قەیرانی فەلسەفەی حوكمڕانی و پێویستی كاری هاوبەشی چین و توێژەكان دەبێتە تەوەری كاری هاوبەشی لاینەكان 


 ئەوین حەكیم پوور - هەولێر


لە پێناو چارەسەركردنی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان، مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی دیداری هەولێری لەگەڵ  دەستەبژێر و چالاكوانان و مامۆستایانی زانكۆ ئەنجامدا.
لە دیدارێكی  فیكری و سیاسی فراواندا لە شاری هەولێر، شارەزایان و بەشداربووان هۆشدارییان لە پەككەوتنی دامەزراوە نیشتمانییەكان و نەبوونی ستراتیژێكی مەعریفی بۆ حوكمڕانی دا؛ هاوكات جەخت لە گرنگی "كاری هاوبەش" و ئەنجامدانی چالاكی لەنێو چین و توێژە جیاوازەكاندا كرایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان و پێشكەشكردنی پرۆژەی جێگرەوە. 
لە میانی ئەو گفتوگۆیەی لە "ماڵی وەفایی" بەڕێوەچوو، ئامادەبووان و بەشداربووانی دیدارەكە كۆك بوون لەسەر ئەوەی كە تەنها گفتوگۆی نوخبە بەس نییە، بەڵكو دەبێت كار و چالاكی هاوبەش لەنێوان هەموو چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگەدا پەرەی پێ بدرێت بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری و پاراستنی ماف و ئازادییەكان.
ڕابەر تەلعەت، توێژەر و لێكۆڵەر، لە تەوەری سەرەكیدا ئاماژەی بەوە كرد كە حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای فەلسەفەیەكی سیاسی ڕوون دانەمەزراوە و وتی: "لە كوردستان تەنها مانۆڕی كۆنتڕۆڵكردن هەیە، دەسەڵات پشتی بە هێزی ڕەق بەستووە و پڕۆژەیەكی مەعریفی بۆ خەڵك پێ نییە." ناوبراو بە بەكارهێنانی تیۆرییەكانی گرامشی و بۆردیۆ، ڕەخنەی لەوە گرت كە بۆچی كوردایەتی نەبووەتە كەرەستەیەكی فیكری و فەلسەفی بۆ پاراستنی نەتەوە و نیشتمانەكەمان . 
لە لایەكی ترەوە، هیوا عومەر، جێگری سكرتێری حیزبی شیوعی كوردستان، هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری (پارتی و یەكێتی) بە بەرپرسیاری سەرەكی پەككەوتنی پەرلەمان و بێمتمانەیی خەڵك بە حكومەت دانا. ناوبراو داوای كرد نوخبەی ڕۆشنبیر و چین و توێژەكان و  هێزە سیاسییەكان پێكەوە كار بكەن بۆ دەربازبوون لەو بنبەستە سیاسییەی كە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵك دروست كردووە و گوتیشی ئەم چالاكیانە بەردەوام دەبێـت بۆ خستنەسەر رێگای پرۆژەیەكی فكری و سیاسی و ئابوری جێگرەوە لە پێناو چارەسەر كردنی قەیرانەكانی هەرێم . 
كۆڕەكە كە لە لایەن هاورێ‌  هۆگر چەتۆ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی  حیزبی شیوعی بەڕێوەچوو گوتی : ئامانجمان پەرەپێدان بە بیركردنەوە و كاری هاوبەشە لەم قۆناغە .
دواتر  بە گفتوگۆیەكی كراوەی بەشداربووان كۆتایی هات. تێیدا جەخت كرایەوە كە لێكەوتەكانی شەڕی ناوچەكە و قەیرانە ناوخۆییەكان پێویستیان بە یەكدەنگی و چالاكی مەدەنی و فیكری بەردەوام هەیە لەسەر ئاستی هەموو چین وتوێژەكان. 
دەرئەنجام  ئامادەبووان چەندین راسپاردە و پێشنیاریان خستەروو بۆ بەهێزكردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و پاراستنی مافەكانی هاوڵاتیان و قەوارەی هەرێمی كوردستان .

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا