
بە ڕوونی
كاوە مەحموود
بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ڕەوشی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گڕكرتوودا
پەرەسەندنەكانی ڕەوشی سیاسی و خوێندنەوەی پێشهاتەكان لە كوردستان و ئەگەرەكانی گۆڕانكاری لە هاوسەنگی و تەرازووی هێزەكان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی دوای ڕووداوی 7ی ئۆكتۆبەر لە غەزە و كۆتاییهاتن بە ڕژێمی ئەسەد و هیلالی شیعی و لێدانی زەبری كوشندە لە حەماس و حزب الله و ئاراستەی پاكتاوكردنی میلیشیاكانی ناوچەكە بەگشتی و شەڕی ئیسرائیل و ئێران، سەرجەم ئەم بابەتانەی ئاماژەمان پێكرد وا پێویست دەكات، كە لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان جەخت لەسەر كۆمەڵێك خاڵی سەرەكی بكەنەوە، كە پێویستە كۆدەنگی لەسەر دروستبكرێت و خاڵە لاوەكییەكان وەلابنرێن و مامەڵەكردنێكی واقیعییانە لەگەڵ بابەتەكان لە ڕوانگەی جەختكردن لەسەر ئەو بابەتانەی، كە توانای كردن و ئەنجامدانی هەیە و لەسەر بنەمای پلە یەك و پلە دووی ئەركەكان ریزبەندبكرێت و بۆ ئەم مەبەستە جەخت لەسەر ئەم خاڵانە بكرێت:
ـ كاركردن لە گوتاری سیاسیدا لەسەر نەهێشتنی چاوگەكانی بارگرژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و سەقامگیركردنی ئاشتی تیایدا، كە پێویست بە چارەسەری سیاسی دیموكراتی عادیلانەی سەرجەم كێشەكان و دابینكردنی مافی سەرجەم نەتەوە و گەلانی ناوچەكە و دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە سەرجەم پارچەكاندا دەكات. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ستراتیجی سیاسی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەگەمان، پشت بە پەیامی ئاشتی و چارەسەری سیاسی ڕەوا ببەستێت.
ـ گەلی كوردستان فاكتەری سەرەكی و گرنگە بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لەسەر بنەمایەكی نوێ، كە بەیەكەوەژیان و گەشەپێدانی وڵاتان و گەلانی ناوچەكە دابینبكات، ئەمەش بەپشتبەستن بە ئیرادەی ئازادانەی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوور لە رەچەتەی ئامادەكراوی ناوەندە دەرەكییەكان، وەك پرۆژەی "ئاژاوەی داهێنەرانەی" گوندەلیزا ڕایس و ڕێكەوتننامەی ئەبراهام لە چوارچێوەی ئاراستەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، كە تەنیا لە ڕوانگەی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیانەوە سیاسەت دادەڕێژن و خواست و ویست و هەڵبژاردەی گەلانی ناوچەكە بە هەند وەرناگرن.
ـ دوور لە بەرهەمهێنانەوەی مۆدێلی دەوڵەتی ناوەندی ڕەها كە هەندێ ناوەندی نێودەوڵەتی كاری بۆ دەكەن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ پێویستی بە سیستمی دیموكراتی و سەرجەم شێوازەكانی لامەركەزی سیاسی و مەدەنی دەستووری بۆ شێوازی حوكمڕانی دەوڵەتەكانی ناوچەكە هەیە، بەجۆرێك دیموكراسی تەنها میكانیزمی گەیشتن بە حوكمی نەتەوە یان تایفەی زۆرینە نەبێت و تەنها لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چەمكی زۆرینە و كەمینەدا كۆنەكرێتەوە، بەڵكو وەك چەمكێكی گرێدراو بە پاراستنی سەرجەم ئازادییەكانی تاك و پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكان و بەهەندوەرگرتنی فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەوە، دوور لە هەژموونی باڵادەستی بەناوی زۆرینەوە، مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. ئەمەش زەمینە بۆ داننان بە مافی چارەنووسی سەرجەم گەلانی ناوچەكە دەڕەخسێنێت و بەگشتی دوور لە قایلبوون بە ئیرادەی سەربەخۆیی گەلانی ناوچەكە، ئاشتی و ئاسایش سەقامگیرنابێت و چارەسەرەكان كاتی دەبن.
ـ جەختكردنەوە لەسەر ئەو ڕاستییەی، كە بەدرێژایی مێژوو ململانێی گەلی كوردستان دژ بە گەلانی ناوچەكە نەبووە، بەڵكو لەگەڵ ئەو رژێمانە بووە، كە مافی گەلی كوردستانی زەوتكردووە. بەم پێیەش گرنگە پەیامی كوردستانی باشوور هاندان و یارمەتیدانی دەوڵەتە دراوسێكانی كوردستان بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە، نەك دەستتێوەردان لە كاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دراوسێ. هاوكات لەگەڵ ئەم ئاراستەیە گرنگەدا بزووتنەوەی گەلی كوردستان لە هەر پارچەیەكی كوردستاندا كار بۆ كاری هاوبەش و هاوپەیمانی سیاسی لەگەڵ سەرجەم ئەو نەتەوە و پێكهاتانە بكات، كە بەدرێژایی ماوەی بوونی دەوڵەت لەم ناوچەیەدا مافی زەوتكراوە.
ـ ڕەچاو كردنی تایبەتمەندی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئاستی پەرەسەندنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان لە هەر پارچەیەكی كوردستاندا و لەسەر ئەم بنەمایەش دان بە سەربەخۆیی سیاسیی لایەنەكانی بزووتنەوەكە لە داڕشتنی بەرنامە و هەڵبژاردنی شێوازی تَێكۆشانی هەر پارچەیەك بنرێت.
ـ جەختكردنەوە لەسەر قەدەغەكردنی چارەسەری كێشەی ناوخۆیی بزووتنەوەكەمان لەسەر ئاستی یەك پارچە و لەسەر ئاستی كوردستان بەگشتی لە رێگای بەكارهێنانی هێزەوە.
ـ گرنگیدان بە بەشداریپێكردنی نەتەوەكانی دیكەی كوردستان لە دانانی نەخشەڕێگای مامەڵەكردن لەگەڵ ڕووداوەكان و بنیاتنانی هاوپەیمانی پێویست لەگەڵیاندا و داننان بە مافە نەتەوەییەكانی سەرجەم ئەو پێكهاتانە بەو جۆرەی خۆیان دەستنیشانیدەكەن.
ـ داڕشتنی گوتاری سیاسی نوێ دەربارەی هەلومەرجی ژنان و لاوان و بەشداری كۆمەڵگەی مەدەنی لە ژیانی سیاسی و بوارە گشتییەكاندا.
ـ ئەم ئاراستە سیاسییەی باسمانكرد پێویستی بە دانانی میكانیزمی گونجاو هەیە، لەوانە كاركردن بۆ ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانی كوردستانی لە هەر پارچەیەكی كوردستان و پەلەكردن لە ئەنجامدانی ئەم كارە لە كوردستانی باشوور بە بەشداری لایەنی سیاسی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و پسپۆر و ئەكادیمیستی شارەزا بەمەبەستی سازدانی دیالۆگێكی نیشتمانی كوردستانی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە چەمكی حوكمڕانی لە هەرێم و بەشداری لە پرۆسەی سیاسی عێڕاقدا، كە لە 2003 تا ئێستا گۆڕانكاری چلۆنایەتی بەسەرداهاتووە و پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ مان و نەمان و بابەتی بەردەوامبوون لەو پرۆسە شكستخواردووەدا بكرێتەوە، بەتایبەتی كە ئاراستەی سیاسی دەسەڵاتدارانی عێڕاق بەرەو ناوەندێتی ڕەهایە.