
سلاڤۆی ژیژەک
و. دێرسیم فایەق
من خوێندنەوەیەکی پەڕگیرانە پەیڕەو دەکەم، کە خوێندنەوەیەکە (وا دەردەکەوێت) یەکێتییە ئەندامی و ئۆرگانییەکان تێکبشکێنێت و لە نێو-کۆیی و سیاق دەریانبهێنێت و بەستەری نوێی چاوەڕواننەکراو لەنێوان پارچەکاندا دابمەزرێنێت. ئەم بەستەرانە لە ئاستی پەرەسەندنی ڕاستەهێڵی بەردەوامی مێژووی ئیشناکەن: بەڵکو لە خاڵگەلی "دیالەکتیکی سرەوتگرتوو" [Dialectics Standstill]دا (ـی واڵتەر بنیامین) دەردەکەون، کە تیایدا لە جۆرە شۆرتێکی [short-circuit] بەناو-مێژوویدا [trans-historical] دۆخی ئێستاکە بە تەواوەتی سەدا و دەنگدانەوەی چرکەساتە هاوچوونیەکەکانی ناو ڕابردوو دەبن.
ئەم جۆرە خوێندنەوەیە فەزای ستانداردی لێکدژی نێوان خوێندنەوەی ناونشینانە، کە هەڵدەدات وەفادار بێت بۆ دەقە شیکاریکراوەکە، لەگەڵ پراکتیزکردنی ئیقتیباسکردندا، کە پارچەگەلی دەقێک بەکاردەهێنێت بۆ پاساودانەوە بە پێودانەگە ئایدۆلۆژی و سیاسییە هەنووکەییەکان، تێکدەشکێنێت. حالەتی نموونەیەی ئەم پراکتیزە خۆی لە ساتلینیزمدا دەبینێتەوە: خاڵی سەرەکی لینینیزم وەک ئایدۆلۆژیا (ـیەکی ستالینی) لە لایەن میخایل سوسلۆڤەوە دەخرایەڕوو، کە ئەندامی مەکتبی سیاسی بوو و لە ساڵەکانی کۆتایی ستالین هەتاوەکو سەردەمی برێژنێڤ بەرپرسی ئایدۆلۆژیا بوو. هەتاوەکو ئەو پیایدا نەچووبایەتەوە، نە خرۆشێڤ و نە برێژنێڤ هیچ دۆکۆمێنتێکیان دەرنادەکرد – بۆچی؟ سوسلۆڤ کتێبخانەیەکی گەورەی وتەکانی لینینی لە نوسیگەکەیدا لە کرملین هەبوو؛ لە شێوەی کاتدا نوسرابوونەوە، و بەپێی مژارەکان ڕێکخرابوون و کە لەناو چەند سنوودقێکی تەختەدا بوون. هەرکاتێک کەمپینێكی سیاسی یا ڕێچارەیەکی ئابووری یا سیاسەتێکی نێونەتەوەی بخرایەتەڕوو، سوسلۆڤ وتەیەکی گونجاوی لینینی بۆ دەدزۆییەوە کە پشتگیری بکات. وتەکانی لینین لە کۆلێکشن و کۆکراوەکانی سوسلۆڤدا لە نێوکۆییە ئەسڵییەکەیان دابڕێنرابوون. چونکە لینین نوسەرێکی بەبڕشت بوو و سەرنج و تێچینی لەسەر هەموو جۆرە ڕەوشە مێژوو و گەشەسەندنە سیاسییەکان هەبوو، بۆیە سوسلۆڤ دەیتوانی وتەگەلی گونجاو بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی وەک "لینینیستی" ڕەوایەتی بە هەر دەستپێشخەری و ئارگوومێنتێک بدات، کە هەندێک جاریش تەنانە گەر دژبەری یەکیش بوونایە: "هەر هەمان ئەو ئیقتیباسانەی دامەزرێنەرانی مارکسیزم-لینینیزم کە سوسلۆڤ لە کاتی ستالیندا بەکاریدەهێنا و تیایدا ستالین زۆر بەرزدەنرخێندرا، دواتر سوسلۆڤ بەکاریدەهێنا لە ڕەخنەکردنی ستالیندا".
ئەمە هەقیقەتی لینینیزمی سۆڤییەتی بوو: لینین وەک دوامەرجەع لەکاردابوو، و ئیقتیباسێکی ئەو ڕەوایەتی دەدا بە هەموو گەڵاڵەیەکی سیاسی، ئابووری، یاخود کلتووری، بەڵام بەشێوەیەکی تەواو پراگماتیکی و ڕەمەکییانە – بە ڕێکەوت، بە تەواوەتی بە هەمان شێوەی گەڕانەوەی کلێسای کاتۆلیکی بوو بۆ ئینجیل. بۆیە تەوس و ئایرۆنیەکە ئەوەیە کە چۆن دوو ئاڕاستەی گەورەی مارکسیزم – مارکسیزمی ستالینی و مارکسیزمی ڕاستەقینە – دەکرێت بە شێوەیەکی بێکەموکوڕانە لە ڕێی دوو شێوازی جودای ئیقتیباسوەرگتنەوە قابیلی تێگەیشتن بن.
ئەوەی بنیامین چەمکاندی و پراکتیزەی دەکرد (بەهەمان شێوەی هیگل و مارکس و لینین و برێخت و جەیمسۆن و زۆری دیکەش)، پراکتیزێکی ڕادیکاڵی جیاوازتری ئیقتیباسکردن بوو؛ ئیقتیباسکردنێک بوو وەک فۆرمی خەبات و ململانێیەک لەگەڵ دەقی ئیقتیباسکراو و هەوەها لەگەڵ تەنگژەکانی خودی نوسەردا.
ئیقتیباسکردنی ماتریالیستی لەڕێی خودی دەرەکیبوونەوەیە، ناوەکیی و نیشتەجێی دەقەکە ئەسڵییەکەیە: بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕوواڵەتشێواندنە تووندوتیژانەکەی [دەقە] ئەسڵیەکە زۆر زیاتر لە ئەسڵیەکە خۆی، وەفادارترە بەرامبەر ئەسڵییەکە؛ لەبەرئەوەی سەدا و دەنگدانەوەی ئەو ململانێی کۆمەڵایەتییە کە هەردووکی تێدەپەڕێنێت.
پییەر بایارد لە [کتێبە] ناوازەکەیدا بەناوی 'چۆن دەربارەی ئەو کتێبانە قسە بکەین کە نەتخوێندوونەتەوە' (کە بەڵگەهێنانەوەیەکی ئایرۆنییە و لەدواجاردا مەبەستێکی تەواو جیدی هەیە لێی)، پیشانیدەدات چۆن بۆ ئەوەی بەڕاستی تێڕوانینە بنچینەییەکان یا دەستکەوتەکانی کتێبێک دابڕێژیتەوە، زۆربەی کات وا باشترە کە هەر نەتخوێندبێتەوە [بەتەواوەتی] – داتای زۆر تەنها درککردنی ڕوونمان لێی تەڵخدەکات. بۆ نموونە زۆرێک لەو وانە-وتارانەی لەسەر لەسەر یولیەسی جەمیس جۆیس نوسراو – زۆربەی کات باشترینەکانی – ئەوانە بوون کە لە لایەن ئەو لێکۆڵەرانەوە نوسرابوون کە هەموو کتێبەکەیان نەخوێندبوویەوە؛ هەمان شتیش بۆ کتێبەکانی سەر کانت و هیگڵ ڕاستە، کە تیایدا زانینێک وردودرشت تەنها سەردەکێشێت بۆ ڕاڤەیەکی تایبەتمەندی بێزرارکەرانە، نەک بۆ تێڕامانی زیندووانە.
باشترین لێکدانەوەکانی هیگڵ هەمیشە بەشەکین[partial]: ئەوان کۆیەتی [totality] لە شێوەیەکی بەشەکی [particular] هزر یاخود بزاوتی دیالەکتیکییەوە هەڵدەهێنجن. وەک ڕێسایەک، ئەوە هەندێک لێوردبوونەوەی وردی جێسەرنجە – کە زۆربەی کات هەڵە یاخود بەلای کەمەوە یەک-لایەنەن – کە شرۆڤەکاران دەیخەنەڕوو، نەک خوێندنەوەی کتێبە ئەستوورەکانی هیگڵ خۆی، کە ڕێگەمان بۆ خۆشدەکات هزرەکانی هیگڵ لە لڤین و بزاوتە زیندووەکەیدا تێبگەین و بچەمکێنین.
بۆیە، وانەی بنچینەیی هیگڵ بە تەواوەتی پێچەوانەی تێگەی ستانداردی "کۆیەتی"یە، کە تەڤلیمان دەکات جێگەی شتێک لەناو تۆڕی ناکۆتای ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی و نێو-پشتپێبەستییەکانیدا دیاریبکەین: پەرەسەندنی دیالەکتیکی لەڕێی ئەبستراکتکردن و کورتکردنەوەی تووندوتیژانەوە ڕوودەدات.
سەرچاوە:
(Why We Read, Penguin 2022) :Slavoj Žižek, pg. 153-154