
وه‌لید عومه‌ر
یه‌كێك له‌و پرسیاره گرنگانه‌ی یه‌خه‌ی مرۆی كورد (و بگره كه‌لتوره‌كانی تریش) ده‌گرێت ئه‌وه‌یه: ئاخۆ فیكر و فه‌لسه‌فه، هه‌ر هی پیاوه؟ پرسیاره‌كه سه‌ره‌تا نه‌غمه‌یه‌كی فیمینیستی یان ته‌نانه‌ت ماركسییانهشی هه‌یه، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ش پیاوان به‌گشتی ئه‌و پرسیاره‌یان له خۆیان كردووه.
گه‌ر ئه‌وه ڕاست بێت، فه‌لسه‌فه هێشتاش هه‌ر ناوكێكی نێرانه‌ی هه‌یه و عه‌قڵ خۆی نێره؛ ئه‌وا ده‌بێت بچینه‌وه سه‌ره‌تاكان بۆ لای یۆنانی ئه‌فلاتوون. یه‌كه‌م هه‌وڵی فه‌لسه‌فیی ئه‌فلاتوون له‌وێوه ده‌ستیپێكرد كه جیهان (یان بوون) دابه‌ش بكات به‌سه‌ر دوو ڕووبه‌ردا، به‌شی سه‌ره‌وه و خواره‌وه، عه‌قڵ و هه‌ست، فۆرمه نه‌مره‌كان و نوسخه ڕاگوزه‌ره‌كان. لێره‌وه هه‌ر شتێكی ئه‌م جیهانه وه‌ك نوسخه‌یه‌كی نزم و نه‌ویی چه‌مكه‌كه‌ی داده‌نرا له دونیایه‌كی به‌رزدا. عه‌قڵی فه‌لسه‌فی، نوسخه‌ی ئه‌سڵی له نوسخه‌ی كۆپی و ئه‌م دونیایی جیاكرده‌وه. سه‌ره‌نجام، هه‌ر شتێك كه له‌م دونیا دابڕێنرا بووه هێمای عه‌قڵ، و دواییش عه‌قڵی پیاوانه. شته هه‌سته‌كی و ڕاگوزهرهكانی ئه‌م جیهانه‌ش بووه هێمای ژن- واته پیاوێتی كرایه نوسخه‌یه‌كی به‌رز و جێگیر و ترانسێدێنتاڵ، ژنێتییش بووه هێمای هه‌ست، نزمێتی، و دونیاییبوون.
هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندیی بایۆلۆژیی ژنانه‌ش وایكرد، ئه‌و پۆڵێنه‌ی سه‌ره‌وه زیاتر جێبكه‌وێت. پیاو له ده‌ره‌وه بوو، كاتی به‌تاڵی زیاتر بوو، ژنیش له ماڵه‌وه بوو و گیرۆده‌ی كۆمه‌ڵێك پرسی حه‌یاتی و ڕۆژانه‌یی بوو. وه‌ك بڵێی، ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و ناوه‌وه‌ی ماڵ، هه‌ر بیرخه‌ره‌وه‌ی ئه‌و دابه‌شكارییه فه‌لسه‌فییه‌یه. له ژووره‌وه، هه‌ر دونیا هه‌سته‌كییه سرووشتییه‌كه بوو، له مناڵبوونه‌وه تا چێشتلێنان و پاككردنه‌وه و ته‌ندرووستی و هتد. ده‌ره‌وه‌ش، ڕزگاربوون له‌م دۆخه، داماڵران له‌م دۆخه، داماڵران و داماڵین (ئهبستراكتكردن) خۆی به واتای چهمكاندنیش دێت: ئه‌وه‌ی كه خۆت له سرووشت، ماڵ، پرسه ههستهكییهكان داده‌بڕیت و له ده‌ره‌وه كاتی ڕامانت بۆ ده‌لوێت. ئه‌مه له ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی یۆنانیشدا ڕه‌نگی دابووه‌وه: فه‌زای گشتی، یاخۆ ئاگۆرا، شوێنی گفتوگۆی پیاوان بوو. هه‌تا دایالۆگه‌كانی ئه‌فلاتوون، تێكڕا دایالۆگی كۆمه‌ڵێك پیاون له‌سه‌ر پرسگه‌لی وه‌ك دادپه‌روه‌ری، فه‌زیله‌ت، حه‌قیقه‌ت و هتد. گه‌ر كۆی مێژووی فه‌لسه‌فه‌ش وه‌ك دیارده‌یه‌كی پیاوانه وه‌ربگرین، ئه‌وا تێده‌گه‌ین نه ئه‌وه‌ی ئه‌فلاتوون و نه كۆی مێژووهكهش دایالۆگ نه‌بووه، به‌ڵكو مۆنۆلۆگ بووه: واته ڕه‌گه‌زی پیاو له مۆنۆلۆگدا بووه له‌گه‌ڵ خۆی، خه‌ریكی خۆدواندن بووه؛ بێ ئه‌وه‌ی ژن به‌شدارییه‌كی ناوه‌كیی له‌و پرسانه‌دا هه‌بێت.
كاتێك ده‌ره‌وه و ناوه‌وه، وه‌ك ڕووبه‌ری پیاوانه و ژنانه‌ی لێ دێت، ده‌ره‌وه ده‌بێته شوێنێكی ڕووناك كه خۆر لێی ده‌دات، ڕوون و ڕاشكاوه، عه‌قڵ شته‌كان ڕوونده‌كاته‌وه. ناوه‌وه (ماڵه‌وه)ش ده‌بێته شوێنی ته‌مومژ، هه‌ست و پشێویی هه‌ست، غه‌ریزه‌ی ئاژه‌ڵی، و له‌ش و فیزیك. به‌ڵام لێره‌دا پرسیارێك سه‌رده‌ردێنێت كه ناتوانین نه‌یكه‌ین:له دونیای مۆدێرن یاخۆ كه‌مێك دواتردا، ژنان له ماڵ دێنه‌ده‌ر؛ به‌ڵام هه‌ر فه‌لسه‌فه به هی خۆیان نازانن. ئه‌وان مه‌یلێكی ئه‌وتۆ بۆ ئه‌م كایه مه‌عریفییه نانوێنن. ئاخۆ ئه‌مه په‌رچه‌كردارێكی نهستهكیی و نائاگایانه‌یه به‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتی پیاودا كه فه‌لسه‌فه‌ی به‌رهه‌مهێناوه، یاخود ڕیشه‌ی شاراوه‌تری هه‌یه؟ گه‌ر گریمانه‌ی یه‌كه‌م به هه‌ند وه‌ربگرین، ده‌توانین بڵێین ڕێی تێده‌چێت. چونكه فه‌لسه‌فه وه‌ك چالاكییه‌كی عه‌قڵی، بارگاوی بووه به زمان و ئامرازی نێرانه كه له دواسنوردا زبرن. بۆ نمونه، فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان تا هیگڵ و ئێستاش به‌جۆرێك، كار به چه‌مكی دیاله‌كتیك ده‌كات. دیاله‌كتیك ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی جیهان له‌ڕێی دژیه‌كی، ناكۆكی، جه‌نگ، به‌ركه‌وتن و كوتینی بێڕه‌حمانه‌ی ئه‌ویتره‌وه كارده‌كات. له‌كاتێكدا ژنان وا بارهێنراون نه‌رمتر بن، وێنه گشتییه‌كه ببینن، شته‌كان بلكێنن بهكترهوه وه‌ك له‌وه‌ی دایپڵۆسێنن، و سه‌ره‌نجامیش په‌ره به ئاكاری چاودێری و په‌رستیاری بده‌ن. به مانایه‌كی تر، فه‌لسه‌فه بیرخه‌ره‌وه‌ی مێژوویه‌كه كه بایه‌خ به داماڵین (ته‌جرید-ئهبستراكتكردن) ده‌دات، و واقیعی زیندووی ڕۆژانه پشتگوێده‌خات. له‌كاتێكدا له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی بزووتنه‌وه فیمینیستییه‌كان و بێداربوونه‌وه‌ی ژن‌دا، قورساییه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر ژیانی ڕۆژانه‌ش. ماركس یه‌ك له پێشه‌نگانی ئه‌و بۆچوونه بوو كه ژیانی ڕۆژانه به‌شێكه له حه‌قیقه‌ت، و حه‌قیقه‌ت چیدی شتێكی په‌تی و ئه‌بستراكت نیه- بۆیه‌شه ژن و پیاو هاوشانی یه‌كدی ده‌توانن بۆ حه‌قیقه‌ت بكۆشن. كاتێك ئه‌فلاتوون فه‌لسه‌فه‌ی برده ئاسمان، ماركس و هاوشێوه‌كانی هه‌وڵیاندا دایبگرن. به‌ڵام هێشتاش ئه‌مه كۆی كرۆكی كێشه‌كه نییه. چونكه سه‌ره‌نجام ماركسیش به چه‌مك كارده‌كات، واقیع له‌ڕێی چهمكاندن و داماڵینه‌وه تێده‌گات تاوه‌كو بگاته سه‌ر فه‌لسه‌فه پراكتیكییه‌كه‌ی خۆی.
كه‌واته بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، ده‌بێت له‌ڕێی پرسیارێكی تره‌وه گۆشه‌كه بگۆڕین: ئاخۆ پیاوانیش تێكڕا شه‌یدای فه‌لسه‌فه‌ن و ده‌توانن تێی بگه‌ن؟ دیاره نه‌خێر. ئه‌وه‌ی خه‌ریكی فه‌لسه‌فه‌ی په‌تی بووه، كه‌مینه‌یه‌ك بوون. گه‌ر به لۆژیكی ده‌روونشیكاری سه‌یری ئه‌م كه‌مینه‌یه بكه‌ین، مرۆی زۆر نۆرماڵ نه‌بوو؛ كۆمه‌ڵێك گومانگه‌رای پارانۆیی بوون كه مێژوویان به‌ناچاری گیرۆده‌ی كۆمه‌ڵێك پرسیار كرد. پرسیاری بێهوده؟ دیاره هه‌مووی نا. كۆمه‌ڵێك پرسیار، كه واده‌رده‌كه‌وێت زه‌رووری بوون، چاری ترمان نه‌بوو، به‌شێك بوون له ناكۆكیی ئه‌م جیهانه خۆی كه ده‌بوو له‌ڕێی ڕه‌گه‌زی پیاوه‌وه بورووژێنرێن. ئه‌مڕۆ كه ژنان له كایه‌كانی تری وه‌ك ده‌روونناسی، ئه‌ده‌بیات، هونه‌ر، لێكۆڵینه‌وه كه‌لتورییه‌كان ده‌خوێنن؛ مانای ئه‌وه‌یه عه‌قڵی فه‌لسه‌فی پێویستی به‌وه هه‌بووه جارێكی تر بگه‌ڕێته‌وه ناو ژیان خۆی. ئه‌مه‌ش له سه‌ده‌ی بیستدا به‌شی خۆی له خۆرئاوا ڕوویدا، له‌وێ كایهگهلی وه‌ك ده‌روونشیكاری، فینۆمینۆلۆژیا، ئێستاتیكا و هتد گرنگییان به پرسی له‌ش، ژنێتی، ئاره‌زوو، هیستریا، ئازادیی ژن دا. لێره له خۆرهه‌ڵات و كوردستان، تاڕاده‌یه‌كی زۆر ئه‌ده‌بیات توانیویه‌تی مه‌یلی ژنان به‌ره‌و لای خۆی بجووڵێنێت و دواییش بڕێك ده‌روونناسییه‌كان. فه‌لسه‌فه‌ی په‌تی، بۆ ژن و پیاویش وه‌ك كایه‌یه‌كی وشك و بێخێر سه‌یركراوه. بۆیه هه‌م ڕه‌خنه‌كانی سه‌ره‌وه ڕاستن، و هه‌م ئه‌م دوورهپهرێزییهش مانای بێبایه‌خیی فه‌لسه‌فه نایه‌ت؛ به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه ئاشتكردنه‌وه و لێكدانی ناوه‌كیی هه‌ردوو ڕووبهرهكهیه: ژنێتی و پیاوێتی، فه‌لسه‌فه و ده‌ره‌وه‌ی فه‌لسه‌فه.
