گوشاد حەمەسەعید

ساڵی 1963 ی سەدەی ڕابردوو، شاری كۆیە گۆڕەپانی چەندان ڕووداوی دڵتەزێن بوو، ڕووداو نەبوون تاوانی گورچكبڕ بوون، ڕەنگە هەتیو و بێوەژنی ئەو سەردەمەی كە بەدەستی ئەو تاوانانەی چەتە خوێڕییە بەعسیەكان كردیان تا ئێستاش لە ژیاندا مابن ، ئەوكات دوور لە بچووكترین دابی كۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستانە ئەو حەرەس قەومییە عەشایەرانە وەك سەگی هاری بەڕەڵڵاكراو لەگیانی خەڵكی كوردستان بەردرا، لەسیما و شكل و شەمایل و سەر و سەكوتیانڕا دیاربوو بۆ غەزا و ئەنفال خەڵەتێندرابوون، ئەمەش لەلایەن سەرۆك عەشیرەتە سووك و چروكەكانی كە پیاوی وەك عەبدولسەلام عارفی لێ خوڵقابوو دەستیان لە تەڕ و وشك نەدەپاراست، وێنەی مەرگ لە هەموو كون و كۆڵانێكدا دەدیترا، نان، خۆراك، بەرگ،  پێداویستییەكانی ژیان باسیان لە شتە قەدەغەكراوەكان بوو.

لەو سەر و بەندانەدابوو كە هاوڕێی تێكۆشەری كۆچكردوو (هاوڕێ‌ مارف) لەدەستی ڕەشی بەعسییەكان لەبەغداوە ڕایكردبوو هاتبووەوە ماڵی باوكی لە كۆیە.

ئەو بەرلەوەی لەبەغداد دەرچێ دەچێتە سۆراغی ماڵە هاوڕێیەكی بەڵام كە سەیردەكا ماڵەكەیان چۆڵە و كەس نازانێ لەترسی مەرگ خۆیان لەكوێ حەشارداوە تەنانەت دیارە ئەو خێزانە پێڕانەگەیشتوون منداڵێكی بچووكیان لە قوتابخانە بگاتەوە ماڵ و بۆی دەردەچن، لەوكاتەدا كاك مارف منداڵەكە بە زارەترەكی لەكۆڵان دەبینێ و منداڵەكەش ئەوی ناسیبوو ڕێگای لەگەڵ داگرتبوو و یەكسەر لەگەڵ خۆی هێنابووی و گەیاندبوویە كۆیە، منداڵەكە ئاوزەی ئێمەبوو، كوڕیژگەیەكی سووروسپی چاوشین تابڵێی ناڕەحەت، دانەدەسەكنا و لەگەڵ ئێمە تێكەڵ بوو، ناوی سەلام بوو.

لەبیرم نەماوە چۆن سەلامیان بردەوە و چی لێ بەسەرهات، ساڵان تێپەڕین، تاساڵی 1982 من كە ژوورەكەم لەناو خەڵكی نازەنین بە مەقەڕی شیوعییان ناودەبردرا، ئەوكاتانەی لەكۆیە دەگەڕامەوە لەو ژوورە دەبووم.

ئێوارەیەك یەكێك لە هاوڕێیانی پێشمەرگە هاتەلام گوتی ئەمشەو زۆرین و كەسێكیش هەیە لە خزمانی ئێوە دەپرسێ واتە لەماڵی مامەم حەمەدەمین كە بە حەمە شین ناسرابوو.

دوای ماوەیەك پێشمەرگەیەكی سووروسپی مووزەردی چاوشین هات و وابزانم دوو هاوڕێی دیكەی لەگەڵدابوو، دیارە شەوەكەمان بە قسەوباسی خۆش ڕازایەوە، ئەو هاوڕێیە ناوی مولازم فائیز بوو، كاتێك هاتینە سەر باسی كۆیە و ماڵی مام حەمەدەمین ددانی بەوەدانا كە بەمنداڵی هاوڕێیەك كە كوڕی ئەو ماڵە بووە ئەوی لەدەست كەمتیارەكانی بەعس ڕزگار كردووە و هێناویەتیە كۆیە، هەرچەندی یادەوەرییەكانی دەگێرایەوە من ئەو هاوڕێیەم لەبەر چاو دەچووەوە باری تەمەنی منداڵی و لەپڕ پێمگوت: لەو قسانەی تۆ دەیكەی دەبێ تۆ ئەو (سەلام)ە بیت كە فلان ساڵ لەگەڵ كاك مارف هاتبوویە كۆیە، هەرچەندە ئەو منی لە بیر نامابوو بەڵام كە ناویم هێنا لەخۆشیا جێگا بەخۆی نەدەگرت، سەیر ئەوەبوو دەیگوت حەزدەكەم جارێكی دیكە ئەو كۆڵانانە ببینمەوە، كاتێك تێمگەیاند كە لە كاتێكی وەك ئەمڕۆ ئەوە ئەستەمە، كەوتە پرسینی هەواڵی هەموویان منیش هەمووشتێكم بۆ باس كرد.

ڕەنگە جارێكی دیكەش هاوڕێ مارفم لەكۆیە دیتبێتەوە و دواجار لە حەفتاكانی هەمان سەدە  هاتە ماڵی ئێمە و سەردانی باوكمی كرد.

هاوڕێی كۆچكردوو دوای ئەوەی كە ساڵی شەست و سێ  دەگاتەوە كۆیە ڕوو لەشاری قەڵادزێ‌ دەكا و ماوەیەك لە ماڵی ڕەوانشاد حوسێنی حاجی مەحموود دەمێنێتەوە كە ماڵی خوشكیشی بووە، ئەوجارە لەگەڵ هاورێ عەزیز محمەد ڕوو لە چیا دەكەن.

ئەو یەكێك دەبێ لەو پێشمەرگانەی كە لە هێڵەكانی دواوە بە هیمدادی هاوڕێیانی شەڕی هەندرێن ڕادەسپێردرێ، ئیتر بۆهەمیشە ژیانی لەگەڵ هاوڕێیان دەباتە سەر و دوای ئەوەی بۆ چەند خولێكی ئامێری چاپ دەنێردرێتە ئەڵمانیا و دواتر دیتەوە بەغدا و لە چاپخانەی حزب دەستبەكاردەبێ، بەڵام دواتر بۆیەكجاری ڕوو لە ئەڵمانیا دەكاتەوە و ئەوماوە دوورودرێژە نەمدیتەوە كە ماوەیەكی زۆر بوو، تا دواجار لەدوای ڕاپەڕین دیتمەوە و ئیتر كە من ڕووم بەرەو ئەورووپا هێنا كەم تا زۆرێك دیتومە. ئەو پیاوە تێكۆشەرە جگە لە حزب و ئامانجەكانی لە خەیاڵی هیچ شتێكی دیكەدا نەبوو، هەمیشە لە بیری حزب و سەرخستنی كارەكانی دابوو، یان باشترە بڵێین بۆ وی شیوعییەت نموونەیەكی پڕ لە عەدالەت بوو بۆ مرۆڤایەتی..بۆیە هەرگیز هۆیەكی مەعقولی نەدەدیتەوە تا دوور لە خەڵكی و لە هاوڕێیانی بژی، ئەو تاكە كەسێك بوو لە شاری بەرلین دۆست و برادەرانی كوردی كۆدەكردەوە و گفتو گۆی گەرم لەنێوانیاندا دروست دەبوو، خاسیەتێكی جوانی ئەوەبوو هەرگیز قسەی لەدڵ نەدەگرت، ئەم كارەیشی دەبووە هۆی بەردەوامی دانیشتنەكانیان، نەیشیدەتوانی بیروڕای خۆی پێچەبەدەورە پێبكا، ڕێك و ڕاست دەیگوت، كە بەڕای من خاسیەتی مرۆڤی ڕاستگۆیە.

دیارە كەمن خۆم ئامادەكردبوو لەو ڕۆژانە بچمە سەردانی، هەرچەندە پێشی چەند حەفتەیەك بەتایبەتی بۆ دیدەنی وی چوومە بەرلین و داخەكەم لەبەر چەند هۆیەك نەمتوانی بیبینم، وادیارە ئەمجارەیان پەلەی بوو لەنێو دەرد و ئازارەكانی بچێتە دەرێ و جێیهێشتین.

داخ و پەژارەم بۆ مەرگی ئەو پیاوە تێكۆشەرە.

وتاری نووسەران