
١. لە سەرەتادا، پێش ئەوەی وشەکان ببنە زمان و ناسنامەکان شێوە بگرن، پێش هەر سنووربەندییەک، ڕووخسار خۆی دەردەخات. بۆ فەیلەسوفی فەرەنسی، ئیمانوێڵ لیڤیناس، ڕووخساری «ئەویتر» تەنها کۆمەڵێک تایبەتمەندیی فیزیکی و بایۆلۆژی نییە، بەڵکوو دەروازەیەکی قووڵی دیاردەناسییە بۆ ناو بوون. ئەم ڕووتبوونەوە ڕەهایە بانگەشەی بەرپرسیارێتییەکی بێسنوور دەکات. کاتێک سەیری ڕووخساری ئەویتر دەکەین، لاوازی و بێپەنایی ئەو ڕووخسارە، پێش هەر یاسا و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی، فەرمانێکی ئەخلاقیمان پێ دەدات: «مەمکوژە». ئەم فەرمانە، کە داوای پاراستن و بەهەندگرتنی ژیانی ئەویتر دەکات، بناغەی هەموو پەیوەندییەکی مرۆڤانەیە. بەڵام پرسیارە گەورە و تراژیدییەکە لێرەوە دەست پێ دەکات: چی ڕوو دەدات کاتێک ئەم ئەخلاقە گەردوونییە بەرکەوتەی لەگەڵ سوبێکتێکدا دەبێت کە لە ڕووی مێژوویی و ئۆنتۆلۆژییەوە ڕووخساری لێ سەندراوەتەوە؟ چی ڕوو دەدات کاتێک سوبێکتی کورد، وەک بوونەوەرێکی پەراوێزخراو، دەیەوێت لە ڕێگەی ڕووخسارییەوە بوونی خۆی بسەلمێنێت، بەڵام هەم لە دەرەوە و هەم لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی سڕینەوە و ئینکارکردن دەبێتەوە؟ بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە ئاڵۆزە، پێویستە «ئەخلاق»ی لیڤیناس لەگەڵ «ژیانی ڕووت» و «هۆمۆساکەر»ی ئاگامبێندا، بە ئەندازەیەک گرێ بدەین، تا بتوانین ئەو تراژیدیا فرەڕەهەندە بخوێنینەوە کە بەرۆکی سوبێکتی کوردی گرتووە.
٢. لە دیدی دەرەکییەوە، واتە لە پەیوەندیی نێوان سوبێکتی کورد و دەسەڵاتی سەروەر (داگیرکەر یان سیستەمی نێودەوڵەتی)، ڕووخساری کورد تووشی گەورەترین داماڵینی ئیتیکی بووەتەوە. کاتێک داگیرکەر سەیری کورد دەکات، ڕووخسارێکی لیڤیناسی نابینێت کە فەرمانی «مەمکوژە»ی پێ بدات؛ بەپێچەوانەوە، ئەو ڕووخسارە دەسڕێتەوە و دەیشێوێنێت تا بتوانێت بەبێ هیچ سزایەکی ویژدانی و یاسایی لەناوی ببات. لێرەدا سینتێزی نێوان ئیتیک و سیاسەت دەبێتە کلیلێکی تۆکمە بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە. ئاگامبێن پێی وایە دەسەڵاتی سەروەر مرۆڤەکان دابەش دەکات بۆ دوو جۆر ژیان: (بایۆس-Bios) کە ژیانی سیاسیی و مافدارە، لەگەڵ (زۆی-Zoe) کە تەنها ژیانێکی بایۆلۆژیی ڕووتە. سوبێکتی کورد لەلایەن دەوڵەتە نەتەوەییەکانی سەردەستەوە کراوەتە «هۆمۆساکەر»، واتە ئەو مرۆڤەی کە دەکرێت بکوژرێت بەبێ ئەوەی کوشتنەکەی وەک تاوان هەژمار بکرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ناتوانرێت بکرێتە قوربانییەکی پیرۆز. کاتێک ڕووخساری کورد دەبێتە ژیانێکی ڕووت، ئیتر ئیتیکەکەی لیڤیناس لەکار دەکەوێت. چاوی داگیرکەر لە هەڵەبجە، لە عەفرین، لە ئەنفال و لە زیندانەکاندا، ڕووخساری کوردی وەک «ئەویتر»ێکی یەکسان نەبینیوە، بەڵکوو وەک شتێک، وەک ژمارەیەک، وەک هەڕەشەیەک بینیویەتی کە دەبێت لەناو ببرێت. سڕینەوەی ڕووخسار لێرەدا تەنها کوشتنی جەستە نییە، بەڵکوو کوشتنی ئەو بانگەوازە ئیتیکییەیە کە لە چاوی قوربانییەکەوە هەڵدەقوڵێت. داگیرکەر بۆ ئەوەی بتوانێت کورد بکوژێت، دەبێت سەرەتا ڕووخساری لێ بسەنێتەوە، چونکە وەک لیڤیناس دەڵێت، ڕووخسار بەرخۆدانێکی بێدەنگ و بێچەکە لە بەرامبەر توندوتیژیدا. کاتێک ڕووخسار دەبێتە نەبوون، کوشتن دەبێتە کارێکی ئاسایی و ڕۆژانە.
٣. ئەم سڕینەوە دەرەکییەی ڕووخسار، تەنها لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە ئەنجام نەدراوە، بەڵکوو سیستەمی نێودەوڵەتیش بە هەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵ سوبێکتی کورددا کردووە. لە بەردەم کامێراکانی میدیای جیهانیدا، ڕووخساری کورد زۆرجار تەنها وەک ڕووخساری قوربانییەکی بێدەسەڵات، پەنابەرێکی برسی (بە نموونە خنکانی ئالان کوردی بوو لە دەریای ئیجە)، یان شەڕڤانێکی ئامرازکراو نیشان دراوە. ئەمەش جۆرێکی ترە لە داماڵینی ڕووخسار لە مانایە ئیتیکییە قووڵەکەی. جیهان سەیری ڕووخساری کورد دەکات، بەڵام بەرپرسیارێتییە بێسنوورەکەی لیڤیناس هەڵناگرێت. بینینی ڕووخساری کورد لە شاشەکانەوە، لەبری ئەوەی ببێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندییەکی ئیتیکی و سیاسیی ڕاستەقینە، زۆرجار دەبێتە تەنها بەزەیییەکی کاتی و تێپەڕ. مرۆیی کورد لەم هاوکێشەیەدا، وەک بوونەوەرێکی تارماییئاسا دەمێنێتەوە؛ هەیە بەڵام نابینرێت، دەنگی هەیە بەڵام نابیسترێت. ئەم دۆخە بوونناسییە، کە تێیدا کورد لە نێوان بوون و نەبووندا هەڵواسراوە، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو سیاسەتە بایۆپۆلەتیکییەیە کە ئاگامبێن باسی دەکات، کە تێیدا یاسا خۆی هەڵدەپەسێرێت بۆ ئەوەی ژیانی ڕووت دروست بکات و سزای بدات.
٤. بەڵام تراژیدیا گەورەکە تەنها لە دەرەوە نییە؛ ئازاربەخشترین بەشی ئەم شیکارییە کاتێک دەردەکەوێت کە ئاوڕ لە دۆخی ناوخۆیی سوبێکتی کورد دەدەینەوە. کاتێک کوردێک سەیری ڕووخساری کوردێکی تر دەکات، ئایا ئەو ڕووخسارە لیڤیناسییە دەبینێت کە داوای بەرپرسیارێتی و پاراستنی لێ دەکات؟ مێژووی خوێناویی، ململانێی کەسی و دواتر، شەڕ و پەرتەوازەیی کۆمەڵایەتی پێمان دەڵێن کە وەڵامەکە زۆرجار نەخێرێکی تاریکە. سوبێکتی کورد، بەهۆی ئەو زەبروزەنگە بەردەوامەی لە دەرەوە پێی گەیشتووە، جۆرێک لە نامۆبوونی دەروونی و ئۆنتۆلۆژیی تووش بووە. ئەو نیگایەی کە داگیرکەر بۆ سڕینەوەی ڕووخساری کورد بەکاری هێناوە، بە شێوەیەکی نائاگاییانە گواستراوەتەوە بۆ ناو خودی سوبێکتی کورد. ئێمە لە ناوخۆدا فێربووین کە ڕووخساری یەکتر نەبینین، یان ئەگەر بیبینین، وەک ڕووخساری «ئەویتر»ێکی نەیار بیبینین نەک وەک هاوبەش و هاوپشتییەک کە بەرپرسیارێتیی ئیتیکیمان بەرامبەری هەیە. لە ململانێ سیاسییەکاندا، کاتێک لایەنێک لایەنێکی تر دەسڕێتەوە، لە ڕاستیدا خەریکی کوشتنی ڕووخسارە. ئەو چەکدارەی کە لوولەی تفەنگەکەی ئاڕاستەی براکەی دەکات، پێشتر لە ڕووی دەروونی و ئایدۆلۆژییەوە ڕووخساری براکەی سڕیوەتەوە، چونکە ئەگەر ڕووخسارەکە بە ڕووتی و بێپەنایی خۆیەوە بمایەتەوە، فەرمانی «مەمکوژە» دەستی چەکدارەکەی سڕ دەکرد.
٥. ئەم ناچاربوونە ناوخۆییە بەرامبەر بە ڕووخساری یەکتر، ئاکامی ئەو دۆخە سیاسییە کە کورد تێیدا دەژی. کاتێک نەتەوەیەک بۆ ماوەیەکی درێژ دەکرێتە «هۆمۆساکەر» و لە ژیانی سیاسی و مافی سەروەری بێبەش دەکرێت، وردە وردە خۆیشی دەست دەکات بە بەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەو زەبروزەنگە لە ناوخۆیدا. لە لایەکی ترەوە، پرسی زمان وەک ماڵێک بۆ ڕووخسار، ڕەهەندێکی ترە. لیڤیناس دەڵێت: ڕووخسار قسە دەکات، تەنانەت ئەگەر بێدەنگیش بێت. بەڵام کاتێک زمانی سوبێکتی کورد قەدەغە دەکرێت، دەشێوێنرێت، یان لە ناوخۆدا بەهۆی ململانێی دیالێکتەکانەوە پەرتەوازە دەبێت، لە ڕاستیدا زمانەکەی لێ دەسەندرێتەوە کە ڕووخسار پێی دەدوێت. داگیرکەر بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی، هەوڵی داوە دەمی ڕووخسارەکە بدورێتەوە، تا نەتوانێت هاواری بەرپرسیارێتی بکات. لە ناوخۆشدا، کاتێک زمان دەبێتە ئامرازی جیاکاری و باڵادەستی ناوچەیی، ئێمە خەریکی دروستکردنی دیوارین لە نێوان ڕووخسارەکانماندا. کاتێک من ناتوانم لە ئازاری ئەویتر تێبگەم چونکە بە دیالێکتێکی تر یان لە پارچەیەکی تری کوردستانەوە قسە دەکات، ئەوا من ڕووخساری ئەوم ون کردووە. ئەم دابڕانە زمانەوانی و جوگرافییە، وای کردووە کە سوبێکتی کورد نەتوانێت ئاوێنەیەکی گەورە دروست بکات کە تێیدا هەموو ڕووخسارەکان یەکتر ببینن و یەکتر بناسنەوە. پارچەپارچەبوونی خاکی کوردستان، تەنها دابەشبوونی جوگرافی نییە، بەڵکوو دابەشبوونی ڕووخسار و پارچەپارچەبوونی ئەو بەرپرسیارێتییە ئاکارییەیە کە دەبوو کۆکەرەوەی نەتەوەیەک بێت.
٦. بەرپرسیارێتیی بێسنوور، کە لیڤیناس وەک قورسترین ئەرکی مرۆڤایەتی وەسفی دەکات، بۆ سوبێکتی کورد دەبێتە مەرجی مانەوە. ئێمە دەبێت بەرپرسیارێتیی ئەو کوردە هەڵبگرین کە لە پارچەیەکی تر دەچەوسێتەوە، بەرپرسیارێتیی ئەو جیاوازییە سیاسی و فیکرییانە هەڵبگرین کە لە ناوخۆدا هەن، بەبێ ئەوەی پەنا ببەینە بەر سڕینەوەیان. ڕووخساری کورد دەبێت لە ناوخۆدا ببێتەوە بە پیرۆزییەکی ئەخلاقی، تا بتوانێت لە دەرەوە ببێتە هێزێکی سیاسی. کاتێک ئاگامبێن باسی دەربازبوون لە دۆخی «هۆمۆساکەر» دەکات، ئاماژە بە دروستکردنی فۆرمێکی نوێی ژیان دەکات کە تێیدا ژیانی بایۆلۆژی و ژیانی سیاسی لێک جیا نەکرێنەوە. بۆ کورد، ئەم فۆرمە نوێیەی ژیان تەنها لە ڕێگەی ئاشتەواییەکی قووڵی ئیتیکییەوە لەگەڵ «ئەویتر»ی ناوخۆییدا بەدی دێت. دەبێت ڕووخسارەکانمان لە ژێر خۆڵەمێشی مێژوو و ململانێکان دەربهێنین و بیانشۆینەوە. دەبێت فێری ئەوە ببین کە کۆژان و ئازاری ڕووخسارێکی تر، ئازاری منە؛ برینی ئەو، برینی من و لەیەک کاتدا کۆژان و برینی هەمووانە.
٧. کەواتە، دەگەینە ئەو باوەڕەی کە مرۆڤی کورد لە نێوان بەرداشی ئیتیک و سیاسەتدا، بوونەوەرێکە لە پڕۆسەی بەردەوامی بوون و بەرگریکردندایە. سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی داگیرکەر بۆ سڕینەوەی ڕووخسار و گۆڕینی بۆ ژیانێکی ڕووت، ڕووخساری کورد هێشتا ماوە و هێشتا بەرگری دەکات. خودی مانەوەی ئەم ڕووخسارە، سەرەڕای ئەنفال و کیمیاباران، کۆچڕەو و جینۆسایدە بەردەوامەکان، گەورەترین سەلماندنی ئەو هێزە فینۆمینۆلۆژییەیە کە لە ناو ڕووخساردا شاراوەتەوە. ڕووخساری کورد ڕووخسارێکی بریندارە، بەڵام ڕووخسارێکە کە ئامادە نییە تەسلیمی نەبوون ببێت. ئەوەی ئێستا پێویستە، گۆڕینی ئەم بەرگرییە ناکارا و غەریزییە، بۆ بەرگرییەکی چالاک و ئیتیکی. دەبێت ڕووخسارەکانمان بکەینە ئاوێنەیەک کە تێیدا هەم خۆمان و هەم جیهان، حەقیقەتی بوونمان ببینێت. دەبێت فەرمانی «مەمکوژە»ی لیڤیناسی، لە نوزەیەکی لاوازەوە بگۆڕین بۆ دەنگێکی زوڵاڵی سیاسی کە سنوورەکانی دەسەڵاتی سەروەر بپێکێت و کۆتایی بە سەردەمی «ژیانی ڕووت» بهێنێت. ئەمەش تەنها بە یەکگرتنەوەی ڕووخسارە پارچەپارچەکراوەکان و قبووڵکردنی بەرپرسیارێتییەکی ڕەها بەرامبەر بە یەکتر، دەبێتە واقیعێکی سەلمێنراو لە گۆڕەپانی سیاسییدا.
