هاوژین شکور /کەلار

توندوتیژی خێزانی دژ بە ژنان دیاردەیەکه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌ بەرزبوونەوەدايه‌ و هیچ سنوورێکی جوگرافيش ناناسێت و لە هەموو کۆمەڵگایەک لە جیهاندا، لە هەموو کولتوورەکان، ئایینەکان، لە ئاستەکانی خوێندندا دەبینرێت و کاریگەری لەسەر هەموو جۆرە پەیوەندییەکی خێزانیی و چینێكى کۆمەڵایەتی هەیە.

ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت 25ى تشرینی دووەم كه‌ ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنانه‌ و ڕۆژێكى جيهانيه‌ بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان و له‌ لايه‌ن وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکانه‌وه‌ به‌ پێى بڕیارنامەی ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایش ديارى كراوه‌ وەک سەکۆیەک به‌ كاربێنين بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری و داکۆکیکردن لە گۆڕانکاری لە سیاسەت و کۆکردنەوەی تاک و کۆمەڵگا و هه‌موو لايه‌نه‌كان بۆ گرتنەبەری هەنگاوي پێويست و هه‌روه‌ها تیشک بخرێته‌ سەر پابەندبوونی هه‌موولايه‌ك بۆ دەستەبەرکردنی ماف و سەلامەتی ژنان و کچان و پێویستی هەوڵی بەکۆمەڵ بۆ دروستکردنی ژينكه‌يه‌كى دوور لە توندوتیژی و جیاکاری.

بە تێگەیشتن لە گرنگییەکەی، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، پشتگیریکردنی ڕزگاربووان، و داکۆکیکردن لە گۆڕانکاری، هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو ساڵێك هه‌رێمى كوردستانيش بەشداری ده‌كات لەو بزووتنەوە جیهانیيه‌ کە هەوڵدەدات بۆ جیهانێک کە هەموو ژن و کچێک بتوانێت دوور لە توندوتیژی و ترس بژی به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئاستى توندوتیژيه‌كه‌ مه‌ترسيداره‌. 

دياره‌ ئاشكرايه‌ كه‌ توندوتیژی یەکێک لە بەربڵاوترین پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی ژنان پێکدەهێنێت. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ ژنان و كچان نه‌توانن وه‌كو پێويست چێژوەرگرن لە مافه‌كانى حۆيان. 

به‌ پێى ئامارێكى نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر سێ ژنێک لە جیهاندا یەکێکیان تووشی توندوتیژی جەستەیی یان سێکسی ده‌بنه‌وه‌، کە زۆربەیان لەلایەن هاوبەشێکی نزیکەوە چ لە ماڵەوە، چ له‌ سه‌ر كاره‌كانيان يان لەسەر شەقامەکان، یان لە کاتی شەڕدا.

له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا له‌ هه‌ندێ وڵات هەندێک پێشکەوتن بەدەستهاتووە سەبارەت بە یاسا و دەستپێشخەرییەکانی پەرەپێدراو بۆ چارەسەرکردن و ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان و کچان بەڵام هێشتا کەلێنی گەورە لە زۆر وڵاتدا ماونەتەوه‌ به‌ تايبه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ رۆژانه‌ هه‌واڵى ژن كورشتن بڵاو ده‌بێته‌وه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ى هه‌وڵ بۆ بنبڕكردنى بدرێت.

ئەم دۆخە زیاتر جێگەی داخە چونکە لەم ساڵانەی دواییدا چەند پێشهاتێکی زۆر ئەرێنی هەبووە. ئێستا ئامرازێکی بەهێزمان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم بەڵایە بڕیارنامەی ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایش سه‌باره‌ت به‌ گرنگی بەشداریکردنی یەکسان و بەشداریکردنی تەواوی ژنانی دووپاتده‌كاته‌وه‌ مه‌به‌ست لێى ڕێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و توندوتیژی خێزانی. ئەم بڕیارنامەیه‌ یەکەم ئامرازی نێودەوڵەتییە کە لە ڕووی یاساییەوە کراوە دەبێت بۆ هەر وڵاتێکی جیهان کۆمەڵێک ڕێوشوێنی گشتگیر بۆ ڕێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و توندوتیژی خێزانی بگرنه‌ به‌.

ئه‌گه‌ر به‌ وردى‌ سه‌يرى ئه‌و هۆکارانە بكه‌ين کە ده‌بنه‌ هۆی توندوتیژی بەردەوام ده‌بينين یەکێک لە کێشە جیهانییە بەربڵاوەکان سەرەڕای ئەو ئامرازانەی کە ئێستا هەيه‌ بۆ بەرەنگاربوونەوە ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هۆکاری بنەڕەتی نەبوونی پابەندبوون و ئیرادەی سیاسی لەلایەن حکومەتەکانەوە و هەروەها لاوازى له‌ جێ به‌ جێكردنى ياساكاندا به‌ ديده‌كرێت

بۆيه‌ پێویستە سه‌رجه‌م ڕێکخراوە ناحکومییەکان و رێكخراوه‌كانى ژنان زیاتر دەنگیان هەبێت سەبارەت بە لێپرسینەوە له‌ حکومەت سەبارەت بەو ڕێوشوێنانەی کە دەبێ بگیرێنەبەر و جێبەجێ بکرێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.

بەڵام گرنگترین هۆکاری ئەوەی کە هیچ پێشکەوتنێک لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پەتایه‌ کە ڕێژەیەکی مەترسیداره‌، ئەوەیە کە توندوتیژی دژی ژنان دەرکەوتنی پەیوەندییە نایەکسانەکانی دەسەڵاتە لە ڕووی مێژووییەوە لە نێوان ژن و پیاودا کە بووەتە هۆی زاڵبوون بەسەر ژنان و جیاکاریکردن لە دژی ژنان لەلایەن پیاوانەوە. بۆیە دەبێت ڕێکخراوە ناحکومییەکان تەحەدای ئەم پەیوەندییە نایەکسانانەی دەسەڵات بکەن.

با هەموومان هەوڵ بدەین لە ٢٥ی تشرینی دووەمەوە کە ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنانە زۆرترين چالاکی لەسەر ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام بدەین.

 

وتاری نووسەران