لە پێویستی دەستوورییەوە بۆ بژاردەی بەڵگەنامەی نیشتمانی

هەندرێن ئەحمەد، رۆژنامەنووس و شڕۆڤەکاری سیاسی

لەچوارچێوەی گۆڕانكارییە نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتییە خێراكان ‌و زیاد بوونی گوشارە سیاسی و ئابوورییەكان لەسەر هەرێمی كوردستان، گفتوگۆ لەبارەی نیزامێكی سیاسی سەقامگیر، گفتوگۆیەكی راگوزەر نییە، بەڵكو بۆتە پێویستییەكی هەنووكەیی بۆ بوون ‌و بەرەوپێشەوەچوونیی هەرێمە فیدرالییەكەمان.

هەرێمی كوردستان، چەند قۆناخی هەستیار و پڕ تەنگژەی تێپەڕاند، ،وەلێ هێشتا خاوەن چوارچێوەیەكی دەستوری چەسپاو نییە، رێكخەری پەیوەندی دەسەڵاتەكان بێ ‌و بنەمای پرۆسەیەکی سیاسی بەشێوەیەكی روون دابڕیژێت، لێرەوە پێویستی بە بڕیاردانی دەستورێكی هەمیشەیی بەدیار دەكەوێت یان ئەوەتا بیر لە جێگرەوەیەكی كردەیی بۆ ئەو قۆناخە تێپەڕە بكرێتەوە كە خۆی لە "بەڵگەنامەی نیشتمانیی كوردستان" وەك گرێبەستێكی سیاسی ‌و ستراتیژی دەبینێتەوە.

یەكەم: كیشەی نەبوونی دەستوور

نەبوونی دەستور لەهەرێمی كوردستان، هەر بۆشاییەكەی قانونی نییە، بەڵكو بۆتە سەرچاوەییەكی بەردەوامیی كێشەو تەنگژەکان. شیكردنەوەی جیاواز بۆ دەسەڵاتەكان، تێكەڵاوی دەسەڵاتەكان( یاسادانان ‌و جێبەجێكردن و دادوەری) و پەككەوتنی پەرلەمان لەئەنجامی ململانێ سیاسیەكان، هەمووی بەسەر یەكەوە رەنگدانەوەی نەبوونی مەرجەعێكی باڵای پابەندییە، نیزامی سیاسیی پشت بە تەوافوقی حزبی دەبەستێت، بێ بوونی رێسایەكی دامەمەزراوەیی چەسپاو، بۆیە تەوافوقە حزبییەكە لاوازترە لە بەرانبەر هەر ململانێیەكی ناوخۆییدا.

دووەم: بەڵگەنامەی نیشتمانی وەك بژاردەیەكی جێگرەوە بۆ قۆناخی راگوزەر

لەئەنجامی بڕیارنەدانی دەستورێكی هەمیشەیی، دەكرێ پێشنیاری بژاردەی "بەڵگەنامەی نیشتمانی كوردستان" بكرێت، بەو پێیەی گرێبەستێكی سیاسی پابەنداری نێوان هێزە سیاسییەكانە. ئەو بەڵگەنامەیە (میساق)ـە جێگای دەستوور ناگرێتەوە، بەڵام دەكرێ ناوەڕۆكی دەستووری لەخۆ بگرێت" بنەما گشتییەكانی دەسەڵاتداری ، لێكجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان، دەستەبەركردنی ماف و ئازادییەكان ، رێكخستنی نێوان دەمەزراوە و سنووری دەسەڵاتەكانیان ‌و مەرجەعییەتی بڕیارەكانی پەیوەست بە پاراستنی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان بێ.

 

بەڵگەنامەكە ئەو تەوەرانە لەخۆ بگرێت:

  1. 1. قەدەخەكراوەكانی كاری سیاسی(هێڵە سوورەكان):
  • پەنا نەبردن بۆ پەكخستنی پەرلەمان و كارایی دامەزراوەكانی حكومەت وەك میكانزمێكی گوشاری سیاسی و حزبی .
  • قەدەخەكردنی بەكارهێنانی هێزی چەكداری و دامەزراوەكانی ئەمنی لەململانێ حزبییەكاندا.
  • پابەندبوون بەئەنجامی هەڵبژاردنەكان ‌و تانە لێ نەدانی لەدەرەوەی چوارچێوە یاسییەكان.
  • رەتكردنەوەی هەر دەستوەردانێكی دەرەكی لە كێشە ناوخۆییەكان.
  1. 2. ئیدارەدانی ململانێكان لەبری تەقاندنەوەییەكی كراوە:

واتە لەبری سیاسەتی "شكاندنی ئیرادەو ملكەچ پێكردن" ، بەڵگەنامەكە میكانزمی ئیدارەدانی پێكناكۆكییەكان لەخۆ بگرێت.

  • دامەززراندنی ئەنجومەنێكی هەماهەنگی هەمیشەیی نێوان حزبەكان.
  • بڕیاردانی میكانزمی تەحكیمی سیاسی پابەندار.
  • بڕیاردانی قۆناخی هێوركردنەوەی ناچاری لە نێوان لایەنە سیاسیەكان بەر لە گرتنەبەری بڕیارە چارەنووسسازەكان.
  1. 3. ئەنجومەنی باڵای سیاسی(ئەنجومەنی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی):

گرنگە بەڵگەنامەی نیشتمانی میكانزمی ئەنجوومەنێكی سیاسی باڵا بە بەشداری سەركردەی یەكەمی حزبە سیاسیە سەرەكییەكان لە خۆ بگرێت، ئەركی ئەم ئەنجوومەنە:

  • رەسمی سیاسەتە ستراتیژییەكان بكات.
  • ئیدارەدانی تەنگژە سیاسی‌و ئەمنییەكان بكات.
  • یەكخستنی هەڵوێستی كوردستان لەبەرانبەر كێشە چارەنووسازەكان، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە بەغداوە هەیە بكات.

( ئەو ئەنجوومەنە رۆڵی دامەزراوە فەرمییەكان رەت ناكاتەوە ، بەڵكو چەترێكی هەماهەنگی بالا دەبێ بۆ رێگری لەئەگەری هەر قەیرانێكی پێشبینی نەكراودا)

  1. 4. دیاریكردنی هەڵسوكەوتی(سلوك)ی دیموكراسی حزبەكان:

بەڵگەنامەكە پێویستە پێوەری روون بۆ كاری دیموكراسی لەخۆ گرێت، لەوانە:

  • دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەنێو خودی هەر حزبێكدا.
  • شەفافیەتی دارایی و سیاسی.
  • رێزگرتن لە رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن وەك بەشێك لە نیزامی سیاسی نەك پەراوێزخستن.
  1. 5. یەكخستنی گوتاری كوردستان لە بەرانبەر بەغدا:

دیارترین خاڵی لاوازی ئەزموونی سیاسی هەرێمی كوردستان، چەندێتییە لە گوتاری سیاسی بەرانبەر حكومەتی ئیتحادی، بۆیە پێویستە بەڵگەنامەی نیشتمانی ئەم خاڵانە لەخۆ بگرێت:

  • یەكخستنی گوتار لە بابەتە سەروەرییەكان (نەوت ، بودجە ، دەسەڵاتی هەرێمی و ئیتحادییەکان وەك لەدەستووری عێراقدا هاتووە).
  • رێگە گرتن لە دانوستاندنی تاك لایەنە، كە هەڵوێستی گشتی كوردستان لاواز دەكات.
  • بونیادنانی ستراتیژییەتی دانووستاندنی درێژ مەودا لەگەڵ بەغدا.
  1. 6. پلانی بەڵگەنامەی ستراتیژی(10 ساڵ).

نابێت ئەو بەڵگەنامەییە تەنها هەوڵێكی رووكەشانە بێ، بەڵكو پێویستە پلانێكی سیاسی بۆ ماوەی 10 ساڵ درێژە بكێشت، بە ئامانجی :

  • چەسپاندنی سەقامگیری ناوخۆیی.
  • بونیادنانی دامەزراوەیی بەهێز (دامەزراوە نا یەكگرتووەكان).
  • كەمكردنەوەی پەیوەندییە حزبیە بەرتەسكەكان و بەرفرەوانكردنی هەماهەنگییە سیاسیەكان.
  • پڕۆژەیەکی ستراتییژییە بۆماوەی 10 ساڵ ، بۆ بونیادنانەوەی گیانی كوردستانی بەهێز ‌و گەشەپێدانی بەردەوامی دادپەروەری كۆمەڵایەتیی.
  1. 7. رەهەندی هەرێمی ‌و نێودەوڵەتی:

هەرێمی كوردستان لە دەورووبەرە هەرێمایەتییەكەی دانابڕێندرێت، بۆیە پێویستە بەڵگەنامەكە ئەو بابەتانەی خوارەوە فەرامۆش نەكات:

  • لەبەرچاوگرتنی هەستارییەكانی توركیا و ئێران بۆ باری ئاسایشی خۆیان، بەتایبەتی پرسی سنوور و جولە چەكدارییەكان.
  • رۆڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەكو هێزی جیهانی و كارەكتەرێكی سەرەكی لە هەر هاوسەنگییەكی جیهانی.
  • پێداویستی پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی دەرەوەی واقعی لەسەربنەمای هاوسەنگی نەك جەمسەربەندی.

 سێیەم: ئالنگاری راستەقینە:

مەرج نییە ئالنگارییەكانییە ستراتیژییەكان هەمووی  لەو بەڵگەنامەیە بنووسرێت، بەڵكو پێویستە میساقێكی شەرەفی سیاسی بەپابەندار بێ ، چونكە رێككەوتنە سیاسیەكانی پێشوو لەگەڵ یەكەم تاقیكردنەوەی جیدی پەك دەخرێت، بۆیە سەركەوتنی ئەم بەڵگەنامە دەستپێشخەرییە، پێویستی بە:

  • ئیرادەیەكی راستەقینەی سەركردە سیاسیەكانە.
  • پێویستی بە گۆشاری كۆمەڵگەیی و دەستەبژێرەكانە (میكانزمێكی چاودێری) بۆ شایەدی پابەندبوون.
  • گرێدانی بەرژەوەندی حزبی بەسەقامگیری گشتی هەرێم ( كوردستان لەپێشدا).

كۆتایی

هەرێمی كوردستان، لەبەردەم قۆناخێكی هەستیاری مێژووییدایە، ئەوجا یا بەردەوام بوونە لەسەر ئیدارەدانی قەیران و تەنگژە سیاسییەكان لەسەر بنەمای كاردانەوە، یاخود هەوڵی گواستنەوەی قۆناخاكەیە بۆ بونیادنانی گرێبەستێكی سیاسی چەسپاوی درێژخایەن. دەستوور وەك ئامانجی كۆتایییە، بەڵام بەڵگەنامەی نیشتمانی هەنگاوێكە واقعییە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، بەڵگەنامەی نیشتمانی هەوڵێكە بۆ پێناسەكردنەوەی سیاسەت لەهەرێمی كوردستاندا(لەململانێیەكی سیاسی سفر-هیچییەوە بۆ ئیدارەدانێكی عەقلانی، لە دەسەڵاتێكی حزبییەوە بۆبە هێزکردنی دامەزراوە نیشتمانییەكان) .

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا