
🔻پارتی و یەکێتی یاری بە چارەنووسی دەستکەوتە مێژووییەکان دەکەن
🔻حزبی شیوعی کوردستان دژی دوو ئیدارەیی و پەراوێز خستنە
ڕێگای کوردستان
لە کاتێکدا قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەژێر گوشارە بەردەوامەکانی بەغدا و ووڵاتانی نوچەکە دایە، لە ناوخۆشدا بەتەواوی دابڕان و لێکترازانی نێوان لایەنە سیاسیەکان تۆختربووەتەو مەترسیەکان بۆ سەر قەوارەی هەرێم لە هەموو کاتێک زیاتر زیادیان کردووە.
پارتی و یەکێتی لە نێوان بژاردەی کاراکردنەوەی یەک لایەنەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت مەترسیی هەمیشەیی دوو ئیدارەییدا، یاری بە چارەنووسی دەستکەوتە مێژووییەکان دەکەن.
پارتی هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە بەبێ یەکێتی خێرا کردووە، بۆ ئەمەش پەنای بۆ ئەنجومەنی شووڕای هەرێمی کوردستان بردووە بەمەبەستی دیاریکردنی شێوازی زۆرینەی پەرلەمان، هاوکات جووڵەیەکی بەرفراوانی ناوخۆیی و ناوچەیی دەستپێکردووە.
هاوکات پارتی وەک بژاردەی دووەم، ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بە تاکە ڕێگاچارە دەبینێت ئەگەر پلانەکەی سەرنەگرێت.
لە بەرانبەردا، یەکێتی لەگەڵ ئەوەی کە بەو بەشەی لە ئەگەری پێکهێنانی حکومەت بۆی دیاریکراوە ڕازی نییە، وەک پەرچەکردارێکیش پرۆژەی دوو ئیدارەیی ئامادەکردووە و لە ڕێگەی بەغداوە کار بۆ پەکخستنی هەنگاوەکانی پارتی دەکات.
هاوکات لایەنەکانی تریش ئەوانەی لە هەڵبژاردن بوونە خاوەنی کورسی دابەشبوونەو بۆچوونی جیاوازیان سەبارەت بەم دۆخە هەیە.
کۆمەڵی دادگەری کە خاوەنی تەنها دوو کورسیە، لەگەڵ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردندایە، بەڵام سازگار فایق پەرلەمانتاری ڕەوتی هەڵوێست، پاڵپشتی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات.
لەسەر هەمان پرس، حزبی شیوعی کوردستان دژایەتیی خۆی بۆ دابەشکردنی هەرێم و دوو ئیدارەیی و پەراوێز خستن ڕاگەیاند.
سوبحی مەهدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ڕایگەیاند، کە ئەوان وەک حزبی شیوعی کوردستان لایەنگری هەرێمێکی یەکگرتوون بۆ هەموو پێکهاتەکان، بەڵام ئەمە بەدی نایەت تا لایەنە ناکۆکەکان نەگەڕێنەوە سەر مێزی دیالۆگ و واز لە بەرژەوەندیی حزبی بەرتەسک نەهێنن، چونکە بێ ڕێککەوتن دەرگا نەک تەنها بۆ دوو ئیدارەیی، بەڵکو بۆ لەناوبردنی هەموو دەستکەوتە مێژووییەکان واڵا دەبێت.
