لە وڵاتە ئیسلامییەكلاندا، دەزگایەكی هەرە باڵای ئایینی هەیە، كە ئەركی ڕوونكردنەوە و بەلاداخستنی ئەو پرسیار و گرفت و كێشانەیە، كە جۆرێك لە ئاڵۆزیی و ناڕوونیان لە ڕووی شەرعەوە تێدایە و گومان و ڕەهایەك لای موسڵمانان دروست دەكەن، كە پێی دەگوترێ (لیژنەی فتوا) یان موفتی وڵات. بێگومان ئەم لیژنەیە، بژاردەی هەرە دیاری زانایانی ئایینین، كە لای ئێمە بە مەلای دوانزە عیلم دەناسرێن، ئەمە وێرای ئەوەی كە فتوا دان، پرسێكی شەرعی و كۆمەڵایەتی و تەفسیریی ئاڵۆز و قورسە، بە تایبەتیش لە ئیسلامدا، كە زۆرجار بە هۆی بوونی چەندین مەزهەبی جیاوازەوە، هاودژی و ناكۆكی دروست دەبێت. لە هەرێمی كوردستانیشدا، لیژنەی فتوا هەیە، كە لە كۆمەڵێك زانای ئایینی پایەبەرز پێكهاتووە. لەم ساڵانەی دواییدا، لیژنەی فتوا لە هەرێم، بەداخەوە دابەزیوەتە سەر هەندێك پرس و بابەتی زۆر سادە و ساكارو زانراو، كە نەك نابێ لیژنەی فتوا لە بارەی ئەم بابەتانەوە ڕوونكردنەوە بدا، بەڵكو نابێ ئەندامەكانی پێشیەوە سەرقاڵبن، چونكە زانیاریی گشتی و ڕووكەشین. بە نموونە، لیژنەی فتوا، فەتوایەكی دەركرد كە هەر گەشتیارێك، بە ڕۆژی هەینی بۆ سەیران بچێت، ئەوا گەر بەشداری وتاری هەینی نەكات، ئەوا گوناهبارە چونكە نوێژی هەینی ئەرك و فەرزە لە سەر موسڵمانان! ئایا كەس هەیە ئەمە نەزانێت؟ گەر موسڵمانان هێشتا لەوە نەگەیشتبن، كە نوێژی هەیەنی دەبێ بكرێت و نابێ لەو ڕۆژە سەیران بكەن و وتاری هەینییان بچێت، ئەوا مانای وا نییە، كۆمەڵگەی ئێمە تەنها بە ڕووكەشی ئایینی وەرگرتووە؟ ئایا ئەمە پێویستی بەڕوونكردنەوەی لیژنەی فتوا هەیە؟ ئەمجارەیان فەتوایەكی دیكەی لە بارەی مووچەوە دەركردووە، كە نە بواری ئەوانە، نە پەیوەندی بەوانیشەوە هەیە و كورد وتەنی بە یاسای نە شیش بسووتێ نە كەباب مامەڵەیان كردووە. لە فتواكەدا دەڵێن:_( ئەسڵ وایە فەرمانبەر مووچە لە ئامێرەكانی ئەی تی ئێم وەرگرێت) ئەسڵ وایە مانای چییە؟ ئایا ئەمە ناڕاستەوخۆ پەیوەسبوونێكی ناچاری فەرمانبەران نییە، بەو ئامێرەوە؟ گریمان فەرمانبەرێك باوەڕی بە هەژماری من نەبوو، نەیویست و ئارەزووی نەكرد مووچە لەوێ وەربگرێت، ئایا بەم ڕوونكردنەوە ناچار ناكرێت؟ هەر لە درێژەی فەتواكە لە بارەی مووچە، ئەمجارەیان دەڵێن:_( پێویستە فەرمانبەر كاتێ قەرز لە نووسینگەكانی دراو دەكات، پارە هاتبێتە سەر هەژمارەكەی ) جا گەر پارە هاتبێتە سەر هەژمارەكەی بۆچی دەچێ قەرز دەكات؟ مەگەر كەسێك پارەی هەبێت و بیەوێت سەفەر بكات، پێویست بەوە دەكات قەرز بكات؟ لیژنەی فەتوا، بە ناڕوونی مامەڵەی لەگەڵ ئەو پرسە كردووە، ئەویش لە سۆنگەی پرسی ڕیبا و حەڵال و حەڕام، كە ئەمە مافی خۆیانە بەڵام بابەتەكە لێرە كۆمەڵایەتیشیە چونكە كە فەرمانبەرێك هێشتا مووچەكەی نەهاتووە و دەیەوێت سەفەر بكات، ئەوا با قەرز وەربگرێت، نەك هەژمارەكەی پارەی تێدا بێت! ئەگەر وابێت بۆچی قەرز دەكات؟ بەڕاستی وێرای پێزانینم بۆ ڕوونكردنەوە و فەتواكانی لیژنەی فتوای هەرێم و پێگەی بەرزی ئاینییان، بەڵام زۆربەی فتواكانیان بۆ كۆمەڵگەی ئێمە كە هوشیارییەكی ئەوتۆی نییە ڕوون نین. ئەمە وێرای ئەوەی كە ئەو بابەتانە بچووكن و پێویستیان بە فتوا نییە. دواجار وەك هاووڵاتییەك پێشنیار دەكەم كە ئەم لیژنە بەڕێزە فتوایەكیش بۆ مووچەی پەرلەمانتاران دەربكات كە ئاخۆ مووچەكەیان حەڵاڵە یان حەڕام؟ چونكە نزیك دەبێتەوە لە دووساڵ، بێ دەوام مووچە وەردەگرن. كەواتا دەكرێ كەسێك بێ ئەوەی هیچ كارێك بكات، مانگانە هەشت ملیۆن وەربگرێت و فەرمانبەر و مامۆستایەكیش گەر نەچێتە دەوام، بە نەهاتوو دابنرێت و مووچەكەی ببڕدرێت؟
.
