
مووچە پرسێکی جێگیرە و دەستبردن بۆی قبوڵکراو نییە
ڕاوێژکارێكی دارایی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند'' دۆسیەی مووچە پرسێکی جێگیرە و هیچ گفتوگۆ و دەستبردنێک لەو بارەیەوە قبوڵکراو نییە، چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە بژێوی ژیانی نزیکەی ٩ ملیۆن مووچەخۆر و زیاتر لە ٤٠ ملیۆن هاووڵاتییەوە.''
موزهیر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکارێكی دارایی حکومەتی عێراق جەختی کردەوە کە لە وڵاتێکی بەکاربەری وەک عێراقدا، دابینکردنی مووچە لە پێشەنگی ئەولەویەتەکانی حکومەتدایە و هێڵی سوورە.
سەبارەت بە دۆخی دارایی وڵات، ئەوەشی ئاشکرای کرد کە بودجەی گشتی بەهۆی پشێوی داراییەوە ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە، کە هۆکارەکەی بۆ "شۆکی داخستنی گەرووی هورمز" دەگەڕێتەوە.
ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم داخستنە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گەیشتنی نزیکەی ٩٠٪ی داهاتی بودجەی عێراق هەبووە بە شێوەیەکی دروست.
لە کۆتاییدا دڵنیایی دا کە لە ئێستادا چەندین ڕێوشوێنی کورتخایەن جێبەجێ دەکرێن و هەماهەنگییەکی بەهێز لە نێوان سیاسەتی دارایی و نەختینەییدا هەیە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی کارەکانی حکومەت و جێبەجێکردنی سەرجەم پابەندییە بنەڕەتی و داراییەکان بەرامبەر بە هاووڵاتییان.
