بە ڕوونی

كاوە مەحموود

هەر كاتێك باس لە پێداویستی بوونی چەپ و تێكۆشانی چەپگەرایی لە نیشتمانی خۆمان و لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهاندا دەكرێت، لافاوی ڕق و كینەی شاراوەی پشتبەستوو بە هەڵوێستی هاوردەی كۆپیكراوی پێشوەختانەی دژ بە چەمكی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و یەكسانی خۆی ڕاناگریت و، لۆجیكی سەرجەم هزری چەوسێنەران لە مێژوودا زیندوودەكاتەوە و، بە جۆرێك دەردەپەڕێت و دەڕژێتە نێو گۆڕەپانی سیاسییەوە، كە ژاوەژاو و قەوانی سواوەی پێناسەكردنی بیری چەپ و عەدالەتی كۆمەڵایەتی بە خەیاڵپڵاوی دەخاتە بەردەمی خەڵك و، هەموو كلیلەكانی گەشەپێدان و چارەنووسی مرۆڤایەتی لە بژاردەی داخراوی سەرمایەداریدا دەبینێتەوە و ئەو بازنەیە بە كۆتایی مێژوو دادەنێت.

لەمیانەی ئەو پاشەكشە سەپێنراوەی بەسەر چەمك و دەستەواژەكان و ئاراستە چەپگەراییەكان بۆ وەدیهێنانی كۆمەڵگای یەكسان و گەشەكردووی مرۆڤایەتی، بەتایبەتی دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەت و تێكچوونی ئەزموونێك بۆ سۆشیالستی هاتۆتەكایەوە، سۆسیۆلۆجیستەكانی هزری سەرمایەداری و بانگەشەكەرانی نیولیبرالیزم بەردەوام جەختیان لەسەر بوونی قەیرانی چەپ كردۆتەوە و، ئەمەش وەك دەرفەتێك بەكارهێنراوە بۆ تێپەڕاندنی باسكردنی قەیرانی كۆمەڵگاكان، كە لە ئاكامی بوونی قەیرانی سەرمایەدارییەوە هاتۆتەكایەوە.

تابلۆی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی ڕەوشی جیهان بە شێوەیەكی گشتگیر، بریتین لە فراوانبوونی دیاردەكانی هەژاری و بێكاری و تێكچوونی ژینگە و بەردەوامبوونی چاوگەكانی بارگرژی و شەڕ لە جیهان و پاشگەزبوونەوە لە سەرجەم ئەو خاڵ و هەنگاوانەی بۆنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی پێوەیە.

ئەم بابەتانە هاوكاتە لەگەڵ زیادبوونی گەندەڵی و كەڵەكەبوونی سامان و داهات لای كەمایەتی و گەشەسەندنی چین و توێژە مشەخۆر و بیرۆكراتییەكان و بوونی كۆسپ و تەگەرەكانی بواری گەشەپێدان و، ناسەقامگیری سیاسی و پشتبەستن و وابەستەیی دەستەی حوكمڕانەكان لە وڵاتانی سەرمایەداری وابەست بە ناوەندەكانی سەرمایەداری و، بڵاوبوونەوە و تەشەنەكردنی فەوزایەكی گشتگیر و چارەسەرنەكردنی كێشە نێودەوڵەتییەكان و تەشەنەكردنی تیرۆر لە جیهاندا.

ئەو بابەتانەی ئاماژەمان پێكردن و تابلۆی جیهانی ئەمڕۆ پێكدەهێنێت، ڕەنگدانەوەی قەیرانی سەرمایەدارییە نەك قەیرانی سۆشیالیستی و، بەم پێَیە شوناسی سەرەكیی دەستنیشانكردنی ناكۆكی سەرەكی لە جیهاندا شكستی هزری سەرمایەدارییە لە دەستنیشانكردنی چارەسەری گرفتەكان، بۆیە هۆكاری قەیرانەكان لە ئاستی جیهان و كۆمەڵگا ناوخۆییەكان بۆ ئاراستە و هزری سەرمایەداری هاوچەرخ دەگەڕێتەوە نەك سوشیالیستی وەك هزر و بژاردە.

ئاماژەكردن و جەختكردن لەسەر بەرپرسیاری سەرمایەداری لە بوونی قەیرانی هاوچەرخی مرۆڤایەتی مانای نەبوونی بەرپرسیاری چەپ و هەڵگری بیری سۆشیالیستی نییە لە داهێنانی میكانیزمی گونجاو و هاوچەرخی تێكۆشان بۆ خستنەڕووی ئەلتەرناتیفی سەرمایەداری، كە گەشەپێدانی گەلان و كۆمەڵگاكان بە ئیرادەیەكی سەربەخۆ دابین بكات و، ئەمەش پێویستی بە بەرنامەیەكی  هەمەچەشنی چەپگەرایی ڕوون هەیە، كە فرەیی ڕەوشی كۆمەڵگاكانی جیهان و شوناسی شارستانییەكان و تایبەتمەندییەكان و خاڵە هاوبەشەكان بەهەند وەرگرێت. 

هەنگاونان بۆ ئەنجامدانی ئەم ئاراستەیە بەم خاڵانەی خوارەوە دەستپیدەكات:

1ـ كاركردن بۆ گەڵاڵەكردنی كاری هاوبەشی چەپ لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا بە دەستپێشخەری بە كاری هاوبەشی چەپ لەسەر ئاستی ناوخۆیی كوردستانی باشوور و كاری هاوبەشی چەپ لەسەرجەم بەشەكانی كوردستان دەستپێدەكات و، ئەمەش پێویستی بە بەرنامەی هاوبەشی چەپ بە هزرێكی كوردستانی هەیە، كە تێكۆشانی نیشتمانی كوردستانی بە تێكۆشانی چینایەتی و داكۆكی لە پرۆسەی مۆدێرنە و عەقلانیەت و دابینكردنی ئازادییەكان و یەكسانی جەندەری ببەستێتەوە.

2ـ ڕوونی لە ئاراستەی چەپی كوردستانی باشوور سەبارەت بە گۆڕانكاری لە سیستمی ئابووری و ڕاگرتنی سیاسەتەكانی بەتایبەتكردن، كە لەسەر نموونەی نیولیبرالیزم ئەنجام دەدرێت و گواستنەوە لە ئابووری بەرخۆر بەرەو سیاسەتی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام و ئەنجامدانی حوكمڕانی باش.

3ـ پێداچوونەوە بە میكانیزمەكانی پرۆسەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ ئیرادەی گەل و كاراكردنی هۆشمەندی چینایەتی و دەستیشانكردنی هێزی بزوێنەری گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی بە ڕەچاوكردنی ریزبەندی چینایەتی نوێی تایبەت بە پێكهاتەی كارگێڕانی بیروبازوو، و پێشكەوتنەكان لە بواری زانست و تەكنەلۆجیا و كارتێكردنی لەسەر بواری كار.

4ـ ڕووبەڕووبوونەوەی شاڵاوەكانی شێواندنی ڕۆڵی مێژوویی چەپ لە تێكڕای ئەو دەسكەوتانەی بەشێكی مێژوو لە ئاكامی تێكۆشانی چەپ لە جیهاندا ئەنجامدراوە، بەتایبەتی دەسكەوتە مێژووییەكانی چینی كرێكار لە وڵاتە سەرمایەدارەكان و، سەركەوتنەكانی بزووتنەوە رزگاریخوازەكانی جیهان دژ بە كۆلۆنیالیزم و ڕوونی بۆچوونەكانی چەپ لە بواری گرێدانی دیموكراسی سیاسی بە دیموكراسی لە بواری ئابووری و كۆمەڵایەتیدا.

5ـ گرنگیدانی تایبەت بە پەیوەندی و كاركردن لەگەڵ ڕۆشنبیران و هونەرمەندان لە بوارەكانی نووسین و سینەما و شانۆ و داهێنەرانی بواری ڕۆمان و شیعر و ڕۆژنامەگەری لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی ڕاستڕەو و فاشیزمی نوێ و ئیسلامی سیاسی توندڕەو.

6ـ چەپی كوردستان و لایەن و گروپە چەپگەرییەكان لە وڵاتاندا، پێویستیان بە پێداچوونەوەیكی ڕەخنەگرانە لە بورای هزر و كاری سیاسی هەیە، بەو ئاراستەیەی میتۆدی ماركسیستی و قوتابخانە سۆشیالیستییەكان ئامرازی خوێندنەوەی ڕەوشی گۆڕاوی كۆمەڵگاكان بێت، نەك بە ئاراستەكانی پێشووتر، كە كار كراوە واقیعی كۆمەڵایەتی لەگەڵ هزری نەگۆڕدا بگونجێنرێت.

ئایا دەرفەت بۆ ئەنجامدانی ئەم ئاراستەیە هەیە؟

دەرفەت و ئاسۆی تێكۆشان لەبەردەم هێزی چەپ داخراو نییە و، هەنگاونان لەم بوارەدا پێویستی بەم خاڵانە هەیە:

ــ دووركەوتنەوە لە عەقلیەتی خۆ بە موفتی زانین لە ئەنجامدانی كاری هاوبەشی چەپ لەسەر ئاستی كوردستانی و ناوچەكە و جیهانیدا.

ــ داننان بە هەڵەكانی پێشتری تێكۆشان لە بواری بیری سیاسی و دانانی تەكتیك و ستراتیجی تێكۆشان و گرێدانی دیالیكتیكیانەی خەبات بۆ تەواوكردنی ئەركە نیشتمانییەكان بە ئەركە چینایەتییەكان.

ــ گرێدانی تێكۆشانی ناوخۆیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری و بێكاری و گەندەڵی بە تێكۆشانی نێونەتەوەیی بۆ ئەو مەبەستە لە ڕیگای هێزی فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا.

ــ كاركردنی هاوبەش بۆ حەوكەمەی ناوخۆیی و حەوكەمەی نێودەوڵەتی وەك بنەمایەك بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسی و ئاڵنگارییە هاوبەشەكان، كە ڕووبەڕووی ئاشتی و ئاسایشی جیهان دەبێتەوە و، جەختكردن لەسەر چەمكی كۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی و دیالۆگی شارستانییەكان.

ــ بەشداری بە كۆمەڵ لە داڕشتنی چەمكی سۆشیالیستی وەك بژاردەیەك، كە تایبەتمەندییە نیشتمانی و لۆكاڵییەكان و بنەما و یاسا سەرەكییەكانی كۆمەڵگای یەكسانی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی بەیەكتر گرێ بدات.

دەمێنێتەوە كە ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ بكەین سەبارەت بە پێداویستی بژاردەی چەپ و خۆدۆزینەوە لە بازنەی چەپدا، تەنانەت ئەگەر لە بوارێكی بەرتەسكی بژاردەی تاكدا بێت و، هەڵگرتنی ناسنامە و شوناسی چەپ جگە لەوەی پابەندبوونێكی تێكۆشەرانەیە، شانازییەكی مێژووییە.

 

وتاری نووسەران