
هێزە ئاسمانییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە بنکەیەکی ئاسمانییان کردووەتە ئامانج، کە بە ووتەی ئەوان لە هێرشێکی ئەمریکیدا بۆ سەر تاوەرێکی پەیوەندییەکان لە دوورگەی سێریک بەکارهاتووە. سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوەکەیدا شوێنی وردی ئەو بنکە ئاسمانییەی دەستنیشان نەکردووە کە هێرشی کردووەتە سەری.
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی کوێت (کۆنا) بڵاویکردەوە، کە بەرگریی ئاسمانیی کوێت ئەمڕۆ دووشەممە بەرپەرچی چەندین هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) نەیاری داوەتەوە.
بەپێی سەرچاوەکە، لە کاتی هێرشەکاندا دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری وڵاتدا بیستراوە، بەڵام ئاژانسەکە تا ئێستا چەندایەتی و وردەکاریی زیاتری لەبارەی زیانەکان یان سەرچاوەی هێرشەکان بڵاونەکردووەتەوە.
