
ئەمڕۆ یەکشەممە،١٠ی ئایاری ٢٠٢٦ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە شاری سلێمانی، یاداشتێکی ناڕەزایەتی لەلایەن ژمارەیەک لە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نووسەران، ڕۆشنبیران، مامۆستایانی زانکۆ و کەسایەتییە ئایینی و سیاسییەکان ئاراستەی ڕای گشتی و فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان کرا.
لە یاداشتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ماوەی (١٨ مانگ) بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان جگە لە سوێندخواردنی ئەندامان و جێگیرکردنی مووچە و ئیمتیازاتەکان، هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام نەداوە و ئەرکە یاساییەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە.
ئامادەکارانی یاداشتەکە ڕەخنەی توندیان لە "خەمساردی و نابەرپرسیارییەتی" هێزە سیاسییەکان گرت و بەراوردی دۆخی هەرێمیان بە عێراق کرد، کە سەرەڕای ناکۆکییەکان، پەرلەمان و سەرۆکایەتییەکانی کاران، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی هەستیاردایە و پێویستی بە پەرلەمانێکی کارا و کابینەیەکی نوێی حکومەت هەیە.
یاداشتەکە دوو داواکاری سەرەکی وەک چارەسەر بۆ ئەم چەقبەستووییە خستووەتە ڕوو:
یەکەم:دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی کۆبوونەوەکان: پێویستە لە نزیکترین وادەدا پەرلەمانتاران کۆببنەوە، دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن و ئەرکە مێژووییەکانی خۆیان ڕاپەڕێنن.
دووەم :هەڵوەشاندنەوەی خولەکە: لە ئەگەری بەردەوامبوونی پەککەوتنی پەرلەمان، داوا کراوە بە میکانیزمی یاسایی کۆتایی بەم خولەی پەرلەمان بهێنرێت، چونکە مانەوەی پەرلەمان بە پەککەوتوویی "نەنگییەکی گەورەیە" و نابێت لە پێناو ئیمتیازاتدا قبوڵ بکرێت.
لە کۆتایی یاداشتەکەدا هاتووە کە ئەم هەنگاوە گوزارشتە لە نیگەرانی و ناڕەزایەتی قووڵی خەڵکی کوردستان. داواش لە سەرجەم فراکسیۆنەکان و هێزە سیاسییەکان کراوە کە بە ڕوونی هەڵوێستی خۆیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن و هەنگاوی جدی بۆ تێپەڕاندنی ئەم "بۆشاییە دامەزراوەییە" بنێن.

