
ئەمڕۆ چوارشەممە، موحسین نەقوی وەزیری ناوخۆی پاکستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران. ئەم سەردانە کە بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت، لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئیسلام ئاباد دێت بۆ زیندووکردنەوەی دانوستانە چەقبەستووەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و جێگیرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، سەردانەکەی وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەی گفتوگۆی نێوان هەردوو لایەنە و لە کاتی گەیشتنیشیدا لەلایەن ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێرانەوە پێشوازی لێکرا.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییە نوێیەی ئیسلام ئاباد دوای چەند رۆژێک لە سەردانی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان دێت بۆ تاران.
پاکستان لە ئێستادا رۆڵی نێوەندگیرێکی سەرەکی لە نێوان تاران و واشنتۆندا دەگێڕێت، بەتایبەت دوای ئەوەی مانگی رابردوو میوانداری کۆبوونەوەیەکی باڵای لە نێوان شاندەکانی هەردوو وڵاتدا کردبوو.
