
ڕاپۆرت/ دلێر عەلی
بۆ تێگەیشتن لە کارەساتی هەڵەبجە، ناتوانین تەنها لە چوارچێوەی فرمێسک و ماتەمینیدا بمێنینەوە؛ هەڵەبجە تەنها شارێکی قوربانی نییە، بەڵکو گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوەی فکری و سیاسییە لە دژی سیستەمە سەرکوتکەرەکان، مێژووی ئەم شارە مێژووی پێکدادانی ئیرادەی گەلانە لە بەرامبەر ئامێرە پیشەسازییەکانی کوشتنی دەسەڵاتە فاشیستەکان. کاتێک باس لە ١٦ی ٣ دەکەین، باس لە جەوهەری ململانێیەک دەکەین کە تێیدا مرۆڤی ڕەنجدەر دەبێتە سووتەمەنیی یارییە جیۆپۆلیتیکییەکان. لێرەوە، هەڵوێستی حیزبی شیوعی وەک هێزێکی پێشکەوتنخواز، تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نەبووە، بەڵکو پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ بووە لە ناو جەنگە بێماناکاندا.
لە ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، پرسیارەکان دەربارەی بەرپرسیارێتی مێژوویی و دۆخی ئێستای پارێزگاکە دووبارە دەبنەوە.بەڕێز هاوڕێ هادی کوڵکنی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی کوردستان و بەرپرسی مەڵبەندی هەڵەبجە، لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا بۆ "ڕێگای کوردستان" تیشک دەخاتە سەر خوێندنەوەی حیزبەکەی بۆ ڕابردوو و ئێستای شارەکە.
دووربینی سیاسی و پاراستنی شار
یەکێک لە خاڵە هەرە جەوهەرییەکانی مێژووی حیزبی شیوعی لە ساتەوەختی ١٦ی ٣دا، وەک کوڵکنی ئاماژەی پێ دەکات، تێنەگلانە لەو ململانێ سەربازییەی کە شارەکەی بەرەو وێرانبوون برد. ئەو دەڵێت: «حیزبی شیوعی مەترسییەکانی ئەو هێرشەی لەبەرچاو بوو، بۆیە لەوکاتەدا، بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە بەشداریی پلانێک ناکات شار و میللەتەکەمان بخاتە بەر مەترسیی لەناوچوون.» ئەو جەخت دەکاتەوە کە حیزبەکەی شانازی بەوەوە دەکات نەبووەتە هۆکار بۆ کێشکردنی هێزە ناوچەییەکان بۆ داگیرکردنی نیشتمانەکەی و ئەنجامی کارەساتەکەش دروستیی ئەو خوێندنەوەیەی حیزبی شیوعی بۆ هەمووان سەلماند.
هەڵەبجە وەک پێگەی فکری پێشکەوتنخوازی
لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکەیدا، کوڵکنی هەڵەبجە وەک «ئاوێنەی جوانییەکانی سیاسەت، ئەدەب و فکری پێشکەوتنخوازی» وەسف دەکات. هەرچەندە کارەساتەکە کاریگەریی قووڵی لەسەر پاشخانی فەرەهەنگیی ناوچەکە جێهێشتووە، بەڵام پێی وایە خەڵکی ناوچەکە هەمیشە هەوڵیان داوە ئەو ناسنامە مەعریفی و سیاسییە چەپەی خۆیان بپارێزن کە مێژوویەکی درێژی لەم دەڤەرەدا هەیە.
ڕەخنە لە مۆدێلی حکومڕانی و خزمەتگوزاری
سەبارەت بە دۆخی ئێستای هەڵەبجە وەک پارێزگا، بەرپرسی مەڵبەندی شیوعی پێی وایە ئەوەی کراوە لە ئاستی قوربانییەکانی شارەکەدا نییە. ئەو ڕەخنەی جددی ئاراستەی ئەدای حکومەت دەکات و دەڵێت: «پێویستە حکومەتی هەرێم کاری جددی بکات بۆ سڕینەوەی ئاسەواری کاولکارییەکان.» بە بڕوای ئەو، کێشەی بریندارانی چەکی کیمیایی و کەیسی منداڵە ونبووەکان برینێکی کراویە کە دوای ٣٨ ساڵ هێشتا چارەسەر نەکراون. ئەو داوا دەکات حکومەتی هەرێم ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و حکومەتی عێراقیش ناچار بکرێت وەک میراتگری ڕژێمی پێشوو، قەرەبووی ماددی و مەعنەویی خەڵکەکە بکاتەوە.
بەرەو یادێکی نیشتمانی، دوور لە ململانێ
یەکێک لە نیگەرانییە بەردەوامەکان، بەحیزبیکردنی یادی ١٦ی ٣یە. کوڵکنی پێشنیار دەکات بۆ پاراستنی مانا مرۆییەکەی ئەم یادە، دەبێت مەراسیمەکان بە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و یەکە کارگێڕییەکان بسپێردرێن و بە نیشتمانی بکرێن، نەک بکرێنە چەقی ململانێی سیاسیی نێوان لایەنەکان.
پەیام بۆ نەوەی نوێ
هادی کوڵکنی ڕوو لە گەنجانی هەڵەبجە و کوردستان دەڵێت: «هەڵەبجە وانەی بەرگری و پێشکەوتنخوازیی مێژووی کوردستانە.» ئەو داوا لە نەوەی نوێ دەکات کە ئەم مەرگەساتە لەبیر نەکەن و مێژووی ڕاستەقینەی لایەنەکان و هەڵوێستە نیشتمانییەکانیان وەک خۆی بخوێننەوە.
ئەنجام؛
هەڵەبجە؛ شارێک کە هەموو جیهان ناوی دەزانێت، بەڵام "تانکی ئاوی" سەربانەکانی هێشتا بەتاڵن. هەموو ١٦ی ئازارێک، بەرپرسەکان بە دەستی پڕ لە گوڵ و گیرفانی پڕ لە بەڵێنەوە دێن، وێنەی سێڵفی لەگەڵ مۆنۆمێنتەکە دەگرن و دواتر دەگەڕێنەوە ناو ئۆتۆمبێلە گولەنەبڕەکانیان، لە کاتێکدا بەرکەوتەیەکی چەکی کیمیایی هێشتا بۆ "تەنگەنەفەسییەکەی" دەبێت پارەی نانی ئێوارەکەی بدات بە کڕینی "بتڵە ئۆکسجین".
ئەمەیە تراجیدیای مۆدێرن؛ شارێک کە بووەتە "چەقی ململانێی سیاسی" بۆ ئەوانەی تەنها لە ساڵێکدا یەک ڕۆژ هەڵەبجەییان بیردەکەوێتەوە. وەک هادی کوڵکنی ئاماژەی پێ کرد، گەنجانی ئەم شارە مێژوویان لە فیلمەکاندا بینیوە، بەڵام ئێستا لە واقیعدا دەبینن چۆن برینەکانیان بووەتە ماددەیەکی ڕیکلامی بۆ هەڵبژاردنەکان،ململانێی حیزبیش وەک گازی خەردەل، هەناسەی لە یەکگرتوویی نیشتمانی بڕیوە.