
لە زۆر لە دەوڵەتە فیدراڵیەكاندا دەستەیەكی یەكلاكەرەوە هەیە و چاودێرە بەسەر پاراستنی دەستور و یاساكان و پرسی دابەشكردن و دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی نێوان هەرێمەكان و دەوڵەتی ناوەند ، چونكە لەم جۆرە دەوڵەتەدا بوونی ئەم دەستەیە پێویستیەكی جەوهەریە و پەیوەستە بە بنەما سەركیەكانی پاراستنی ئەو دەوڵەتە هاوبەشەوە و ئامرازێكی بنەڕەتیە بۆ زامنكردنی دەسەڵاتەكان و ڕێگرە لە دروستبوونی هەر ناكۆكی و كێشمەكێشێكی وا كە لایەك سەروەری لاكەی تر پێشێلكات و ببێتە مەترسی بۆ سەر ماف و بەرژەوەندیەكانی ئەوی تر ، ئەو دەستەیەش لە زۆربەی دەوڵەتە فیدراڵیەكاندا بە دادگای باڵای فیدراڵی ناوزەد دەكرێت و بەگوێرەی دەستور و یاسا مامەڵە لە گەڵ پرسە هەڵواسرا و ناكۆكەكاندا دەكات و هیچ دادگایەكیش مافی تێهەڵچوونەوەی بڕیارەكانی ئەو دادگا باڵایەی نیە كە بە دەستور دەسەڵاتەكانی ڕێكخراوە
دیارە گۆڕانكاریەكانی پرۆسەی سیاسی عێراق و هەڵوەشاندنەوەی بەعس و دەستبردن بۆ دیموكراسیەت و كرانەوە و خولقاندنی كەشێكی سیاسی جیاواز لە سێستەمی سیاسی عێراق و نوسینەوەی دەستورێكی نوێ و بونیادنانی دەوڵەتێكی فیدراڵ ، وایخواست بیر لە دادگای باڵای فیدراڵی بكرێتەوە لە پێناو زامنكردنی قەوارە فیدراڵیەكە و ڕێگربێ لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو مەترسیدار ، ئەم دادگایە لای خۆیەوە چاودێری دۆخی یاسای و سیاسی و ناكۆكی و پێشێلی بڕیار و ڕاسپاردەكانی دەوڵەتی ناوەند و هەرێمەكان دەكات و ئەركی گەرنتی و پاراستنی دەستور و سەروەری یاسا و قەوارەی نیشتمانیە و نابێ سازشیان لە سەر بكات و لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بێلایەنانە ئەرکەکانی جێبەجێ بکات و نەكەوێتە ژێركاریگەری هیچ فاكتەرێكی ناوخۆی و دەرەكیەوە ، بەڵام ئەمە لە كۆمەڵگاكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقیشدا وەك چۆن دیاردەیەكی نوێیە لە پرۆسەی دەوڵەتداری و قەوارەی گشتی دا ئاواش بابەتێكە هەر لە سەرەتاوە لە ژێركاریگەری و هەژموونی حزب و پێکهاتەی تائیفی و دەستی دەرەكی دایە و دەستەكە بە ڕێككەوتنی لایەنە سیاسیەكان و بەپێی پشك دامەزراوە ، ئەم پشك پشكێنەش وایكردوە ئاسەوار و لێكەوتەكانی بڕیاری ئەم دادگایە بە نیشانەی پرسیارەوە هەڵسەنگێنرێت ، بەتایبەت ئەو بڕیارانەی كە پەیوەستن بە یەكلایكردنەوەی ململانێ سیاسیەكانەوە و تادێت كاریگەریەكانی لە دۆخی سیاسیدا ڕەنگدانەوەی خۆی هەیە و بەبڕوای چاودێرانی سیاسی هێشتا نەیتوانیوە سەربەخۆیانە بڕیارە گرنگەكان بگەیەنێت ، و هەندێ جار لایەنگری و تەرەف داری پێوە دیارە ، و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو محاسەسە حزبیەی كە لە دادگای باڵای فیدراڵی دا جێكرایەوە ، دیارەجێکردنەوەی محاسەسە و بەشبەشێنەی دەسەڵات و بڕیاردان لەسەر هەرپرسێکیش لەوەها دۆخێکدا کاریگەری و لێکەوتەی ئەرێنی و نەرێنی هەیە و بەو مانایە نایەت کە هەمووی لێکدانی هیچ بکرێ بەتایبەت لە دواین دانشتنەکانیدا لەمەڕ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرسی هەڵوەشاندنەوەی کۆتای پێکهاتەکان و موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ، کە هەریەک لەو پرسانەش كە بڕیاریان لە سەر درا ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە دۆخی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی سیاسی و فەلسەفەی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی و شکستی دەسەڵات و ئیدارەدانی ئەوانەوە هەیە و ناکرێ دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر تۆمەتبار بکرێ ، چونكە دۆخی کوردستان بەدەستی ئەحزابی حوکمڕانەوە خۆی بەرەو دیاردەی مەترسیدارتر و لێكھەڵوەشانەوەی زیاتر دەروات تا ئەو ئەندازەیەی دابڕانێكی قوڵ لەنێوان ھاوڵاتی و دەسەڵاتدا دروست بووە ووایکردوە ناكۆكیی و ناڕەزایی گەورەی نێوان خەڵك و دەسەڵاتی كوردی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تۆختر دەبێتەوە و تابڕوات خەڵك لە دەسەڵات دوور دەكەوێتەوە و هیچ ئینتمایەکی بۆ نیشتمان و دەسەڵاتەکەی نەماوە
شكستی پڕۆژەی سیاسی و ئیدارەدانی هەرێم لەم قۆناغەدا لە لوتکەدایە و خەڵك بە خۆشحاڵیەوە چاوەڕوانی زەبری زۆر کوشندەتر و مەترسیدارتریش دەکات لە بەرانبەر ئەحزابی حوکمڕان و دەیەوێ بەتوندی بەر ئەو واقیعە زبرە بکەون و تەفروتونابن ، چونکە لە ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکدا لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا نەیانتوانی گۆڕانكاریەكی ڕیشەیی لە بارودۆخ و گوزەرانی خەڵكدا بكەن و پێچەوانە باشوری کوردستانیان لە نێوان خۆیاندا بەشکرد و پاوەنکرایە سەر دوو زۆنی
سەوز و زەرد ، لەم دوو زۆنەشدا بەرپرسە باڵاكان هایلایڤ دەژین، هەریەكەی خاوەنی چەندین ڤێلا و كێڵگەی زەبەلاح، هۆتێل، كارگە و نەخۆشخانە و پرۆژەی گەورەگەورە و چیو چین. گەندەڵی و جوداكاری و قۆرغكردن قورگی كۆمەڵگای گرتووە. كۆمەڵگا و مرۆڤەكانی غەرقی ناعەدالەتی و بێدادی کراوە و کەسیش ناپرسێ بۆ
ئەوەشی ئێستا دەیکەن لە ئاست ئەو دادگایە درۆیەکی گەورەی دەسەڵاتە ودیسان شەڕكردنە لە سەر پاوانكردنی داهات و وەرگرتنی ئیمتیازات و موچە و ژیانی خەڵكی كرێكار و كارمەندو خانەنشین و كەم دەرامەت هەمووی پاشكۆی شەڕی ئەو هێزە سیاسیە بەشدار بووانەیە کە دەیانەوێ گەورەترین بەش لە سامان و داهاتی عێڕاق و کوردستانیان چنگ کەوێ و بەهیچ جۆرێک داکۆکی نیە لە خەڵک و مافەکانی
بەكورتی لە سایەی دەسەڵاتی ئەحزابی حوکمڕاندا، كورد وەكو نەتەوە ئیفلیج و پەرت پەرتکراوە، كەسایەتی كورد كەسایەتیەكی تێكشكاو داڕۆخاوە، كۆنەپەرستی قوڕگی كۆمەڵگای گرتووە و پرەنسپە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان تێكشكاون و دەسەلاتی بنەماڵەیی و بازرگانی ئەم حزبانە هەموو شتێکیان ناشرین و نابوت کردوە و نیشتیمان لەژێر ناوی جۆراوجۆردا هەراج دەكرێت، بەسیج و میت تەڕاتێنیانە و بونەتە دەمڕاستی کورد.