
عیماد محەمەد
ڕۆژی 18_12_2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، پارێزگای کەرکوکیش دوای ساڵی 2005 بۆ جارێکی دیکە هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدرا بەڵام بە یاسایەکی جیاوازتر لە پارێزگاکانی دیکەو کۆمەڵێک مەرجی سەپێنراو.
پارێزگای کەرکوک بەهۆی فرەڕەنگی پێکهاتەی دانشتوانەکەی زۆرترین ململانیەی نەتەوەیی و مەزهەبی و حزبی بەخۆیەوە بینی.
بەشداری دەنگدان و ڕێژەی دەنگدەریش لە تەواوی پارێزگاکانی دیکە جیاوازتربوو.
لەم هەڵبژاردنەدا پێکهاتەی کوردی لەڕێگەی لیستە کوردستانیە جیاجیاکانەوە بەچڕی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکەیان کرد.
جگە لەدەنگدەرانی دانشتووی پارێزگاکە بەشێکی زۆری دەنگدەرە کەرکوکیە نشتەجێبووەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستانیش لەو ڕۆژەدا گەڕانەوە شارەکەو دەنگی خۆیاندا بەو لیستانەی دڵخوازی حۆیان بوو.
لەبەرانبەردا پێکهاتەی عەرەب جڕتر بەشدارییان کرد، بەشداریەکەیان بەجۆرێکبوو کە لەهیچ کام لەهەڵبژاردنەکانی پێشووتر بەم جۆش وخۆرەش و حەماسەتەوە بەشدارییان نەکردبوو.
یەکەمینجار بوو لە هەڵبژاردنەکاندا ئافرەت لەناوچە عەرەبنشینەکانی باشوری کەرکوک بەو جۆرە ڕووبکەنە ناوەندەکانی دەنگدان و دەنگبدەن لەم هەڵبژاردنەدا پێکهاتەی کورد ئامانجی وەرگرتنەوەی بەشێک لەو دەسەڵاتەبوو کە لە 16ی ئۆکتۆبەر لەدەستیدابوو.
ئەمەش لە ڕێگەی گۆڕینی ئەو واقعە تاڵەی کەبەسەر شارەکەدا سەپێندرابوو.
گۆڕینی پارێزگاری بەوەکالەت و سەپێندراو و ئەندازیاری داڕشتنی پلانی ڕشتنی خوێنی شەهیدانی 2ی ئەیلول و تەعریب و داگیرکەری گوندو زەوی کشتوکاڵی جووتیاران،هتد.
لە بەرانبەریشدا پێکهاتەی عەرەب ئامانجی پاراستنی ئەو دەسکەوت و دەسەڵاتەبوو کە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر بۆیان ڕەخسێنرا.
سەرەنجام سەرەڕای پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد و نەبونی یەکڕیزی و یەکلیستی و کۆدەنگی بەڵام لە 10ی ئاب ئەوەی پێکهاتەی کوردو حزبە کوردستانیەکان هەوڵیان بۆی ئەدا هاتەدی، ئەویش وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک و کۆتاییهێنانبوو بەو دەسەڵات و ئیدارەیەی کە بوبووە دێوزمە بەسەر زۆرینەی دانشتوانی شارەکەدا.
بۆیه پێکهاتەی کوردی کەرکوک مافی خۆیەتی دڵخۆش بێت بەم گۆڕانکاریەی کە ڕوویدا، چونکە کەسێک ئاوتکرا کە بە تەنها لەماوەی حەوت ساڵی دەسەڵاتی خۆیدا زییادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم هێندەی 34 ساڵی دەسەڵاتی بەعس کەرکوکی تەعریب کرد.
ئەوەشی دەیڵێم لایەنگری نییە بۆ هیچ کەس و حزب ولایەنێک چونکە منو هەموو دەنگدەرێکی کوردی کەرکوک دەنگماندا بۆ ئەم گۆڕانکاریە، وەک چۆن پێکهاتەی بەرانبەر دەنگیدا بۆ ڕوونەدانی گۆڕانکاری.