
سلێمانی/ دلێر عەلی
ئەمڕۆ شەممە، ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٦ لە مەراسیمێکی شایستەدا لە هۆڵی ئازادی لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە نووسەران، خوێنەران و پێشمەرگە دێرینەکانی ڕۆژانی سەختی خەبات، دوو کتێبی بەڵگەنامەیی نوێ لە ئامادەکردنی نووسەر و توێژەر (مەغدید حاجی) بڵاوکرانەوە.
ئەم دوو بەرهەمە دۆکیۆمێنتارییە، تیشک دەخەنە سەر ڕۆڵ و بەشداریی کاریگەری حزبی شیوعی و پێشمەرگەکانی لە دوو لە داستانە هەرە درەوشاوەکانی مێژووی ڕزگاریخوازی گەلی کورد، کە ئەوانیش "داستانی هندرێن" و "داستانی خواکورک" ـن.
کتێبەکان بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە و گێڕانەوە مێژووییەکان، چیرۆکی خۆڕاگری و قوربانییەکانی ئەو سەردەمە بۆ نەوەی نوێ دەگێڕنەوە.
لە دەسپێکی مەراسیمەکەدا، مامۆستا مەجید، وتەی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی شیوعی پێشکەش کرد،و گرنگیی ئەم جۆرە کارە دۆکیۆمێنتارییانەی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند:
"بەڵگەنامە مێژووییەکان تەنها نووسین نین، بەڵکو گەنجینەی خەبات و یادگارییەکانی گەلن. ئەم دوو کتێبە ڕووناکی دەخەنە سەر ڕێگای ڕابردوومان بۆ ئەوەی ئامانجەکانی داهاتوو ڕوونتر ببینین."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە پاراستنی ئەم مێژووە و گێڕانەوەی چیرۆکی خۆبەخشین و دادپەروەری، نیشانەی ڕێزگرتنە لەو بناغەیەی کە داهاتوویەکی باشترمان بۆ دروست دەکات.
شایەنی باسە، کتێبی(داستانی هەندرێن 1966)،لەسەر ئەرکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی کوردستان چاپکراوە و کتێبی(ڕۆڵی پێشمەرگە شیوعییەکان لە داستانی خواکورک1988) لەسەر ئەرکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی عێراق(الانصار) چاپکراوە و وەک هەوڵێک بۆ زیندوو ڕاگرتنی مێژووی پڕ لە سەروەریی پێشمەرگە شیوعیەکان و پاراستنی ئەرشیفی نیشتمانی لە فەوتان.



