نووسینی/ زیرەک کەمال


لە ماوەیەکی کەمدا، کۆمەڵێک هەواڵی گرنگ و دڵخۆشکەرەم پێگەیشتن. سەرەتا پێیان گوتم: دوێنێ خەڵکی قارەمانی ڕانیە و دەڤەری ڕاپەڕین بەگشتی، بەدەم دروشمی (بژی ئازادی) و (نەفرەت لە جەهل)، پۆل پۆل بەرەو مەزاری (میرزا مەنگوڕ)ی کەوتوونەتە ڕێ، ئەو هەواڵەش وەها مەست و حەیرانی کردم، بە وێنەی گوڵەگەنمێکی بیتوێن و پشدەر بەدەم شنەبای ئەم هەواڵە کەروێشکە خەوێکم کرد.چونکەئەو ڕۆشنگەرە ساڵی 1971 کتێبی(گەشتی مەریخی )، نووسی و لەسەر ئەوەش خێڵی جەهل بەدەم دروشمی بژی تاریکی و بمرێ ڕووناکی، لە گشت لاوە پەلاماری ماڵەکەیانداو بەردبارانیان کرد.دواتر
بیستم خەڵکی هەولێری هۆلاکۆ بەزێن، دەستە دەستە بەدەم دروشمی (نەفرەت لە جەهل)و(بژی زانست) بەرەو گۆڕی بێنازی نووسەری گەورەی کورد (عەبدولخاڵق مەعرووف) بەڕێکەوتوون، ئەو نووسەرەی پەنجاساڵ بەر لە ئێستا کتێبی (ئادەمیزاد لە کۆمەڵگای کوردەواری)ی نووسی و لەسەر ئەوەش لەشکری چاخی بەردین و ئایدیۆلۆژیای ژەهر، خوێنیان حەڵاڵ کرد و هەر خۆشیان شەهیدیان کرد. بۆیەش هەواڵی وەفای پایتەختیش هێندە دڵخۆشی کردم، کردمی بە باڵندەیەکی خۆشخوان و لەسەر بەرزترین چڵی ژیان کەوتمەچڕین.
 بیستم خەڵکی سلێمانی ئازیز، بەدەم دروشمی   (ڕووڕەشی بۆ بکوژانی جوانی) و (نەفرەت لەتیرۆر)، پۆل پۆل بەرە و مەزاری نووسەر و ڕۆشنگەری کورد  (ڕەئوف زوهدی)ی بەڕێکەوتوون.ئەو نووسەرەش پەنجاساڵ لەسەر نووسینی کتێبی ( بۆلەهەقە کەوتنە تەقە ) سوپای جەهل شەهیدیان کرد، بۆیەش ئەو هەواڵەش وەها دڵخۆشی کردم، بە وێنەی پارچە زەویەکی وەرزی وشکەساڵی بە دەم بارینی بارانەوە ناخ و ڕۆحی پاراو کردم. کەچی
 لەپڕ ناسکەی هاوسەرم بانگی کردم، هەستە لەخەو پرخەپرخت بێزاری کردم. دوای بێدار بوونەوە  لەم خەوە خۆشە، بە وێنەی جەنگاوەرێکی شەڕگەی تێکشکان تەلەڤزیۆنم کردەوە و بینیم (ڕەحمان غەریب) کە لە هیچ شوێنێک غەریب نیە، کۆمەڵێک مایکی لەپێشە و بەدەم گریانەوە قسە دەکات. دواتر زانیم باسی ژنە پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵات  بەناوی (غەزال مەولان) دەکات، کە چەند ڕۆژێک بەر لەئێستا لە سورداش درۆنی کۆماری ئیسلامی شەهیدی کرد و بەرلەوەی شەهیدیش بێت بە برینداری براوەتە چەند نەخۆشخانەیەکی سلێمانی، بەڵام ئامادە نەبوونە وەری بگرن و ساڕێژی برینەکەی بکەن. دوای شەهیدبوونیش زۆر مزگەوتی شار ڕێگەیان نەداوە تەرمەکەی لەوێ بشورێت، دەڵێن دوای ئەو هەواڵە شاعیری مەزن  گۆران پەشیمان بۆتەوە لە شیعر و پیرەمیردیش بڕیاریداوەچیتر ئاگری نەورۆز نەکاتەوەو جارێکی دیکە وڵاتیشی جێ هێشتووە.

وتاری نووسەران