خدر ئیبراهیم خدر*

بەوپێیەی مرۆڤ بەردەوام لەژێر جەبری فێربوون و گۆڕاندایە و، ناتوانێت لە دەرەوەی ئەوەدا ڕەوڕەوەی ژیانی فیکری و فیزیکی خۆی تێبپەڕێنێت، کەواتە توێژی مامۆستایانش بەدەرنین لەم ڕێسایە و، بەردەوام لەژێر هەژموونی فێربوون و ئەو گۆڕانکاریانەدان کە پەیوەستن بە ژیانی کۆمەڵایەتی و هزری و زانستی و مەعریفییەوە و، لەڕێگەی ئەوانیشەوە دەگوێزرێنەوە بۆ ئەو فێرخوازانەی لەناو حەرەمی خوێندنگەدا چاوەڕێی فێربوون و کۆکردنەوەی زەخیرەی مەعریفە و زانیاری دەکەن .

ئەگەرچی لەژێر کاریگەری خراپی دۆخی داسەپاوی ئابووری و دژواری بژێوی ژیان و کەمتەرخەمی و بێباکی دەسەڵات لەئاست ژیان و بژێوی مامۆستایان بەتایبەتی و توێژی فەرمانبەران و خانەنشینان بە گشتی، مامۆستا وەک پێویست ناتوانێت لەدەرەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندندا بە مەیلی دڵی بەدواداچوون بۆ سەرچاوە زانستی و مەعریفییەکان بکات و، لێیەوە داتا و زانیاری و شێوازە جۆراوجۆرەکانی فێرکردن کۆبکاتەوە تاکو لە میانی وانەوتنەوە و فێرکردنی خوێندکاراندا سوودیان لێوەربگرێت، بەڵام هێشتا لەوەدا مکووڕە کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئاستی مەعریفی و دەستاوردە زانستی و فێرکارییەکانی خۆی بەرەو پێشەوە ببات و، پاشانیش لە ئێستا و ساڵانی داهاتووی  خوێندندا بە فێرخوازەکانی پێبگەیەنێت . چونکە ئەرکی ئەو فێرکردنی نەوەیەکە  داهاتووی کۆمەڵگەی لەسەر بنیات دەنرێت . چەندەش میکانیزمەکانی وانەوتنەوە و ڕاڤە و شیکارکردنی بابەتەکانی خوێندن و توانستی فێرکردنیان لەڕووی چلۆنایەتییەوە باشتربێت، بەدڵنیایەوە کاریگەری زیاتر لەسەر ڕووحیەت و کەسایەتی خوێندکار دادەنێت . لەهەمانکاتیشدا، باشتریش توانا زانستییەکانیان بەوەو پێشەوە دەبات .

*

لەگەڵ ئەوەی کار و هەنگاوێکی باش و پۆزەتیڤە کە وەزارەتی پەروەردە بڕیاریداوە لەڕێگەی کۆمەڵێک ڕاهێنەری مەشقپێکراوەوە، زنجیرەیەک ڕێوشوێن و میتۆد و میکانیزمی نوێ و هاوچەرخ بە توێژی مامۆستان بگەیەنێت کە لە ڕێوشوێن و میتۆد و میکانیزمە باوەکان جیاوازن، بەڵام خەوشی ئەم هەنگاوەی بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە لەوەدایە کە کات و تەوقیتێکیان بۆ ئەم پرۆسەیە هەڵبژرادووە بەتەواوی پێکدژە لەگەڵ ئەو فەزایەدا کە توێژی مامۆستایان تیایدا ژیان بەسەردەبەن و، بەدەست دەیان گرفتی ئابووری و بژێوی و سایکۆلۆژییەوە گیرۆدەبوون . لەکاتێکدا هەنگاوێکی لەم شێوەیە بەر لەدەستپێکردنی، نیازی بەوەبوو پێشوەختە دۆخ و فەزایەکی بۆ فەراهەم بکرێت تیایدا مامۆستایان بتوانن لە خەم و خەیاڵی نەبوونی و بێ ئیمکانیاتی و دژوارییەکانی ژیانیان بێنەدەرەوە و، لەمەشەوە بتوانن خەم و خولیای سەرەکی خۆیان بەسەر وەدەستهێنانی زانیاری و میتۆد و مەعریفەی نوێ و هاوچەرخەوە کۆبکەنەوە . لەهەمامکاتدا ئەو دەستاورد و کەرەستە زانستی و لۆجستی و فێرکاریانەیان بۆ دابینبکرێت کە بەبێ ئەوان سەختە بتوانن بەسەرکەوتووی کردەی وانەوتنەوە ڕایی بکەن .

چونکە بەدڵنیاییەوە لەدۆخی خراپ و نێگەتیڤی وەک ئەمڕۆدا کە گرفت و ئاریشە و قەیرانەکان وەختە برست لە توانا و حەوسەڵەی فەرمانبەران و کارمەندانی حکومەت ببڕێت، هەرگیز ناتوانرێت پڕۆسەیەک  بەسەرکەوتوویی بخرێتە بواری پراکتیزەکردنەوە و، چاوەڕێ بکرێت ئەنجامی باش و پۆزەتیڤی لێبکەوێتەوە .

*

بەڕای من، بەر لە بڕیاردان لەسەر جێبەجێکردنی پرۆسەیەکی لەم جۆرە، پێویست بوو بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە کاریان لەسەر ئەو گرفت و بەربەستە گەورانە کردبا کە دۆخی خوێندنیان بەرەو دواوە بردووە و، توێژی مامۆستایانیشیان لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووریییەوە گیرۆدەی دەیان گرفت و دژواری کردووە . ئینجا کاریان لەسەر بیروئایدیایەکی لەم شێوەیە کردبا و، بڕیاریان لەسەر بدابا و، دوواتریش لەسەر ئەرزی واقیع هەوڵی گەیاندن و جێبەجێکردنیان بدانا لە ناوەندەکانی خوێندندا .

لە نموونەی ئەو گرفت و بەربەستە گەورانەش کە بەشێکیان پەیوەستن بە دۆخی ژیانی مامۆستایان و، بەشێکیشیان پەیوەستن بە فەزای گشتی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، ئەمانەن :

- کەمی کەرەستە و سەرچاوە  و پێداویستییە زانستی و لۆجستی و فێرکارییەکان کە دەبنە وەسیلە و دەستاوردێکی گرنگ بۆ باشتر گەیاندنی داتای زانیارییەکانی ناو پڕۆگرامەکانی خوێندن بەخوێندکاران شان بەشانی وانەوتنەوەی مامۆستایان .

- خراپی پێدانی مووچە و شایستە داراییەکانیی مانگانەی مامۆستایان و ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوە بۆ ماوەی چەندین ساڵ و، نەگەڕاندنەوەی مووچە پاشەکەوتکراو و زەوتکراوەکان .

- گوێنەگرتنی پێویست لە مامۆستایان و بەهەندگرتنی بیروڕا و پیشنیارەکانیان لە ئاڵۆگۆڕە کارگێڕیەکانی ناوەندەکلانی خوێندن و، گۆڕین و دەستکاریکردنی  ڕۆگرامەکانی خوێندن و، ئەو پرسانەی پەیوەستن بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن .

- دەستێوەردانی حزبی لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و، ڕۆڵی نێگەتیڤی ڕێکخراوە حزبییەکان لەبەلاڕێدانردنی ئاراستە درووستەکانی پرۆسەی خوێندن و، بارگاویکردنی زۆرینەی لایەنەکانی ئەم پرۆسەیە بە سیمای حزبیانە و، هەژموونی ئایدیۆلۆژی دوور لە پەروەردە و فێرکردن . 

- چڕی خوێندکاران لە ناوەندەکانی خوێندن و سەرهەڵدانی چەندین گیروگرفت لەو ڕووەوە، بەهۆی کەمی بینای خوێندن و بچووکی و کۆنی بیناکان و، نەبوونی پرەنسیپێکی یەکلاکەرەوە لەدابەشکردنی خوێندکاران بەسەر ناوەندەکانی خوێندندا بەگوێرەی شوێنی جوگرافی و، هەلومەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی خوێندکاران .

- پابەندنەبوونی بەرپرسانی ئەم دامەزراوەیە بە گوێرەی پێویست بە سیستەمی پاداشت و سزا و، بەهەندنەگرتنی هەوڵ و کۆششی ئەو مامۆستایانەی لەڕووی کەسێتییەوە خەمخۆری ڕاستەقینەی خوێندن و پەروەردەن و، لەڕووی زانستی و مەعریفیشەوە کاریگەرییەکی پۆزەتیڤ و گەورەیان هەیە لەسەر  پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لەچوارچێوەی ئەو ناوەندانەی وانەی تیادا دەڵێنەوە و، مومارەسەی پیشەی مامۆستایەتی دەکەن .

- پێدانی ئازادییەکی نائاسایی بە خوێندکار لە ڕووی هەڵسوکەوت و مامەڵەی ڕۆژانە لەچوارچێوەی ناوەندەکانی خوێندندا لەژێر ناوی بەسەنتەرکردنی ئەودا لە پرۆسەی فێرکردندا لەمیانی ژمارەیەک بڕیاری فەرمیدا، بێ بەرچاوگرتنی پێودانگە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکان بەگوێرەی پێویست، کەوایکردووە ئەگەری بەلارێداچوون و یاخیبوون و لاساری خوێندکار زیاتر ببێت نەک بەپێچەوانەوە .

- بایەخنەدانی پێویست بە دەستەبەرکردنی ئەو مافانەی بەپێویست دادەنرێن بۆ مامۆستایان لەڕووی دابینکردنی حەسانەی کەسێتی مەعنەوی و، دەستەبەرکردنی بیمەی تەندرووستی و، بەشداریپێکردنیان لە گەشت و سەفەرە زانستی و فەرهەنگییەکان کە تێچووەکانیان لەئەستۆی حکومەتە و، چەندین مافی تر ...

- کەمتەرخەمیکردن لە بەدەنگەوەهاتن و بەخشینی سەرچاوەی زانستی و فێرکاری و ئایینی و زمانەوانی و پەروەردەیی جۆراوجۆر بەشێوەی کتێب بە کتێبخانەی خوێندنگەکان کە دەبنە سەرجآوەیەکی باش بۆ مامۆستایان و خوێندکاران، بەوپێیەی لەنزیکەوە دەتوانن دەستیان پێیان ڕابگات و سوود لە ناوەڕۆکەکانیان وەربگرن .

- بێگومان زۆر خاڵی تریش هەن دەکرێت لەم میانەدا ئاماژەیان بۆ بکرێت و، بە نۆرەی خۆیان مەبەستی نووسینەکەی ئێمە پشتڕاست دەکەنەوە .

*

بەدڵنیاییەوە، بە بێ هەوڵدان بۆ چارەسەرکردن و وەلانانی تەدریجی ئەم چەشنە گرفت و بەربەستانە لە ناوەندەکانی خوێندندا، هیچکام لە خوول و ڕاهێنان و پرۆسە فێرکارییە نوێ و هاوچەرخەکان ناتوانن کاریگەرییەکی وا پۆزەتیڤ بهێننەکایەوە کەجێگەی دڵخۆشی بێت و، ئومێدی ڕەنگاوڕەنگی لەسەر هەلبچنرێت .

* مامۆستا لە ئامادەیی هەژینی تێکەڵ لە قەڵادزێ .

وتاری نووسەران