ژیار هۆشیار 

ڕاگەیاندن وەكو چەمك و زاراوە دیالێكتیكێكی نوێیە لە مێژووی سەرهەڵدانی كۆمەڵگاكانی مرۆڤایەتیدا و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شازدە و سەرەتاش لە هەندێ‌ پڕۆسەی بچوك و لۆكاڵیدا بەرجەستە كراوەن وەك جاڕدان و بانگەشەی ناوكوچە و كۆڵان ، بەڵام بە بەردەوامی ئەم پڕۆسەیە شان بە شانی مێژووی هاوچەرخ جێگای خۆی لەنێو مێژووی نوێی مرۆڤەیەتیدا كردۆتەوە و بووەتە بەشێك لە فەرهەنگ و كلتوری گەلان و بە شێوەی جیاجیا مامەڵەی لە گەڵ كراوە ، لەسەر ئاستی تاكیش بە هەمان شێوە كاریگەری خۆی جێهێلاوە و بوەتە ئامرازێكی زیندوو لە بەڕووخستنی چالاكیەكاندا، واتا ڕاگەیاندن ڕۆڵی گرنگ و كاریگەری هەیە لەسەر كۆمەڵگا و دەتوانێت ڕای گشتی دروست بكات و ڕۆڵی هەبێت لەسەر گۆڕانكاریەكان و بڕیارەكانی دەسەڵات و گۆڕینی ڕوئیای خەڵك ، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاگەیاندن چەند كاریگەری بەسەر گۆڕینی بریاری سیاسی و ئابوری و ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی هەیە ئەوەندەش كاریگەری لەسەر بازاڕوبازرگانی و گەشەی ئابوری هەیە و كاریگەری لە سەر هەڵسوڕاندنی ژیان هەیە و دەكرێ بە باش و خراپ بەكاربهێنرێ 

لەپاش فراوان بوونی ئەم تۆڕە لەسەر ئاستی دنیاو پەلهاویشتنی بۆ تێپەڕاندنی سنوورە جیاوازەكان ، ڕاگەیاندن وای لێهات بەبێ ویست و ئاگاهی خۆمان مامەڵەمان پێبكات و زۆرجار بێ تێگەیشتن لە ئەسڵی بابەت یاریمان پێدەكات ، بەتایبەت لەم زەمەنەدا كە جگە لە  تەلەفزیۆن، ڕۆژنامە، ڕادیۆ، سۆشیال میدیا زۆر بەخێرای خۆی بە تەواوی لێكدانەوە و تیڕوانینی خەڵك دادەكات و كاریگەی خۆی دادەنێ‌

زۆر لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و بەتایبەت میدیای نوێ كە بە پاڵپشتی لایەنێكی مادی مەزندە نەكراو  بەردەوامی بە پرۆگرام و بڵاوكراوەكانی خۆی دەدات كار لەسەر هزر و دەروونی تاك دەكات و هەنگاوبەهەنگاو جێگای خۆی لە نێو وڵاتە جیاوازەكان و كلتورە جیاوازەكان دەكاتەوە ، و وادەكات كۆڕانكاری ڕیشەی ئانجام بدات لەنێو ئەو كۆمەڵگایە بەبێ ئەوەی كۆمەڵگا هەستی پێبكات ، وا دەكات كلتوری كۆمەڵگایەك بگوازێتەوە بۆ كۆمەڵگایەكی دیكەو هەندێك جار ئەم حاڵەتە وەك  پێشهاتێكی سەیر وخێرا تێپەڕ دەبێت و سیمایەكی خراپ بەسەر تاك و كۆمەڵگای وەرگرەوە جێدەهێڵێ و دەبێتە مەترسی ، بە نموونەی تێكدانی شیرازەی خێزان و دور كەوتنەوە لە ئادابی گشتی و گواستنەوەی هەندێ دیاردەی نەشاز لە كۆمەڵگایەك بۆ كۆمەڵگایەكی تر 

لەم بارودۆخەدا تەكنەلۆژیای نوێ كە كە هەڵگری تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانە بوەتە شوێنگرەوەیەكی خیرای ڕاگەیاندنی بینراوبیستراو وایكردوە كۆمەڵگای وەرگر توشی جۆرێك لە دابڕان و شڵژان بكات و دایبڕێ لە كلتوری خۆی و ئەو ئەساڵەتەی كە پەیوەستە بە ڕەچەڵكی خۆیەوە ، ئەمەش لە خۆیدا كاریگەری نەرێنی دەبەخشێ و كێشەكان لە قاڵبێكی گەورەتردا  دەهێڵێتەوە و هۆشیاری تاك تێكدەدات و چیتر ناتوانێ لەو پرۆسە نهێنیە هزریە تێبگات كە ئاراستەی دەكات بەرەو شێواندن و دورخستنەوەی لە ڕاستیەكان ، بە ئاشكراش كارلەسەر ئەم حاڵەتە دەكرێت و خەریكە دەكرێتە خۆراكی بێئاگای و دور دەخرێتەوە لە تێگەیشتن لە حەقیقەتی ژیان و پرۆسەی ئاڵوگۆڕی كۆمەڵایەتی و ئەو پرسانەی كە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ئایندەی تاك و كلتوری كۆمەڵگاوە  

وتاری نووسەران