سوبحی مەهدی
ئێوە ئەگەر ئیماندارن!!, خۆئەم مانگە مانگێکی پیرۆزی ئیسلامەو، وزۆرینەی موسوڵمانان، تائێوارە بەڕۆژون و ئێواران دەچنە سەر سفرەیەکی ساردوسڕی بێ خۆراکی پێویست بۆکردنەوەی بەربانگ وپارشێوان.
ئەگەر نەتەوەیین!! واجەژنی نەتەوایەتی نەورۆز هاتەوە، کە دەبێت سەرسفرەکانیان بەحەوت جۆر خۆراکی( س)١ بڕازێننەوە ، وجل وبەرگی کوردی نوێ بپۆشن و تاهێزی ووتنەوەی سروودی نەورۆزو ئەی رەقیب یان هەبێت، کەچی زۆرینە پێویستیان تەنها بە( ن و م)٢ەکەیانە، و ئێوە بەبارمتەتان گرتووە.
خۆئەگەر داکۆکیکاری هەژاران و چینە چەوساوەکانن،ئەوا زۆرینەی گەلەکە هەژارو نەدارو کرێکارو جوتیارەو نەنان و نەکارو نەئازادی بۆ دابین نەکراوە, وهێزی ووتنەوەی ( هەستن ئەی هۆزی بەش مەینەتان، دیلانی برسێتی دونیا تان لێ بڕیون)٣.
پێمان بڵین ، ئێوە چ جۆرە مرۆڤێکن ، کەئەم هەموو هەژاری ونەداری وبێکاری و خەم وکارەساتە دەبینن، تاڵە مویەکتان نا جوڵێ.
چۆن دەتوانن لەسەر سفرەی هەمەڕەنگتان دانیشن ولە باشترین کۆشکوتەلارەکانتان پشووبدەن وبە بەرزترین مۆدێلی گەلە ئۆتۆمبێلتان هاتوچۆ بکەن و بەفرۆکە تایبەتیە٤ گرانبەهاکانتان گەشتی دونیا بکەن.
ئێوە لەبەردەم دەسەڵاتدارانی دونیادا شەرم ناکەن بڵێن ئەوهەموو ماوەیە مووچەمان پاشەکەوت کردوە بۆ هاوڵاتیەکانمان، وابۆ پێنج مانگی تر دەچێت دینارێک نەچوەتە گیرفانی مووچەخۆرانمانەوە.
ئەی شەرم نییە، هەمووبۆنەیەک سوپاسنامەی خۆڕاگری بۆموچەخۆران دەنێرن. سوپاس لەکام نانەواخانەدا نانێکی پێ دەکرێت؟؟ ولە کام نەخۆشخانەدا چارەسەری نەخۆشی پێدەکرێت؟ولەکام بازاڕدا پێویستییەکی پێ دابین دەکرێت؟
ئێوە چ جۆرە مرۆڤێکن، مووچەی فەرمانبەرو خانەنشینان بەبارمتە دەگرن و دابەشی ناکەن، تابڵێن قسەی ئێمە سەردەگرێت،هەوڵی ئێوە بۆ نان و ژیان دەبێت لەبندەستی ئێمەدابێت.
خۆ زۆری نەماوە بۆ هەڵبژاردن و گەڕانەوە بۆ بەرقاپی ئەو گەلە و ، ئینجا ئێوە دەکەونە سواڵی دەنگێک، لەژێر ناوو ناونیشانی جۆراوجۆردا، بەهار دەهێننەوە سەرچۆکان.
هەق وایە خەڵکیش ئەوکاتە پێتان بڵێت:
(لەنێوان گەل و هەر ستەمکارێ.
ئەگەر پردێ ما بەردی لێ بارێ.)٥
--------------------------
(١) سفرەی نەورۆز، ٧ خواردنەکە بە پیتی س دەست پێدەکات لەنمونەی سێو، سەمەنی...تاد
* (٢) ن :نانە، و م: مووچە.
* (٣) سروودی نێونەتەوەییە.
* (٤ )هەرفرۆکەیەکی تایبەتی بەرپرسان لەکوردستان نرخەکەی لەسەروو پەنجا ملیۆن دۆلارەوەیە.
* (٥)شیعری هەڵەبشیمای حەسیب قەرەداخی.

وتاری نووسەران