لە مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری و خەباتی چینایەتیدا، پرسی "ئەزموون" و "فێربوون" یەکێک بووە لە پرسە هەرە ناوەندییەکانی ناو حزبە چەپە مارکسییەکان. مارکسیزم خۆی وەک زانستێکی پراکتیکی دەناسێنێت، کە تێیدا تیۆری لە ئەزموونی پراکتیکییەوە سەرچاوە دەگرێت و دواتر دەبێتە ڕێبەر بۆ گۆڕینی واقیع.
حزب و بزووتنەوە چەپەکان لە مێژوودا هەمیشە بزوێنەری سەرەکیی گۆڕانکارییە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بوون. بەڵام لە جیهانی خێرای سەدەی بیست و یەکەمدا، ئەم حزبانە لەبەردەم تەحەدایەکی گەورەدان: چۆن مێژوو و ئەزموونی خۆیان بپارێزن و لە هەمان کاتدا نەبنە بارمتەی ڕابردوو. ئەزموون بۆ چەپەکان نەک تەنها بەشێکە لە مێژووی تێکۆشان بە هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنییەوە، بەڵکو دەبێت ئامرازێکی زانستی بێت بۆ تێگەیشتن لە ئێستا و نەخشاندنی داهاتوو.
یەکێک لە گەورەترین کاریگەرییەکانی ئەزموون ئەوەیە حزبەکان بوێرانە سەیری شکستەکانی ڕابردوو و هۆکارەکانی بکەن، بۆ نموونە لە کوێدا گوتاری سیاسی و ئامانجەکانیان لە خەڵک دابڕاوە یان لە کوێدا شێوازی ڕێکخستن و کاری حزبییان لەگەڵ هەلومەرجی ژیانی کۆمەڵگە نەگونجاو بووە. گۆڕینی دیدگای حزب بۆ جەماوەرەکەی دەبێت بەردەوام لە گۆڕانکاریدا بێت بەپێی باری ئابووری و سیاسی. بۆ نموونە پێکهاتەی چینی کرێکار لە سیستەمی ئابووریی نوێدا بەهۆی گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان و زیرەکیی دەستکردەوە لە بەردەوامبوونی گۆڕاندایە، جاران کرێکار لە کارگە کۆدەبووەوە، ئێستا کرێکار لە پشت کۆمپیوتەرەوەیە یان بە ماتۆڕسکیلێک لە شەقامەکاندا کار دەکات. هەر لەم گۆشەنیگایەوە حزبە چەپەکان دەبێت "ئەزموونی ڕێکخستنی جەماوەری"ی خۆیان بگۆڕن کە بگونجێت لەگەڵ واقیعی ژیان و ئەو گۆڕانکارییانەی بەردەوام لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا ڕوودەدەن و گوزارە لە بەرژەوەندیی توێژە کۆمەڵایەتییە پەراوێزخراوەکان بکەن تا ببنە بەشێک لە خەباتی چینایەتی.
دیارە ئامرازەکانی خەبات بەردەوام لە گۆڕانکاریدان، بۆ نموونە سۆسیال میدیا و ڕاگەیاندنی ژمارەیی یەکێکن لەو ئامرازانەی کە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر هۆشیاری و بیرکردنەوەی جەماوەر هەیە. بۆیە ئەو دروشم و ئامرازانەی لە هەفتا و هەشتاکاندا بەکارهاتوون بۆ سەدەی بیست و یەک نەگونجاون، بە هەمان گوتار و زمانی سیاسی ناتوانن قسە لەگەڵ گەنج و نەوەی نوێ بکەن، ئەگینا تەواو لە جەماوەر دادەبڕێن.

حزبێکی چەپی سەرکەوتوو ئەو دارەیە کە ڕەگی لە خاکی مێژوودا بێت و چڵەکانی لە ئاسمانی داهاتوودا بن.


حزبە چەپەکان ئەگەر بیانەوێت کاریگەر بن، دەبێت "ئەزموون" وەک چاوێک بەکاربهێنن بۆ بینینی ڕێگاکە، نەک وەک کۆڵەپشتێکی قورس کە ڕێگر بێت لە هەنگاوەکانی تێکۆشان. زۆر لایەن هەن کاتێک باس لە نوێبوونەوە دەکەین وا دەزانن مەبەست وەلانان و بەرپەچدانەوەی هەموو ئەو کادیرانەیە کە چەند دەیەیەکە لەناو ئەو حزبە چەپاندا کار دەکەن، نوێبوونەوە بە واتای دەستبەرداربوون لە ڕیشەکان نییە، بەڵکو بە واتای گونجاندنی ڕیشەکانە لەگەڵ خاکی نوێدا. حزبێکی چەپی زیندوو ئەو حزبەیە کە مێژووی خۆی دەخوێنێتەوە بۆ پێکهێنانی سبەینێیەکی باشتر. چونکە هەموو خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە ئەزموون، جگە لەوەی هەڵەکان دووبارە ناکەیتەوە بەڵکو وزەیەکی نوێ بە ڕەوتی خەبات دەبەخشێت. لە ڕابردوو فێردەبیت و ئێستا بە ئامرازە نوێیەکانی خەبات بە زیندوویی دەمێنیتەوە و گوزارە لە داهاتوو دەکەیت و کاری بۆ دەکەیت. هەر بۆیە خوێندنەوەی ئەزموون، ئامرازێکە بۆ پەروەردەکردنی کادیرەکان و ئامادەکردنیان بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی گەورەتر و نوێکردنەوەی خوێنی سەرکردایەتی و تێگەیشتن لە کێشە ڕاستەقینەکانی سەردەم بە دیدگایەکی نوێوە.

مەترسییەکانی ئەزموون؛ چەقبەستوویی و دۆگماتیزم

سەرەڕای گرنگیی ئەزموون، مێژووی حزبە چەپەکان پڕە لە نموونەی تاڵ کە تێیدا ئەزموون بووەتە هۆی چەقبەستوویی و داڕمانی خەباتی سیاسی، وەک "سەردەمی برێژنێف لە یەکێتیی سۆڤیەت (١٩٦٤ - ١٩٨٢)". ئەم دۆخە کاتێک ڕوودەدات کە دیالەکتیکی نێوان تیۆری و پراکتیک دەپچڕێت، و ئەزموون دەبێتە پەیکەرێکی پیرۆز کە نابێت دەستی بۆ ببرێت.
چەند هۆکارێک هەن کە وا دەکەن ئەزموون ببێتە هۆی چەقبەستوویی لە حزبی چەپدا:

کاتێک حزبێک ئەزموونەکانی ڕابردووی خۆی یان سەرکردەکانی پێشووی بە ڕەهایی و بێخەوش سەیر دەکات، توانای ڕەخنەگرتن و نوێبوونەوە لەدەست دەدات. مارکسیزم لە بنەڕەتدا فەلسەفەیەکی ڕەخنەگرانەیە، بەڵام کاتێک ئەزموون دەبێتە دۆگما، حزب ناتوانێت وەڵامی پرسیارە نوێیەکانی سەردەمی نیۆلیبرالیزم و سەرمایەداریی دیجیتاڵی بداتەوە.

قۆرخکردنی ئەزموون لەلایەن سەرکردایەتییەوە، لە زۆرێک لە حزبە چەپەکاندا، ئەو کادیرانەی کە خاوەنی "ئەزموونێکی زۆرن" یان مێژوویەکی درێژی خەباتیان هەیە، دەسەڵات قۆرخ دەکەن و ڕێگە بە گەشەکردنی نەوەی نوێ نادەن. ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی بیرۆکراسییەتێکی حزبی کە تێیدا ئەزموون وەک چەکێک بۆ سەرکوتکردنی ڕەخنە و بیرۆکەی نوێ بەکاردەهێنرێت.

دابڕان لە واقیعی نوێ، هەندێک جار حزبەکان هێندە نقومی خوێندنەوەی ئەزموونەکانی سەدەی بیستەم دەبن، واقیعی ئەمڕۆی چینی کرێکار و ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەیییانەی کە بەسەریدا هاتوون لەبیر دەکەن. پشتبەستنی کوێرانە بە ئەزموونی کۆن لە هەلومەرجێکی نوێدا، دەبێتە هۆی دابڕانی حزب لە جەماوەر.

بۆ ئەوەی حزبێکی مارکسیستی خۆی لە چەقبەستوویی بپارێزێت و ئەزموون بکاتە چەکێکی کاریگەر بۆ پێشکەوتن، پێویستە چەند بنەمایەک پەیڕەو بکات:
یەکەم: گەڕانەوە بۆ مێتۆدی دیالەکتیکی؛ واتە هەڵسەنگاندنی بەردەوامی ئەزموونەکان لەژێر ڕۆشنایی هەلومەرجە نوێیەکاندا. وەک چۆن مارکس و ئەنگڵس لە دوای کۆمۆنەی پاریس دەستکاریی هەندێک لە بۆچوونەکانی خۆیان کرد، پێویستە حزبی چەپیش ئامادە بێت بۆ پێداچوونەوە بە ستراتیژییەکانی خۆیدا.
دووەم: بە دیموکراتیزەکردنی پرۆسەی فێربوون؛ واتە ڕێگەدان بەوەی کە فێربوون تەنها لە سەرەوە بۆ خوارەوە نەبێت، بەڵکو لە خوارەوە (لە بنکە جەماوەرییەکان و زەحمەتکێش و کرێکارانەوە) بۆ سەرەوە بێت. ئەمەش لە ڕێگەی چالاککردنی ئازادیی گفتوگۆ و پاراستنی مافی ڕەخنەگرتنەوە دەبێت.
سێیەم: جیاکردنەوەی "پرەنسیپ" لە "ئامراز"؛ پرەنسیپەکانی چەپ (وەک دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، یەکسانیی جێندەری، نەهێشتنی جیاوازیی چینایەتی و...) نەگۆڕن، بەڵام ئامرازەکانی گەیشتن بەم پرەنسیپانە (شۆڕش، کاری پەرلەمانی, مانگرتن، خۆپیشاندان، چاکسازی، میدیای دیجیتاڵی) لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر دەگۆڕێن. نابێت پرەنسیپە هاوچەرخەکان بکرێنە قوربانیی ئامرازە کۆنەکان.
چوارەم: دروستکردنی بەرەیەکی جەماوەری؛ لەبری ململانێی حزبیی تەسکی ناوخۆیی، پێویستە لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی وەک (بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، داکۆکیکردن لە مووچەخۆران و هەژاران، ڕەتکردنەوەی سیستەمی سەرمایەداریی خێڵەکی لە کوردستان، خەبات دژی هەموو لێکەوتەکانی نیۆلیبرالیزم لە کوردستان و...) یەکبگرن.
پێنجەم: گرنگیدان بە قەیرانی ژینگە؛ گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی و پیسبوونی ژینگە خەمی گەورەی نەوەی نوێیە. چەپ دەبێت پرسی پاراستنی ژینگە بکاتە ئەولەویەتی خۆی و بیسەلمێنێت کە سەرمایەداری هۆکاری تێکدانی سروشتە.
شەشەم: ئازادییە کەسی و مەدەنییەکان؛ نەوەی نوێ دژە-سەپاندنە و داوای مافی تاکەکەسی، دادپەروەریی جێندەری و نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، ئازادیی وشە و ڕۆژنامەگەریی... دەکات. حزب دەبێت لەم ڕووەوە پێشەنگ بێت. بەتایبەتی گرنگیدان بە توێژە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە (ژنان، گەنجان، بێکارەکان).
حەوتەم: پێدانی دەسەڵات بە گەنجان؛ ناتوانرێت سەرکردایەتیی حزبێک بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ گۆڕانکاریی بەسەردا نەیەت و چاوەڕێش بکرێت گەنجان متمانەی پێ بکەن. دەبێت لە ناوەندەکانی بڕیاردا شوێن بۆ کادیرە گەنجەکان و ژنان بکرێتەوە. کادیرە خاوەن ئەزموونەکان ڕێنماییکار و پاڵپشتی گەنجەکان بن، نەک ئەگەر خۆیان لە سەرکردایەتیی ئەو حزبانە نەمان خەریکی گێرەشێوێنی و بەلارێدابردنی کادیرە بێ‌ئەزموونەکان بن. وەک دەڵێن تەنیا دایک و باوک حەز دەکەن منداڵەکانی خۆیان لە خۆیان باشتر بن، ئەو کادیرە بەئەزموونانە کە لە کۆنگرەکاندا خۆیان هەڵنابژێرن یان دەنگ ناهێنن دەبێت بەو گیانەوە لەگەڵ مێژوو و ئەزموونی خۆیان کار بکەن تا کادیرە گەنجەکان لە خۆیان باشتر بن.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا