
*نووسەرێک : ڕێگا فێری ئەلفوبێ نووسینی کردم
*پێشمەرگەیەک: سەکۆێەک بۆ ئازادی ڕادەربڕین
*مامۆستایەکی ئاینی: خزمەتی کۆمەڵگەی کوردی دەکات
*خوێنەرێک: یەکێک لەڕاستگۆترین ڕۆژنامەکان
هاوڕێ کرێکار ـ ڕێگای کوردستان
مانگی نیسانی ئەمساڵ، 82 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەرچوونی هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان، زمانحاڵی حزبی شیوعیی کوردستان ، کە یەکەم ژمارەی لە نیسانی 1944 بەناوی ئازادی دەرچوو، تا ئێستا 1483 ژمارەی لێدەرچووە.
لەم ژمارەیەدا، بەشێک لەخوێنەران و نووسەران و کەسانی سەر بە توێژە جیاجیاکان باس لە هەفتەنامەکە دەکەن و پێشنیاری خۆیان بۆ زیاتر بەرەوپێچشوونی دەخەنە ڕوو.
«ڕیگای کوردستان دەستی گرتم و فێری ئەلفوبێی نووسین و خوێندنەوەی كردم «
دلێر کەریم، سەرپەرشتیاری پەروەردەی و نووسەر، دەڵێت:
یادی هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان بەرز دەنرخێنم، هەمیشە خۆم بە قەرزاری ڕێگا دەزانم، كە دەستی گرتین و فێری ئەلفوبێی نووسین و خوێندنەوەی كردین. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا كە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و كەناڵە ئاسمانییەكان، تەنگی بە ڕۆژنامە و هەفتەنامە و گۆڤارەكان هەڵماڵی و زۆربەیان لە دەرچوون وەستێنران، هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان و چەند دانە ڕۆژنامە و گۆڤارێك هەن بەردەوامن لە بڵاوكردنەوە.
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات : ڕێگا بە بەهێزی ماوەتەوە ڕەشەبای تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان نەیتوانی ڕەگەكەی وشك بكات و گەڵاكانی بە سەوزی ماونەتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باڵا دەكات، ئەوەی گرنگە ڕێگا لە بەرنامەی داهاتووی خۆیدا برەوی پێبدات، هاوشانی ڕێگای كوردستان، ماڵپەڕی ڕێگای كوردستان گرنگی زیاتر پێبدرێت، بە پێی پێویستی قۆناغەكە و لەگەڵ پێشكەوتنەكاندا هەنگاو بنێت، هەروەها گرنگی بە مەلەفی تایبەت بە كەسایەتی و بابەتە مێژووی و كۆمەڵایەتی و ئەدەبی و هونەرییەكان بدات.
لەبەردەوامی قسەکانیدا، دەشڵێت:
گەرچی ڕێگای كوردستان، هەفتانەمەیەكی سیاسییە، ئەوەی بۆ خوێنەر گرنگە كەمترین بابەتی سیاسی تێدایە، هێندەی بابەتی ڕۆشنبیری و ئەدەبی تێدایە، خوێنەر ماندوو ناكات، زۆر بابەتی گرنگ لە ڕێگادا جێگەكراونەتەوە، ئەوانەی شەوان كەناڵە ئاسمانییەكان پێمان نابەخشن، تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان دەستیان پێی ناگات، ڕۆژنامەیەكی هەفتانەی وەك ڕێگای كوردستان، دەتوانێت چێژمان پێببەخشێت.
، هەموو ساڵێك لە یادی ڕێگادا، بیرم دێتەوە ڕۆژانێك چۆن چاوەڕوانی ژمارەی نوێی ڕێگا بووین، تا بزانین بابەتەكانمان بڵاو بووەتەوە یان نا، تا لە گەڵیدا هاتین و ئێستاش بۆی دەنووسین و دەیخوێنینەوە و بەدیار بابەت و نووسینەكانیەوە، خۆمان پێدەگەیەنین.
«بە یەکێک لە سەکۆ دێرین و ڕەسەنەکانی مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەبینم «
ئەفسانە ئاڵەشین ژنە پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵاتە و هاوکات نووسەرە ، وتی : وەک پێشمەرگەیەکی نووسەر، ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان بە یەکێک لە سەکۆ دێرین و ڕەسەنەکانی مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەبینم کە هەمیشە هەوڵیداوە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک و ئاوێنەی ئازار و ئاواتەکانی کۆمەڵگە بێت ئەم ڕۆژنامەیە تەنیا کاغەزێکی هەواڵگری نییە بەڵکو قوتابخانەیەکە بۆ پەروەردەکردنی چەندین نەوە لە نووسەر و ڕۆشنبیر کە توانیویەتی لەناو گۆڕانکارییە سەختەکاندا پارێزگاری لە زمان و ناسنامەی نەتەوەیی بکات.
وتیشی : پەیامم بۆ ستاف و بەڕێوەبەرانی ئەم دامەزراوەیە ئەوەیە کە بەردەوام بن لەسەر ئەو ڕێبازە نیشتمانییەی کە گرتوویانەتە بەر؛ داوایان لێدەکەم زیاتر بایەخ بە دەنگی ژنان گەنجان و ئەدیبانی شار و شارۆچکە جیاوازەکان بدەن و ڕێگە نەدەن ململانێکان ڕەنگی ڕاستی لە ڕۆژنامەکەدا ون بکەن هیوادارم ڕێگای کوردستان وەک هەمیشە بە شکۆوە بمێنێتەوە و ببێتە پردێک بۆ گەیاندنی وشەی کوردی بە ئاسۆیەکی گەشتر.
وتار و بابەتەکانی گرنگ و پڕ بایەخن وابەستە و پەیوەستە لەگەڵ داخوازی کۆمەڵگەی کوردیدا.
ئازاد شکور، نووسەرێکی ناسراوی کوردستانە و هەمان کات خوێنەرێکی بەردەوامی ڕێگای کوردستان ـ ەو ئاماژەی بەوەدا، ڕۆژنامەی ڕێگای کوردوستان، وەک یەکێک لەڕاستگۆترین ڕۆژنامەکان توانیویەتی لەماوەی چەند ساڵی کارکردنیدا زۆر ئاکاریانە و پڕۆفیشناڵیانە هەواڵ و کێماسیەکانی نێو جڤات بەجوانی ڕوماڵ و ئاڕاستە بکات، بەشوازێک خۆی بگونجێنێ کە پەیام و ناوەڕۆکی کردەکە بەگوێی لایەنی پەیوەندیداردا بچەپێنێت، کە ئارمانج و ستراتیژیش خستنەڕووی ڕاستیەکان و دۆزینەوەی چارەیە بۆ کۆی ئارێشە و گرفتە هەنوکەیی و خۆماڵییەکان، کە ئەمەش هاوتەباو کۆکە لەگەڵ ئەو بنەما و پێوەرانەی کە دەزگایی میدیایی لەسەر بنیاتنراوە، هاوکات بەبێ ئەوەی ئەو هەواڵانە هیچ بەرکەوتنێکی سیاسی یان جڤاتی لێبکەوێتەوە.
ئازاد، باسی لەوەشکرد، ئەم ڕۆژنامەیە و میدکارەکانیان هەست بە بەرپرسیاریەتیەکی گەورە دەکەن کاتێک ڕۆماڵی پرسێک یان وتارێک بڵادەبێتەوە بەتەواوی بە دەروازە و وێستگەی ویژداندا گوزەری کردووە، بەبێ ئەوەی پێوەری حیزبی و کینە و خۆ بە پاڵەوانکردن و نواندن بوونی هەبێت، خۆشبەختانە دەست بۆ کۆمەڵێک پرس و بابەت دەبەن کە تەواو گشتین و بەرژەوەندی هەمووان بەتەواوی لێکدەدرێتەوە، ئەم ڕۆژنامەیە پێچەوانەی دەزگا میدیایەکی سەردەمی جیهانی سەرمایەداری خۆیان ناخزێننە نێو کۆمەڵێک پرسی و کۆمەڵایەتی و خێزانی.
لەکۆتایی قسەکانیدا، وتی «ڕێگای کوردوستان» وەک سەرچاوەی یەکەمی هەواڵ تەماشا بکەین، چون خزمەتکردن و پیشاندانی ڕاستییەکان لەهەرە کارە لە پێشینەییەکانی ڕۆژنامەی ناوبراودایە، بۆیە خاڵی سەرکەوتن و وەرچەرخان و شانازی بەردەکەوێ لەنێو ئەو هەزاران ڕۆژنامانەی کە تەنها لە پێناو زۆرترین بینەر و چەند دراوێکدا ڕەنگەکان دەگۆڕن، بۆیە ئەو وتارانەی کە پەخش و بەیان دەکرێت بۆ ئێمه هەمووی وتاری گرنگ و پڕبایەخ و بەکەڵکن، وابەستە و پەیوەستە لەگەڵ بیرکردنەوە و داخوازی کۆمەڵگەی کوردیدا.
«گرنگە هەمیشە لەناو خەڵک بێت و ئازاری نەخۆش و بێماڵ و حاڵ و کرێچی و مەحروم و ستەملێکراوان بەدەربخات «
مەلا ئیدریس ژاڵەیی ، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان و خوێنەری ڕێگای کوردستان ، دەڵێت: سەبارەت بە ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان هێشتا سەنگەری چۆڵنەکردووە و کۆڵنەدەرانە بەرەنگاری دەکات ، خوێندنەوەی من وەک خوێنەرێکی بەردەوامی ڕۆژنامەکە ئەوەیە کە گرنگی دەدات بە بڵاوکردنەوەی
* بابەتە سیاسییەکان:
- شیکردنەوەی دۆخی سیاسی کوردستان و عێراق
- ڕەخنە لە دەسەڵات و حکومەت
- باس لە دیموکراسی، مافە سیاسییەکان و ئۆپۆزسیۆن
* بابەتە کۆمەڵایەتییەکان
هەژاری و نادادپەروەری
کێشەکانی گەنجان و خوێندکاران
مافی ژنان و یەکسانی نێوان ژن و پیاو .
مافی ئاینداری مرۆڤەکان و برەودان بە بەها باڵاکان وەک لایەنێکی سەرەکی ئاینپەروەری ڕاستەقینەو تەنها بۆ خودا و نیشتیمان بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی.
وتیشی : هەڵسەنگاندنی من بۆ ڕۆژنامەکە سەکۆیەکی ئازادە هەر نووسەرێک بیەوێت بنووسێت و نووسینەکەی لەو مەودایەدا بێت کە پێ ی دەوترێت ئازادی بیروڕا و لە خاڵەکانی پێشودا ئاماژەم پێدا بڵاودەبێتەوە و خزمەتێکی باش بە سێکتەرە گرنگ و پێویستەکانی کۆمەڵگەی کوردی دەکات ،
ڕوونیکردەوە، پێشنیارم ئەوەیە هەرچەندە ڕۆژنامەکە زمانحاڵی حیزبێکی سیاسیە بەڵام دەکرێت چوارچێوە بەند نەبێت و ئازادانە تر دەنگی چینی هەژار و بەشمەینەت بگەیەنێت و هەمیشە لەناو خەڵک بێت و ڕاپۆرتی زیندوو لە ژیانیان پەخش بکات و ئازاری نەخۆش و بێ ماڵ و حاڵ و کرێچی و مەحروم و ستەملێکراوان بەدەربخات .
