و لە هەڵسوکەتیی دینیی دەکات. کە کەسی دیندار دەگۆڕێت بۆ مرۆڤێکی ئیشکەر و دڵپاک، لێبوردە و ڕاستگۆ، خەمخۆر و دڵسۆز، هاریکار و بەڕەحم. لە ڕووی کردەییشەوە بەکارهێنان و پاراستنی ئەو تێگەیشتنە بۆ دین لەناو ژیانی ڕۆژانەدا.  بەم مانایە، دینی دایکم، بەر لە هەمووشتێک  کەرەستەی خودسازیی مرۆڤی ئیماندارە بۆ خۆی وەک «کەسێکی باش و چاکەکار»، لەم خودسازییەدا کەسی ئیماندار خۆی وەک کەسێک دادەهێنێت کە جیهان و مرۆڤ و ژیانی، خۆشبووێت. بێگومان لەو ژینگەیەدا کە ئەو سێ چەمکە لەناویدا نیشتەجێن. 
ئەم خۆشەیستییە بۆ جیهان و مرۆڤ و ژیان لە ڕێگای خۆشەویستییەوە بۆ خودا دروستدەبێت. خودایەک کە لەم فۆرمە لە دیندارییدا، هاوکار و هاریکاری هەر کەسێکە ڕووی تێبکات، لەهەر کەسێکیش وەک تاکەکەس دەپرسێتەوە و وەک تاکەکەس داوەریدەکات. 
لەسەرێکی دیکەوە، «دینی دایکم» ئەو جۆرە تایبەتەیە لە دینداریی کە توانایەکی گەورەی لێبوردنی تێدایە، پەلاماری هیچ جۆرە فۆرمێکی تری دینداریی نادات لەخۆی نەچێت، توانای بینین و نرخاندنی بەها ڕۆحییەکان و بیروباوەڕ و پراکتیکە دینییە جیاوازەکانی تری هەیە، بەوانەشەوە کە تەواو جیاوازن لە باوەڕ و بەهاکانی خۆی. «دینی دایکم» بڕیاری بە مولحید و زەندیقکردنی و جەهەنەمیبوون و بەهەشتیبوونی هیچ کەسێکیش نادات لە خۆی نەچێت. ئەم شتانە تەنها بە کاری خودا خۆی دەزانێت. زمانە دینییەکەیشی خاڵییە لە جنێو و ئیهانەکردنی کەسانی تر. لە ڕاستیدا ئەم جۆرە لە دینداریی نەک هۆشیاریەکی شێواو و دواکەوتو نییە، نەک هیچ زیانێکی بۆ ژیانی کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی و سیاسیی نییە، نەک دیاردەیەکی خورافیی و بێکەڵک نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە، کۆڵەکەیەکی بەهێزی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی هێمن و ڕێزبەخش و ژیانێکی گشتی کراوە و تەندروستە.  

ئەم جۆرە لە دینداریی هێما بۆ ئەو جۆرە لە ئیمان دەکات کە مرۆڤێکی ڕاستگۆ و دەستپاک و خەمخۆر و دڵسۆز دروستدەکات، پەیوەندییەکی کراوە و گەرم و گوڕ و هاریکارخواز، بەو ژینگەیەوە کە کەسە ئیماندارەکە کە لەناویدا دەژی گەشەپێئەدات. پەیوەندیی هاوسێیەتی و هاوشاریی و هاونیشتیمانیی و هاوخەمیی و هاوچارەنووسیی دروست و پەرەپێئەدات. 

لە ئاستی شەخسی و تاکەکەسیدا چەمکی «دینی دایکم» سەرچاوەی بەخشینی جۆرێکیشە لە دڵنایی و هێز و باوەڕبوون، بە بوونی پەناگا و هاورێ و دۆستێکی میتافیزیکی گەورە،  لە ساتە سەخت و قەیرانەوییە تایبەتەکانی ژیاندا پەنا بۆ خودا دەبات، کۆمەکێکی ناوەکیی تایبەت بە ئیمانداران دەکات و وزە و گوژم و تینێکی دەروونیی تایبەتیان بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانە، پێدەبەخشێت.  

پرسیاری دووه‌م: "دینی دایكم"، ده‌توانرێت چی شتێكی كوردییانه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵبچنرێت؟ بۆ نمونه ‌ڕه‌هه‌نده‌ كوردییه‌كه‌ی ئیسلام؟


م.و: دینیی دایکم دینێکی ئەتنیی و مەزهەبیی نییە، بەڵکو دینێکی ئینسانییە، کۆمەڵێک پرنسیپ ئاراستەی دەکات دەشێت لە هەموو شوێن و جێ و کۆمەڵگایەکدا ئامادەبێت. ئەوەی دەکرێت لەسەر ئەم شێوازە لە دینداریی ئینسانیی لە دونیای ئێمەدا هەڵبچنرێت، ئومێدە بە جێگرتنەوەی ئەم دیندارییە ئینسناییە بۆ سەرجەمی ئەو شێوازە شەرانگێز و پەڕگیر و توندوتیژ و دابڕاوانە لە ڕێزگرتن و پاراستنی کەرامەتی ئینسانیی. ئەو فۆرمانە سڵ لەوە نەکەن لەناو مزگەوت و بەردەمی میکرۆفۆن و لاپەرەکانی سۆشیال میدیاوە، لەباتی خودا، بەهەشت و جەهەنەم بەسەر مرۆڤەکاندا دابەشبکەن. لەباتی خودا بڕیار لەسەر ئیماندارێتیان بدەن. بەناوی خوداوە توڕەببن و چی نەشیاوە بە کەسەکانی دەوروبەریان بکەن. ئەمە ئەو ئومێدەیە کە دەشێت لەسەر چەمکی «دینی دایکم» هەڵبچنرێت. 
«دینی دایکم» لەو خاڵەدا پەیوەندیی بە کورد و بە ئیسلامی کوردییەوە هەیە کە لەو باوەڕەوە دەستپێدەکات کە «کەس ناچێتە قەبری کەسەوە».  ئەم پەندە کوردییە، لە زۆر زوەوە، ئەو تێگەیشتنە «کوردییانە» بەرجەستەدەکات کە بە شێوەیەکی گشتیی بە دین، لەناو کۆمەڵگا و مێژووی ئێمەدا بەخشراوە. مامەڵەکردنی ئیمان وەک پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان کەسی ئیماندار و خوداکەیەدا. 
 ئاشکرایە لە پشتی ئەم پەندە کوردییەوە وێنەیەک بۆ پەیوەندیی نێوان ئیماندار و خوداکەی هەیە، کە تەواو شەخسیی و تاکەکەسییە. لەم تێگەیشتنەدا هەر ئیماندار و بێئیمانێکیش بەتەنها ڕووبەرووی خوداکەی خۆی دەبێتەوە. 
هاوکات خودا خۆیشی لەناو چەمکی «دینی دایکم»دا خودایەکی لێبوردە و بەسۆز و بەڕەحمە، هاورێیەکی میتافیزکیی و گەردوونی مرۆڤ. هەر ئەو لێبوردەیی و سۆز و ڕەحم و هاورێیەتییەش، لە خودی ئیماندارەکان بەرامبەر بە کەسانی دەوروبەریان، داوادەکات. 

«دینی دایکم» دینێکی هێمن و بێ قیرەقیڕ و نەڕاندن و تووڕەبوون و خۆنمایشکردنیشە. بۆ نموونە، دایکم کاتێک لەسەر بەرماڵەکەی دوای نوێژکردن دوعای دەکرد و لە خوداکەی دەپاڕایەوە، بە دە دەنگێکی نزم و بە تۆنێکی زۆر هێمن پارانەوە و دوعاکەی دەکرد. هیچ یەکێک لەوانەی دەوروبەری گوێیان لە ناوەرۆکی دوعاکانی نەبوو. پاڕانەوە و دوعاکان  پەیوەندیی نێوان خۆی و خوداکەی لەناو بێدەنگیی و هێمنییەکی تایبەتدا، بەرجەستەدەکرد. دایکم وێنەی خۆی لەکاتی پارانەوە و  دوعاکردندا نەدەگرت بۆئەوەی خۆی وەک ئیماندارێکی عەیار ٢٤ نیشانی دەورو دراوسێ و کەسانی تری بدات. شتێک ئەمڕۆکە بەشەکە لەو کردەی خۆنمایشکردنە بەربڵاوەی بەناو دینەوە لەسەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت ئەنجامئەدرێت. پاڕانەوە  دوعاکانی دایکم بەشێک نەبوون لە کردەی خۆنمایشکردن خۆی وەک مرۆڤێکی ئیماندار. ئیمانەکەی لە دڵی خۆی و لەناو پەیوەندییەکەیانیدا بوو بە خودی خۆی و خوداکەیەوە. 
لە ئەدەبیاتی کلاسیکی ئێمەدا دین و مەحەبەت و دین و دادپەروەریی و دین و پاکژیی زمان و پاکژی خەیاڵ بەیەکەوە گرێدراون. ئیسلامی خوێندەوارە دینییەکانی دونیای ئێمە ئیسلامێکی لەو بابەتە بووە. شاعیری گەورەی وەک نالی و مەحوی دروستکردوە. ئیسلامێک بووە پێیەکی لەناو زاراوە و چەمکە سۆفییەکاندا بووە کە عەشق چەمکی سەرەکیی و ژمارە یەکی ناویەتی. ئەمە لە سەرەوەی کۆمەڵگەدا و لە خوارەوەی کۆمەڵگەکەشدا، بۆ نموونە لای دایکم، ئەوەی هەبوو ئەو دیاردەیەی کە من ناوم ناوە «دینی دایکم». ئەوەیش کە «دینی دایکم» لە بەشێکی گەورەی دینداریی ژمارەیەکی زۆر لە بکەرە دینییەکانی ئەمرۆکەی ناو کۆمەڵگاکە جیادەکاتەوە، ئەوەیە «دینی دایکیشم »سەرچاوەی «مەحەبەت» بوو نەک «رق»، «ناسکیی» بەرهەمدەهێنا، نەک «جنێو و زبریی و قیڕەقیڕ»، مرۆڤەکانی لەیەکتری نزیکدەکردەوە نەک دروستکردنی «جەنگێکی رەمزیی» لەنێوانیاندا. «ئاسایش و ئارامی» شەخسیی بەرقەراردەکرد نەک تەماحی هەیمەنەکردن و باڵادەستبوون، سەرچاوەی هاریکاریی کۆمەڵایەتی بوو، نەک ململانێ و دابەشکردنێکی دوژمناکاری دینیانەی جیهان و مرۆڤەکان.
 بە بەراورد بە فۆرمە تازەکانی دینداری لە کۆمەڵگاکەدا، «دینی دایکم»  ئەو جۆرە لە دینداری بەرجەستدەکرد کە دابڕاوە لە هەستی توڕەبوون و ڕق و جنێودان و قیڕە قیڕ و ناحەزیی. لەکاتێکدا، بەشێکی زۆری دینداریی تازەی بکەرە دینییە تازەکانی ناو کۆمەڵگەی ئێمە،  ڕێک لەسەر گەورەکردنی توانای توڕەبوون و جنێودان و رقبوونەوە لەیەکتری و بەکافر و مولحید و بێدین و بیدعەچی و موناقفیقکردنی یەکتری، کاردەکات.  

پرسیاری سێیه‌م: بڕواتان وایه‌ كورد بتوانێت ئیسلامێكی كوردیی تایبه‌ت به‌خۆی دابڕێژێته‌وه‌؟ شتێك بێت لایەنی كه‌می مۆركی ئه‌نترۆپۆلۆژی و مێژوویی و زمانه‌وانیی كوردیی پێوه‌بێت؟ گه‌ر ده‌كرێت چۆن؟ گه‌ر ناشكرێت، هه‌ر چۆن؟


م . و : هەموو دینێک منداڵى ئەو ڕەوت و سیاقە مێژووییە کە تیایدا دروستدەبێت. لە ڕووی مێژوویشەوە بەقەد ژمارەی ڕەوتە مێژوویە جیاوازەکان فۆرمی جیاوازیی دینداریی هەبوون. ئەمە یاسایەکی ئەنترۆپۆلۆژییە. مێژووی دینیش مێژووی دروستبوونی ئەو هەموو جیاوازییانەیە. 
لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمدا ئەم دۆخە گۆرانێکی گەورەی بەسەردادێت و ئەو شێوازە لە «سەلەفیەتی وەهابی سعودیی و خەلیجی» لە ڕێگای پارەی نەوتەوە بە جیهاندا بڵاودەبێتەوە. ئەمەش لە ڕەوتی هاتنەکایەی «جەنگی سارد» و بوونی سەلەفیەتی سعودی خەلیجی بە بەشێک لە ڕووە ئایدیۆلۆژیەکانی جەنگی سارد. لەم بوارەدا سەدەها ملیارد دۆلار خەرجکراوە، ملیۆنان کتێب چاپکراون، سەدەها کەناڵی تەلەفیزیۆنی دروستکراون، هتد.. ئەوەی ئەمڕۆکە لە بەشێکی گەورەی جیهاندا دەیبینین، بە کۆمەڵگای ئێمەوە،، کردەی «بەسەلەفیبوون»ی فۆرمە ناوچەیی و جیاوازەکانی دیندارییە.
ئەوەی لە ئێستادا پێویستە خۆ ڕزگارکردن لەم پرۆسەی کۆپیکردنە جیهانییەی دینداریی و گەڕانەوە بۆ ئەو فۆرمە ناوچەیی و کەلەپورە لۆکاڵیانەی لەناو مێژووی ناوچەکەدا بەرهەمهاتووە. دینداریی لە دونیای ئێمەدا داهێنەری وەک «مەحوی» و «نالی» و مرۆڤی خەمخۆری وەک دایکی من دروستبکات. نەک ئەو هەموو جنێفرۆش و سوکایەتیکەر و ئیهانەکەرانەی ئەمڕۆ کە پەیدابوون. ئەمە لە ژێڕ هەرناوێکدا بکرێت کردەیەکی گرنگە و لە ڕووی دینییەوە کۆمەڵگەکە چەندان هەنگاو بەرەوپێشەوە دەبات. ئەمە گرنگ نییە ناوی «ئیسلامێکی کوردیی» یان «ئیسلامێکی ئینسانیی» یان «ئیسلامێکی عەقلانیی» لێبنرێت. گرنگ ئەوەیە دین لەو بکەرە دینایانە ڕزگاربکات کە خودایان بۆخۆیان مۆنۆپلکردوە و بەناوی ئەوەوە زۆرینەی کۆمەڵگەکە کافر و بێدین دەکەن و بۆ جەهەنەمیان دەنێرن. 

پرسیاری چواره‌م: ئایا ده‌كرێت ئیخوانییه‌كان یاخۆ ئیسلامی هاورده‌كراوی ئه‌و چه‌ند ده‌یه‌ی دوایی، هه‌روا ئاسان له‌لایه‌ن ناسیۆنالیزمی كوردییه‌وه ‌په‌راوێز بخرێت؟ جاروبار ده‌نگێكی له‌و جۆره‌ده‌بیستین، هه‌ڵبه‌ت پتر هه‌ستی ناسیۆنالیستیی خه‌ڵكه ‌وه‌ك له‌وه‌ی گوتارێكی ڕه‌سمی بێت.

 

م.و: بەبۆچوونی من «ئیسلامی ئیخوانی» نابێت بەرامبەر بە ناسیۆنالیزم دابنرێت. چونکە دین، هەموو دینێک، توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ ناسیۆنالیزم و سەرجەمی ئیادیۆلۆژیەکاندا هەیە. لە پەنجاکاندا ئیسلام و سۆسیالیزم لەیەکدی نزیکدەکرانەوە. حەسەن بەنا خۆی پێیوایە ئیسلام پێویستی بە سێ ئایدیۆلۆژیا گەورەکەی سەدەی بیستەم نییە کە لیبرالیزم و سۆسیالیزم و فاشیزمە. نە لەبەر ئەوەی ئیسلام لای ئەو لەو ئایدۆیۆلۆژیانە جیاوازە و ناکۆکە پێیان، بەڵکو لەبەرئەوەی ئیسلام هەر سێ ئایدیۆلۆژیاکەی تێدایە. ئەگەر داواکاریمان لە «ئیسلامی ئیخوانی» ئەوەبێت ناسیۆنالیستیش بن، ئەوا بە ئاسانی دەتوانن ئەم داوایە جێبەجێبکەن و بە بۆچوونی من لانیکەم لە ئاستی گوتاردا، کردووشیانە. 
بە بۆچوونی من پێویستە سەرجەمی باڵە جیاوازەکانی ئیسلامی سیاسیی، بە ئیخوانیی و نائیخوانییەوە، ڕووبەڕووی دوو شت بکرێنەوە. لە سەرێکە ڕێزگرتنێکی بێ چەندوچوون لە مرۆڤ، بە دیندار و بێدینەوە، وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت. ئینجا داواکردنی پرۆگرام و پرۆژەیەکی مەدەنیی و دیموکراسیی و دادپەروەر کە هاووڵاتییبوونی یەکسان بنەماکەی بێت. لەسەرێکی دیکەشەوە پێویستە لە ئاستی دینداریشدا ڕووبەرووی ئەو شێوازە لە دینداریی بکرێنەوە کە من ناوم ناوە: «دینی دایکم».


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا