
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ٢٠/٦/٢٠٢٦٫، مەڵبەندی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان، مەراسیمێکی بۆ ساڵیادی کۆچی دوایی هاوڕێ فەخرەدین نەجمەدین تاڵەبانی ناسراو بە مام ساڵح ڕێکخست.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی ئەبو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی کوردستان، بە یاوەری ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و خانەوادەو کەسوکاری هاوڕێی کۆچکردو و هەروەها نوێنەرانی مەڵبەندەکانی هەولێر و گەرمیان و کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان و نوێنەرانی ژمارەیەک لە حزب و لایەنە سیاسییەکان و حکومییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و دۆستانی حزب و هاووڵاتیانی شاری کەرکوک بەڕێوەچوو.
پاش چەند ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی هاوڕێ مام ساڵح و شەهیدان و تێکۆشەرانی حزب وگەل، ووتاری مەکتەبی سیاسی، لەلایەن هاوڕێ ئەبو کاروانەوە پێشکەش کرا، کە تێیدا تیشک خرایە سەر مێژووی پڕ لە خەبات و تێکۆشانی مام ساڵح و هەڵوێستە نیشتمانییەکانی قارەمانی و خۆڕاگرییەکانی لە قۆناغە سەختەکاندا.
پاشان لە ڕێگەی داتاشۆوە، بە وردیی ژیاننامە و وێستگە گرنگەکانی ژیانی مام ساڵح بۆ ئامادەبووان نمایش کرا.
هەر لە مەراسیمەکەدا، کۆمەڵێک پەخشان و شیعر بەم بۆنەیەوە خوێندرانەوە و چەند پەیام و بروسکەیەکیش ئاراستەی مەراسیمەکە کران.
لە کۆتاییدا ووتاری بنەماڵەی کۆچکردو، لەلایەن هاوڕێ عەلی کوڕی مام ساڵحەوە پێشکەش کرا.
وێڕای سوپاسگوزاریی بۆ حزبی شیوعی کوردستان لە بەرامبەر ڕێکخستنی مەراسیمەکە، بەشداری ئامادەبووانی لە کۆڕیادەکە بەرز نرخاند و بە هێمای وەفاداری ناوی برد.
لەم یادەدا، جارێکی دیکە جەخت لەسەر بەهاکانی خۆڕاگری و درێژەدان بە ڕێبازی تێکۆشەرانی وەک مام ساڵح کرایەوە، کە ژیانی خۆیان بۆ خزمەتکردنی گەل و حزبەکەیان تەرخان کردبوو.



