
هۆشیاری عەبدولعەزیز
یەکێک لە مەترسییە هەرە گەورەکانی کایەی سیاسیی هاوچەرخ و ئەو ڕووکارانەی کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی تووشی نەهامەتی کرد ، کوشتنی سیستماتیکە ، ئەم جۆرە کوشتنە کە لە جەنگی جیهانی دووهەمدا و بەتایبەت لە کۆمەڵکوژی جولەکەدا وەک پرۆسەیەکی نوێی سڕینەوە سەریهڵدا و جێبەجێکرا ، هەنگاوێکی کردەیی مەترسیدار بوو بۆ لەنێووبرنی بەکۆمەڵی هاووڵاتی سیڤیل بەبێ جیاوازی تەمەن و ڕەگەزی مرۆیی ، ئەم مۆدێلە لەکوشتن بە شێوەیەکی سیستماتیک، کە بەرهەمی تۆتالیتاریزمی نازیەتە و بووە بنەمایەک بۆ سڕینەوەی گرووپە مرۆییە جیاوازەکان و بەمەش مێژووی سیاسیی سەدەی بیستەم، بووە گەواهیدەری سەرهەڵدانی ترسناکترین جۆری دەسەڵات کە مرۆڤایەتی ناسیویەتی، ئەویش "تۆتالیتاریزمی فاشیست"ە. چەمکی فاشیزم، تەنها لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی سیاسی کورت نابێتەوە، بەڵکو گوزارشتە لە عەقڵییەتێک کە "نەتەوە" یان "ڕەگەز" دەکاتە پیرۆزییەکی ڕەها و لەو پێناوەدا هەموو بەها مرۆییەکان دەکاتە قوربانی . نموونەی هەرە دیار و یەکەمینی ئەم مۆدێلە دڕندەییەش، نازییەتی ئەڵمانی بوو؛ کاتێک بە پشتبەستن بە تیۆری "پاکتاوی ڕەگەزی"، گەورەترین کارەساتی مرۆیی (هۆلۆکۆست)ی دژی جوولەکەکان ئەنجام دا و سەلماندی کە کاتێک ئایدیۆلۆژیا دەبێتە ئامرازێکی پیرۆز بۆ سڕینەوەی "ئەوی تر"، چیتر سنوورێک بۆ تاوان نامێنێتەوە. ئەم میراتە ڕەشەی نازییەت، دواتر لە ناوچەکانی تری جیهاندا بە شێوەی جیاواز و سیستماتیک سەری هەڵدایەوە، کە یەکێک لە دڕندەترین کۆپییەکانی، فاشیزمی بەعس بوو لە عێراقدا.
بەعس لەم پرۆسەیەدا کە دەرهاوێشتەی شەڕی کردە بیانوو گەورەترین تاوانی بەرانبەر کورد ئەنجامدا و لە دوای هۆڵۆکۆست هیچ نموونەیەک هێندەی کۆمەڵکوژی "هەڵەبجە" ناتوانێت قوڵایی ئەم دڕندەییە و داڕمانی بنەما ئەخلاقییەکانی دەوڵەت و سیستەمی نێودەوڵەتی نیشان بدات.
بۆیە لە دۆخێکی ئاوادا ئەم جۆرە کۆمەڵکوژیە پێویستی بە تێڕامانێکی ورد و قووڵ هەیە و ناکرێ لەو مەکینە ئایدیۆلۆژی و سیاسییەی کە مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ ژمارە و نەتەوە دەکاتە ئامانجێکی ڕەوای سڕینەوە تێنەگەین، بەتایبەت کاتێک ئەم کۆمەڵکوژییە تەنها ڕووداووگەلێکی کاتیی و سەرپێی ناو کایەی شەڕ و ململانێکان نییە وەک ئەوەی هەندێک وەک لێکەوتەی ئەو دۆخەی دەبینن، بەڵکو بەرجەستەبوونی لوتکەی ستەمکاریی سیستماتیک بوو کە تێیدا عەقڵی فاشیستیی بەعس، تەکنەلۆژیای مۆدێرنی جەنگیی وەک ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی خەونە کۆنەکانی سڕینەوەی کورد بەکارهێنا. ئەو مەیلە فاشیستییەی کە ڕژێمی بەعس لە گوتاری نەتەوەگەراییەکی توندڕەودا بەرجەستەی کردبوو، وایکرد دەوڵەت لە ئامرازێکی خزمەتگوزاری مۆدێڕنەوە بگۆڕێت بۆ تاقیگەیەکی گەورەی سڕینەوەی کۆمەڵایەتی، کە تێیدا هەر پێکهاتەیەک نەکەوێتە ناو چوارچێوەی ئەو " گوتارە نەتەوەیێەوە" وەک هەڕەشە تەماشا دەکرێ ، هەڵەبجەش لەم هاوکێشەیەدا بوو بە مەیدانی تاقیکردنەوەی ئەو ئایدیۆلۆژیایەی کە بڕوای بە یەک ڕەنگکردنی مێژوو و جوگرافیا هەبوو.
میکانیزمی ئەم سڕینەوە سیستماتیکە لە کوردستاندا بە چەند قۆناغێکی داڕێژراودا تێپەڕی؛ سەرەتا لە ڕێگەی تەعریب و تێکدانی ژێرخانی کۆمەڵایەتی و گۆڕینی ناسنامەی خاک و خەڵکەوە دەستی پێکرد و دواجار لە هەڵەبجە و ئەنفالدا گەیشتە ترۆپکی دوا قۆناغی سڕینەوەی فیزیکی و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی.
جگە لەوەی خۆی لەخۆیدا ١٦ی ٣ / ١٩٨٨
داڕمانێکی ئەخلاقیی گەورەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لوتکەی دڕندەیی ڕژێمی بەعس بوو کە هیچ سنوورێکی مرۆیی بۆ مانەوەی خۆی نەدەناسی. هاوکات بەکارهێنانی چەکی بالیۆلۆژی لەو هەڵومەرجەدا زمانێکی فەرمی بوو بۆ ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئەویتر مافی ژیانی نییە، ئەمەش بە هاوکاریی ئەو دەوڵەت و کۆمپانیایانەی کە کەرەستەی خاوی کۆمەڵکوژیان بۆ دابین کرد و ڕەهەندێکی جیهانییان بە تاوانەکە بەخشی و هەڵەبجە کرایە قوربانیی هاوسەنگیی هێز لە جەنگی سارددا. واتا هەڵەبجە تەنها حەقیقەتی
وەحشیگەریی دەوڵەت-نەتەوەیەکی فاشیستی نەخستە ڕوو، بەڵکو وەک ڕووکارێکی ڕوون بێئابڕووی ویژدانی یاسایی و سیاسیی جیهانی هاوچەرخیشی پێشانداین بەوەیی کە ئەگەر "سڕینەوە" لە مۆدێلی بەعسدا پرۆسەیەکی تەکنیکی بووبێت بۆ گۆڕینی مرۆڤ بۆ ژمارە و جەستەی بێبایەخ، ئەوا لە نەخشە جیوو سیاسییە نێودەوڵەتییەکەدا بێدەنگی و شاردنەوە و پاساودانی تاوانەکە گەورەترین مەترسی بوو لە سەر کورد و پێکهاتە نەتەوەیەکەی و تائێستاش کاریگەری پاساودانەکە نەڕەویوەتەوە و ئەگەرەکان لە بەردەم دووبارەبوونەوەی هاوکێشەکە و ئەو مۆدێلە لە کۆمەڵکوژی سیستماتیک کراوەیە و هێشتا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێبەریبوونی خۆی لەو پرۆسە مەرگهێنە نەخستۆتە بەرچاو و دانی بەوەدا نەناوە کە ئەوەی ڕوویدا لە هەڵەبجە جینۆسایدی سیستماتیک بۆ دژی کورد.
لەم تێگەیشتنەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە قۆناغی ئێستای ئەم کەیسە پێویستی بە تێپەڕاندنی گوتاری "قوربانیبوونی پاسیڤ" هەیە بەرەو گوتارێکی "بنیادنەرانەی دادخواز"؛ بە جۆرێک کە هەڵەبجە چیتر لەو فەزا ناهاوسەنگەدا وەک پاشکۆی ململانێی هێزەکان نەبینرێت، بەڵکو وەک بنەمایەکی ئەخلاقی بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندیی نێوان "دەسەڵات و هاوڵاتی" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەیری بکرێت و داببڕێ لەو سەوداو مامەڵە بازرگانیەی کە ساڵانە وەک کەرەستەیەک بۆ بەرژەوەندی دەسەڵات و پڕوپاگەندەی حزبی و پرۆسەی خۆپێهەڵکێشان مامەڵەی لە گەڵ بکرێت و ببێتە بەشێک لە بەرژەوەندی تەسکی حزبی و ئەجێندای بازاڕی سیاسەت.