‌ د.ئەردەلان لەتیف

دایک و باوکانی خۆشەویست؛ لە بابەتێکی گرنگ و قووڵی وەک بەهاکانی خێزان دەدوێین. ئەمانە تەنها قسەی گەورە نین، بەڵکو ئەو شتانەن کە ڕۆژانە داهاتووی منداڵەکانمان دەنەخشێنن و بەکاریگەر دەمێننەوە تا کۆتایی ژیانیان.

هەندێک جار پێویستە بیربکەینەوە و ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین؛ ئایا ئێمە چی بە میرات بۆ منداڵەکانمان جێدەهێڵین؟ تەنها لە ڕووی ماددیەوە نا، بەڵکو لە ڕووی ڕۆحی، سۆزدارییەوە، لەو شتانەی کە لە مێشک و دڵیاندا دەمێننەوە.

پاڵنەری سەرەکی ئەم بابەتە، بەرەنجامی گفتوگۆ کردن بوو لەگەڵ دایک و باوکێک، کە لەبارەی باشتر پەروەردەکردنی منداڵەکانیانەوە بەدوای زانیاری زیاترەوە وێڵ بوون. پێیان وتم کە چۆن کوڕەکەیان پرسیاری لێکردوون و بە دایکی وتووە: "دایکە من بۆچی پێویستم بەم هەموو شتە هەیە کە ئێوە بۆم دەکڕن؟ ئێوە کە منداڵبوون ئەو شتانەتان هەبوو؟ بۆ پارێزگاریتان لێنەکردوون؟". ڕوونە لێرە مەبەست ئەو شتە ماددیانەیە کە بۆ منداڵەکانمان دەیانکڕین و دەیانکڕین.

پرسیاری ئەو منداڵە لە دایکی، مایەی سەرنج، تێڕامان و قووڵبوونەوەیە. پێویستە ئێمەی باوانیش پرسیار لەخۆمان بکەین؛ ئایا منداڵەکانمان ڕۆژانە چی دەبینن؟ هەستەکانیان چۆنە؟ هەڵسوکەوت و کردارەکانی ئێمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ڕاستە ئێمە باشترینمان بۆ ئەوان دەوێت؛ پەروەردەکردنێکی شایستە، داهاتوویەکی باش، شتی جوان و هتد... بەڵام زۆرجار بیرمان لەوە نەکردۆتەوە ئایا هەر بەڕاستی مامەڵەی ئێمە بۆ منداڵەکانمان گرنگتر نیە لە قوتابخانە، هاوڕێ، و ئەو شتە ماددیانەی بۆیان دابین دەکەین.

بۆ نموونە؛ بەیانیان کە لە خەو هەڵدەستن، چۆن سڵاو لە یەکتر دەکەین؟ ئایا تەنها "بەیانی باش"ی ڕۆتینییە یان زەردەخەنە و باوەشێکی گەرم؟ منداڵەکەت ئەوە دەبینێ کە چۆن پشتگیری یەکتر دەکەین؟ چۆن ناکۆکییەکان چارەسەر دەکەین؟ چۆن بەتەنگ یەکتریەوە دەێین؟ خۆشەویستی و میهرەبانی لە هەڵسوکەوتی نێوانماندا ڕەنگی داوەتەوە؟ هەموو ئەمانە بەهای خێزانین، کە بە وشە ناگوازرێنەوە. بەڵکو لە ساتەکانی ژیاندا هەڵدەمژرێن.

منداڵ هەستێکی بەهێزی هەیە، ئەگەر پێمان وابێت هێشتا بچووکن و سەرقاڵی کایە و یاری خۆیانن، بەهەڵەداچووین. ئەوان هەموو ڕەفتارەکانمان هەڵدەمژن، لاسایمان دەکەنەوە. کاتێک باسی گرنگی میهرەبانی دەکەین، بەڵام خۆت لەگەڵ ئەندامێکی خێزانەکەتان، دوکاندارێک یان شوفێرێکی تاکسی، دەمەقاڵێ دەکەیت و هیچ بۆشایێک بۆ میهرەبانی لە مامەڵە و هەڵسوکەوتدا نامێنێتەوە! پێت وایە منداڵەکە چی لەبیر دەمێنێ؟ باسکردنەکانی تۆ دەرباری میهرەبانی؟ یان هەڵسوکەتەکانت؟

بێگومان ناتوانین هەموو کات دایک و باوکێکی نموونەیی بین، ماندوو دەبین لەسەر کار، لەوانەیە هەندێجار ئارامی خۆمان لەدەست بدەین لەژێر کاریگەری فشارەکانی ژیان. بەڵام گرنگە لەبیرمان بێت، کە دەکرێ هەموو ڕۆژێک دەرفەت بڕەخسێنین و شتێک بگوازینەوە بۆ منداڵەکانمان؛ هێما بێت بۆ خۆشەویستی، میهرەبانی، ڕاستگۆیی، بەردەوامی و بڕوابەخۆبوون. بۆ ئەوەی ئەوانیش لە داهاتوودا پەیڕەوی لێبکەن.

ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پرسیاری منداڵەکە لە دایکی، وە بیر لە ڕابڕدووی خۆمان بکەینەوە؛ ئایا تۆ یا من چیمان لەگەڵ خۆمان هێناوە لە منداڵیەوە بۆ گەورەبوونمان؟ دیارییەکانی ڕۆژی لەدایکبوون؟ دیاری ئەو ساڵەی لە قوتابخانە یەکەم دەرچووین؟ ئەو جلوبەرگەی لە هەرزەکاریدا خەونمان پێیەوە دەبینی؟.. ئەگەر شتێکیش لەوانە مابێت، هیچ بەهاێکی وای نیە جگە لە گەڕانەوە بۆ ئەوان ڕۆژان.

لەبەرامبەردا، ئێمە ئەو گەشتەمان لەبیرە کە لەگەڵ تەواوی ئەندامانی خێزانەکەمان بۆ شوێنێک ئەنجامماندا کە پێشتر نەمان دیتبوو، گفتوگۆی گەرموگوڕی سەر ژەمەکانی خواردن، ئەو ساتانەی کە پێکەوە شەوان چیرۆکمان دەخوێندەوە، سەیری ئاسمانی پڕ ئەستێرەمان دەکرد و بەدیار لێزمەی بارانەوە بۆنی خاکی پایزمان هەڵدەمژی. ئەوەمان لەبیرە کە نەخۆش دەکەوتین، پێش وەرگرتنی چارەسەر، لە باوەشی گەرمی دایک و باوکمان ئازارەکان کەم دەبوونەوە، هتد..

پێویستە هەموومان بیر لەم بابەتە بکەینەوە، منداڵەکان کاتێک گەورە دەبن با یادگارییەکانی ماڵەوە لەگەڵیان بمێننەوە. چ پڕ چێژ و بەختەوەریێکە کاتێک منداڵێک بڵێت؛ دایک و باوکم فێریان کردم کە میهرەبان، ڕاستگۆ و خۆشەویست بم”. چونکە ئەمانە ئەو بەهایانەن کە لە داهاتوودا دڵخۆشی دەکەن.

ئایا دەزانی گرنگترین بەها و ماناێک بۆ منداڵ، لەگەڵ بوونە، کات بەسەربردنە پێش دابینکردنی شتە ماددیەکان؟ ئایا دەزانی پێدانی سۆز بەڕاستگۆیی و بێ زیادەڕۆیی، جوانترین دیارییە بۆ منداڵ کە لەگەڵ خۆی دەیبات تا کۆتایی ژیان؟ ئایا دەزانی میهرەبانی لەگەڵ منداڵ، واتا متمانەبەخۆبوونی ئەو لە داهاتوودا؟ بەو هیوایەی کە هەوڵدەین وابین و وا بکەین.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

وتاری نووسەران