
هۆشیاریی ڕەخنەیی یان بە مانا تازەکەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، پرۆسەیەکی فیکرییە بۆ شیکردنەوەی واقیع و تێگەیشتن لە واقیع بە شێوەیەکی ڕیشەییانە و بابەتییانە، بۆ گەیشتن بە جۆرێک لە لۆژیک.
لەم ڕیتمە لە بیرکردنەوە، پێشوەختە ڕازی نابێت بە هیچ بیرۆکە و بانگەشەیەک، ئەگەر بە وردی بنکۆڵی و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە نەکرێت. بە مانایەکی تر، هۆشیاریی ڕەخنەیی پرۆسەیەکی کەسی و تاکییە، نەک دەرئەنجامی کار و کاردانەوە لەگەڵ کەسێکی تردا، واتە لە دەرەوەی بەکەسایەتیکردنی بابەتەکاندا دەمێنێتەوە تا دەگات بە ئاستی دابڕاندنی ئایدیاکانمان لەگەڵ ئیگۆ و خودی خۆمانیش، تاوەکوو گەیشتن بە ئەرگومێنتکردن و ڕەخنەکردنیان لە دەرەوەی هەست و سۆز و ڕق و کینەی کەسی.
هۆشیاریی ڕەخنەیی ڕیشەیەکی کۆنی هەیە هەر لە یۆنانی کۆنەوە تا ڕێنیسانس و مۆدێرنیتە؛ هەروەها نەریتێکی دەوڵەمەندی مارکسیزمە. هۆشیاریی ڕەخنەیی وەک پێداویستییەکی مێژوویی، فەلسەفی و فیکری لەگەڵ گەشەکردنی توانا هزرییەکان لە سەدەی ١٩ـەوە بەدواوە بە شێوازی جیاواز بۆ زۆربەی کایە زانستی و فیکرییەکان سەری هەڵدا.
لە جیهانی ڕۆژئاوا بیرکردنەوەی ڕەخنەیی وەک چەمک پێش دوو سەدە زیاتر گەشەی پێ درا و بەتایبەت لە کایەی پەروەردە و فێرکردندا کە کۆمەڵێک کارامەیی لەخۆ دەگرێت؛ لەوانە: شیکردنەوە، هەڵسەنگاندن، لێکدانەوە، هەڵهێنجان و دەرئەنجام. لە کن خۆمان ئەوەی ئەمڕۆ ناویان لێ ناوە سیستەمی پێداگۆجی، وەک کارامەیییەک لە بواری پەروەردە و فێرکردن لە ئاستێکی زۆر سەتحی هاتووە، بەبێ ئەوەی وەک ناوەڕۆک و توانای بوون بە دامودەزگاییش بێت.
ئەم وتارە سەرنج دەداتە سەر هۆشیاریی ڕەخنەیی لەناو بزاڤە سۆسیالیستییەکان وەک پێداویستییەکی شۆڕشگێڕانەی هەنووکەیی.
لە کاتێکدا تیۆری مارکسیستی تیۆرێکی ڕەخنەگرانەیە و لە نەریتی مارکسیستیدا، ڕەخنە شوێنێکی بنەڕەتی هەیە. مارکسیزم تەنیا داوای تێگەیشتن لە جیهان ناکات، بەڵکوو پرسیار لەوەش دەکات کە جیهان چۆن دەتوانێت بگۆڕدرێت.
لە فەلسەفەی مارکسیستیدا، واقیع شتێکی جێگیر و نەگۆڕ نییە. کۆمەڵگە لەژێر کاریگەریی ململانێ، پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییە مێژووییەکان بەردەوام دەگۆڕێت، بۆیە بیرکردنەوەش دەبێت توانای گۆڕان و خۆنوێکردنەوەی هەبێت. مارکسیزم ئەگەر ببێتە کۆمەڵێک فۆرمولەی ئامادە کە بۆ هەموو کات و شوێنێک بە یەک شێوە بەکار بهێنرێت، ئەوا لە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دوور دەکەوێتەوە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ گفتوگۆکانی نێوان (مارکس و پرۆدۆن و بیرمەندانی تری مارکسی)، گفتوگۆ و بیرکردنەوەی ڕەخنەییانە زۆر گرنگن؛ لە ڕەخنەی فەلسەفەی هێگڵ و یاسا و فەلسەفەی سیاسییەکانەوە، تا ڕەخنەی ئابووریی سیاسی و شیکردنەوەی سیستەمی سەرمایەداری. گرنگیی فەلسەفەی مارکسی لە بواری ڕەخنەدا ئەوەیە کە فێرمان دەکات لە پشت دیاردەکانەوە بگەڕێین بەدوای پەیوەندی و هۆکارە بنەڕەتییەکان بە دیدێکی ڕەخنەییی دیالەکتیکی.
ئەگەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی یان ئابووری هەبێت، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تەنیا بابەتەکە بەکەسایەتی ناکات وەک تاک، بەڵکوو دەپرسێت: ئەم کێشەیە لە چ سیاقێکی پەیوەندییە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە؟
قوتابخانەی فرانکفۆرت، بەتایبەتی بیرمەندانی وەک: ماکس هۆرکهایمەر، تیۆدۆر ئەدۆرنۆ، هێربێرت مارکوزە و دواتر یۆرگن هابەرماس، بەشێکی گرنگیان لە پەرەپێدانی تیۆرە ڕەخنەییەکاندا هەبوو. ئەوان ڕەخنەیان لە سنووری ئابووری و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان فراوانتر کرد و پرسیاریان لە کاریگەریی دەسەڵات، کەلتوور، میدیا، ئایدیۆلۆژیا و شێوازەکانی دروستکردنی ڕازیبوون لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤ کرد. لەو ڕوانگەیەوە، مرۆڤ تەنیا بەهۆی زۆردارییە ڕاستەوخۆکانەوە کۆنترۆڵ ناکرێت؛ هەندێک جار دەسەڵات دەتوانێت لە ڕێگەی کەلتوور، زانیاری و شێوازی بیرکردنەوەش کاریگەری دروست بکات. ئەمە بوو بەهۆی ئەوەی هزری ڕەخنەیی تەنیا لە بابەتێکی ئابووریدا کورت نەبێتەوە و بگاتە بواری کەلتوور، میدیا و ژیانی ڕۆژانە.
بەڵام ئەزموونێکی تریشمان هەیە کە ئەزموونی دژەڕەخنە و نەریتێکی دژەڕەخنەییانەیە؛ بەتایبەتی کاتێک بەشێک لە بزووتنەوە سۆسیالیستەکان گەیشتنە دەسەڵات، گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە کەلتووری ڕەخنەگرتندا ڕوویدا، ئەمەش یەکێک بوو لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی ئەزموونی سۆڤیەتی بە بنبەست و کۆتایی گەیاند. لە سۆڤیەتی دوای شۆڕشدا، ئاراستەی ڕەخنەکان ڕوویان لە دەرەوە بوو. تەنانەت ڕەخنەگرتن لە سیستەمی سۆڤیەت وەک دژەشۆڕش تەماشا دەکرا. ئەمەش وای کرد توانای بینین و چاککردنی هەڵە یەک لەدوای یەکەکانی لەدەست بدات و بە بنبەست بگات.
ئەم کەلتوورە کاریگەریی تا ئێستاش لەسەر بزاڤە سۆسیالیستەکاندا جێهێشتووە. ناکرێت سەرباری قووڵتربوونەوەی قەیرانەکانی سیستەمی سەرمایەداری، بەڵام پڕۆژە و بەرنامەی هێزە سۆسیالیستەکان توانای بەکۆمەڵایەتیبوونیان نەبێت!
هەرچەندە ڕەخنە لە مانای ڕاستەقینەی خۆیدا تەنیا دۆزینەوەی هەڵە و کەمکوڕییەکان نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکی فیکرییە بۆ تێگەیشتن لە واقیع، دۆزینەوەی هۆکارەکانی کێشەکان و گەڕان بەدوای ڕێگای نوێ بۆ چارەسەرکردنیان، ئەی ئەگەر هەموو جارێک هەمان ڕێگامان گرتەبەر لە کاتێکدا هەموو جارێک دەمانگەیەنێت بە بنبەست؟!
لەو ڕوانگەیەوە، ڕەخنە دەبێت بەشێک بێت لە ژیانی ڕۆژانەمان وەک تاک و بزاڤیش. بەهۆی ئەوەی ڕەخنە لاواز بووە، هەڵەکان بوونەتە نەریت و خووی سایکۆلۆژیش، نەریتیش وەرگەڕاوە بۆ شێوازی کارکردن و شێوازی کارکردنیش بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە سیستەمێکی داخراو کە تەنیا گوێ لە خۆی دەگرێت.
ڕەخنە واتە توانای پرسیارکردن لەوەی هەیە، هەڵسەنگاندنی ئەوەی دەکرێت و گەڕان بەدوای ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت باشتر بکرێت. ڕەخنەی دروست نابێت تەنیا لەسەر ئەنجامەکان بێت؛ دەبێت هۆکار، پەیوەندی و کۆنتێکستی کێشەکەش بدۆزێتەوە.
لێرەدا خۆڕەخنە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. خۆڕەخنەی تاک یان ڕێکخراو توانای ئەوەی هەبێت هەڵە و کەمکوڕییەکانی خۆی ببینێت و لە ئەزموونەکانی خۆی فێر بێت، ئەگەر فێر نەبوو، ئەزموونەکان وەردەگەڕێن بۆ کەڵەکەکردنی هەڵەکان. هەر هێزێکی سیاسی کە تەنیا هەڵەکانی کەسانی تر و ڕکابەرەکانی ببینێت، بەڵام هەڵەکانی خۆی نەبینێت، بە تێپەڕبوونی کات توانای ڕاستکردنەوەی خۆی لەدەست دەدات و تووشی جۆرێک لە چەقین دەبێت. لێرەدا چەقین هەم دەبێتە دۆخێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی، هەمیش دەبێتە دۆخێکی دەروونیی تاکی و گشتی.
