
وەزارەتی بازرگانیی چین ڕایگەیاند'' ئەو ڕێککەوتنانەی لە کاتی سەردانەکەی هەفتەی ڕابردووی دۆناڵد ترەمپ بۆ پەکین ئەنجامدران، تەنها لێکتێگەیشتنی سەرەتایین و گفتوگۆکان لەسەر وردەکارییەکان هێشتا بەردەوامن.''
بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکە، هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر دروستکردنی دوو ئەنجومەنی هاوبەش بۆ وەبەرهێنان و بازرگانی بە مەبەستی دانوستان لەسەر کەمکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر کەلوپەل و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، لەگەڵ چارەسەرکردنی بەربەستەکانی گەیشتن بە بازاڕەکان.
هەروەها وەزارەتەکە بوونی ڕێککاری سەرەتایی بۆ کڕینی فڕۆکەی ئەمریکی لەلایەن چینەوە و وەرگرتنی گەرەنتی بۆ دابینکردنی بزوێنەر و پارچەی یەدەگ پشتڕاستکردەوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتە ڕوو.
ئەم بەدواداچوونە فەرمییەی پەکین وەسفێکی گشتییە بۆ ئەنجامی گفتوگۆکان و لە کاتێکدا دێت کە شرۆڤەکاران گومانیان لە لێدوانەکانی دوێنێی ترەمپ هەیە سەبارەت بە کڕینی ٢٠٠ فڕۆکەی بۆینگ، بەهۆی ئەوەی هیچ خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان ڕانەگەیەندراوە.
