
ئەو نووسینەم کڕوزانەوەی لایک و کۆمێنت نییە و کەس هەڵە تێنەگات. بەڵکو مەبەستم بڵاوبوونەوەی جۆرێک لە نەخۆشییە لە نێو هاوپیشەکانم(نووسەر و شاعیر و ڕۆماننووسەکان).
دەیان شاعیر و نووسەر و ڕۆماننووس هاوڕێ و فرێندمن، بە لایکێکیش بەلای نووسینەکانمدا نایەن. هەڵبەت مەبەستم لایک و کۆمێنت نییە و ئەوەی هیچ نرخ و بەهایەکی لای من نەبێت، لایک و کومێنتە. بەڵکو مەبەستم خۆ بەزلزانی و تڕزلی ئەو جەنابی مامە نووسەر و خاڵە شاعیر و شتانەیە.
شەش حەوت دانەیان گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەریان هەیە و زۆرجار داوایان لێکردووم نووسینیان بۆ بنێرم و بۆشم ناردوون. سێ چوارێکیشیان کتێبی شیعری و ڕۆمانی خۆیان بە دیاری بۆ ناردوومە و گوتویانە حەزدەکەین ڕانانی بۆبکەیت. دڵنیابن چاوتان دەربێت، ڕانان بۆ ڕۆمانی یەک نووسەری کورد ناکەم. چونکە شایەن نین.
سەد ڕۆمان زیاتر ڕانانم بۆ کردوون و نزیکەی هەموویشی لە گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکان بڵاوبوونەتەوە. هەمووی ڕۆمانی :عەرەبی، فارسی، تورکی، ئەمریکای لاتین، ئەفگانی، فەڕەنسی، ژاپۆنی و ڕووسی.. بوونە.
دووبابەتی جیاوازی دوو نووسەری کوردم بەناوی(ئیرەیی لە نێو نووسەران) خوێندەوە.
ئیرەیی لەناو هەموو چینێک هەبێت و شتێکی ئاسایی بێت، لەناو نووسەر و شت، سکانداڵ و عەیبەیەکی زۆر گەورەیە.
جا لەو نووسەرە سۆپەڕمان و پاڵەوانە بە تەمەنانە، هەیانە ناوی لەخۆی ناوە(ڕەخنەگر) و کاری تەنها کەم سەرنج دان و شکاندنەوە و بێ ڕێزیکردنە به نووسەر و شاعیرە گەنجەکان. هەڵبەت لەژێر ناوی(ڕەخنەی ئەدەبی!).
با ئەوەش بڵێم، ئێمە کۆمەڵێک نووسەری گەنجین، گەر لەو نووسەرە بە تەمەنانە جوانتر نەنووسین، کەمتر نانووسین.
تڕزلی هەمووتان بە ساقەی سادەیی گەورە نووسەری نەتەوەکەمان مامۆستا(حەمەسەعید حەسەن)دەکەم.
بەو هەموو ئەزموون و تەمەن و کتێب و ناسراوی و لێهاتووییەی خۆی، فەیسبووکی یەکەمی نامێنێت و لە دووەم فەیسبوکی، خۆی ئاد بۆمن دەنێرێتەوە و زۆرجار بە لایکی دڵیش نەبێت، نووسینەکانم بەسەر ناکاتەوە.