
کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی لەزاری بەرپرسێكی ئیسرائیلییەوە بڵاویكردەوە، "ترەمپ بەڵێنی بە نەتنیاهۆ داوە کە دەستبەرداری ماددە پیتێنراوەکان نەبێت"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ یۆرانیۆمی پیتێنراو. وتیشی، "لارییەکمان نییە لە بەردەوامیی دانوستانەکان، و پێمان وایە لە قۆناغێکدا دەتەقێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "خۆمان لە پیشاندانی ترس و دڵەڕاوکێ بەدور دەگرین بۆ ئەوەی ترەمپ هەست نەکات کە ناچاری دەکەین هەنگاو بنێت؛ دەمانەوێت دەستی ئازاد بێت لە بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیەدا".
ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان لەکاتی بەجێهێشتنی کۆشکی سپی وتی، چاوەڕوان دەکات لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا وەڵامی فەرمی لە ئێرانەوە پێبگات سەبارەت بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و کردنەوەی گەروی هورمز، وتیشی، "وا دادەنێم ئەمشەو نامەیەکم پێبگات. دەبینین چی ڕودەدات. ئایا کات دەکوژن؟ نازانم، بەمزوانە دەزانین".
