
سلێمانی / دلێر عەلی
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٦، لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردە سیاسییەکان، کەسایەتییە حکومییەکان و جەماوەرێکی دڵسۆز، مەراسیمی چلەی ماتەمینی بۆ کۆچی دوایی کادێری پێشکەوتوو و پزیشکی ناوداری کوردستان، عەقید دکتۆر (دیار نەجیب کەریم) بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا هاوڕێ ئەبو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، پارێزگاری سلێمانی، سەرکردایەتی حزبی شیوعی و نوێنەری هێزە سیاسییەکانی دیکە، لەگەڵ کۆمەڵێکی بەرفراوان لە هاوڕێیان، دۆستان و کەسوکاری خوالێخۆشبوو ئامادە بوون بۆ ڕێزلێنان لە مێژووی پڕ لە دڵسۆزی و خزمەتی ئەو تێکۆشەرە.
پزیشکی هەژاران و دڵسۆزی گەل
دکتۆر دیار تەنها ئەندامێکی چالاکی حزبی شیوعیی کوردستان نەبوو، بەڵکو لە بواری مرۆیی و پزیشکیشدا ناوێکی دیار و درەوشاوە بوو. ئەو بەهۆی نزیکی لە چینە چەوساوەکان و هاوکاریکردنی بەردەوامی نەخۆشە کەم دەرامەتەکان، لەناو خەڵکدا بە "دکتۆری هەژاران" ناسرابوو.
وێستگە گرنگەکانی ژیانی عەقید دکتۆر دیار:
لە ساڵی ١٩٧٦ لە بنەماڵەی ناوداری مامۆستا (عەبدولکریم مودەریس) لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە و بە پەروەردەیەکی ڕەسەنی کوردانە و ئەدەبیانە گۆش کراوە.
لە ساڵی ٢٠٠٠ کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٧دا توانیویەتی بڕوانامەی ماستەر لە پسپۆڕی (مێشک و دەمار) بەدەستبهێنێت.
بەشداری لە خولی ئەفسەراندا کردووە و پلەی عەقیدی بەدەستهێناوە. بۆ ماوەیەکی درێژیش بەڕێوەبەری کلینیکی ڕاوێژکاری لە نەخۆشخانەی شۆڕش بووە.
بەهۆی لێهاتوویی و باوەڕپێکراوییەوە، لە سەردەمی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقدا، وەک پزیشکی تایبەتی سەرۆک کۆمار (مام جەلال) دەستنیشان کراوە و خزمەتی کردووە.
کۆچی دوایی:
عەقید دکتۆر دیار نەجیب، لە شەوی ١١ لەسەر ١٢ی نیسانی ٢٠٢٦ بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد و گەیشتە کاروانی نەمران، بەڵام ناوی وەک سیمبولی پزیشکێکی مرۆڤدۆست لە یادەوەری خەڵکی کوردستاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.





