بێزارییە، بێزارییە، ئەم ژیانە ناچارییە، گورانیـیە بەردەوام تەواونەکراوەکەی لاوانی کوردستان

چ سیاسەتێکی نا ئینسانی بە نوقمبونی دان؟

جەمال کۆشش

شەڕ،هەژاری و سەرکوت، لەهەر نیشتمانێک پەیدا بوون، لەوێ خەڵک هەڵدێت و ئاوارە دەبێ. لە (١٨-٣-٢٠١٦)دا(یەکێتی ئەوروپا) و(تورکیا) مامەڵەیەکی قێزەوەنیان لەسەر ژیانی پەنابەران پێکەوە ڕاگەیاند، کە(تورکیا) لەبەرامبەر وەرگرتنەوەی ئەوپەنابەرانەی کە (یۆنان) دیپۆرتیان دەکاتەوە، شەش ملیارد یۆرۆ لە (یەکێتی ئەوروپا) وەردەگرێت.ئەوروپا یاساکانی پەنابەری توندوتوندتر کردەوە، ڕێکارەکانی کۆچی ئەستەمترکردەوە، مەرجەکانی هێنانی هاوسەری قورستر کرد،وە گومانی زۆرییان لەسەر پرۆسەی هاوسەرگیری هاوڵاتی خۆیان وکەسانی بیانی پەیداکردو چاودێریـیەکی وردتریان کرد. زۆر بڕگە و بەندی بیمە کۆمەڵایەتی وتەندروستیـیەکانیان کەمکردەوە و لابرد.

(یەکێتی ئەوروپا)، بەپەرلەمان و وەزارەت وکۆمسیۆنەکانیەوە، ساڵانێکی زۆرە بە شوێن ڕیفۆرمێکی گشتی و سیاسەتێکی هاوبەشی پەنابەریـیەوەیە بۆهەر (٢٧) دەوڵەتەکە،(بەتایبەت لەلایەن دەوڵەتە بەهێزەکانیانەوە). لەمانگی (٤) و (٥)ی ئەمساڵدا (٢٠٢٤) گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە بە"هەنگاوێکی مێژوویی" یان ناولێنا.(ئەم ڕیفۆڕمە ڕاستەوخۆ بەمانای هەڵوەشانەوەی مافی تاکەکانە بۆ  پەنابەری لە ئەوروپا. لەبری ئەوەیداواکردنی پەنابەری بەشێوەی لێکۆڵینەوەی یاسایی دەوڵەتیـیانە ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت، پەنابەران بەشێوەیەکی زۆرلە کەمپە گەورەکانی دەرەوەی سنوری ئەوروپا کۆدەکرێنەوەوهەوڵدەدرێ بەخێرایی داواکاریـیەکانیان بۆ پەنابەری ڕەدبکرێتەوە، بەم شێوەیە ئەوروپا بەهەموو هێزیەوە دەیەوێت پەنابەران لەدەرەوەی سنورەکانی خۆی بهێڵێتەوە.

(سودم لە زنیارییەکانی بوڵتنی ژمارە ٢ی مانگی ٦ی (٢٠٢٤)ی ئۆرگانی (سۆلیدارتی سەنس فرۆنتێ-Solidarite Sans Frontieres) وەرگرتووە کە تایبەتە بەو مژارە. بڕوانە:

[https://www.solidarityacrossborders.org/en/]

بەدوای مامەڵە بازرگانیـیەکەی ئەوروپا/تورکیا، دەوڵەتی (یۆنان)، یاسای پەنابەری لەگەڵ ئەم ئاڵوگۆەدا گونجاند. کرداری دەستنان بەڕووی پەنابەرانەوە(پوش باک-push back)ی بەهەمەجۆربرەو پێدا، پەنابەرانی لە دوورگەکاندا لەکەمپە شێوە زیندانیەکاندا کۆکردەوە.

[جین زیگلەر-Jean Ziegler] کە نوسەری کتێبی [ئیمپڕاتۆڕیەتی شەرمەزاری-The Empire of Shame]ە، و یەكێکە لە ڕەخنەگرە ڕادیکاڵەکانی سیاسەتی ئەوروپا، لەسەردانێکی بۆ (کەمپی مۆریا) لە (یۆنان)، ناوزەدی کرد بە [کەمپی شەرمەزاری ئەوروپا]، و بە کەمپی گیانداران و دارستانی مەیمونی چواند، وە داوای داخستنی دەستبەجێی ئەو کەمپەی کرد. ئەو کەمپە لە (١١-٩-٢٠٢٠) ئاگری گرت و سوتا لە بەتاوترین ڕۆژەکانی بڵابونەوەی کۆرۆنادا.

ڕیفۆڕم و ئاڵوگوڕی بۆ توندکردن و خێراترکردنی دیپۆرت کردنەوەی پەنابەران، لەنێو یاسا هاوبەشەکانی ئەوروپاشدا، لەنێو بازنەی (شەنگن) و ڕێکخستنەوەی میکانیزمی (دەبلن)یشدا، ئەنجامدراوە. ئەو یاسایانە بەجۆرێک داڕێژراون کە زۆرترین کەس بخەنە دەرەوەی پرۆسەی وەرگرتنی داواکارییەوە، وە ئاسانترین شێوە بەڕێگای فەرمی دیپۆرت بکرێنەوە. لێکۆڵینەوە لەڕێگای پشکنین وبایۆمەتری وهەر لەسەر سنورەکان،کەهەندێک دەوڵەت شانسی قەبوڵیان سفرە، یەکسەرەو هەر لەوێوە دیپۆرتدەکرێنەوە. (ئەگەر لەگەڵ ئەووڵاتانە ڕێککەوتنامە لەسەر وەرگرتنەوەی پەنابەرە ڕەفزکراوەکان هەبێتن، یان وەک ئەوەی بیری لێدەکرێتەوە بۆ ڕوندا بگوازرێنەوە).

لەنێو هەمان ڕیفۆرمدا ئەوە هاتووە کە ئەو دەوڵەتەی یەکەمجار، پەنابەر داواکەی لێپێشکەش دەکات، هەر ئەو دەوڵەتە بەرپرسیارە لە وەڵام بەداواکەی. ئەمە ڕێگا دەگرێت لە پەنابەران ئازادیان هەبێت لە چ دەوڵەتێک داواکە پێشکەش بکەن، وە ئەگەر پێشتر دەوڵەتتەنها لە سێ(٣) مانگی یەکەمدابۆی هەبوو پەنابەر دیپۆرت بکاتەوە بۆ ئەو دەوڵەتەییەکەمجار پەنابەرەکە لێیەوە هاتۆتەناو ئەوروپا، ئێستا تا (١٨) مانگ دەتوانێت دیپۆرتی بکاتەوە، کە هەزارەها پەنابەر دەبن، ولەو ماوەیەشدا هیچ مافێکی سۆشیال ووەڵامیشیان نیە. خۆ ئەگەر پەنابەرێک فیزەی (شەنگن)یشی هەبێت ئەوا دوای (١٨) مانگ دەسڕدرێتەوە.

ناوەندی ڕیجیسترەیشنی ناسنامە

(ئیۆرۆدۆک-eurodoc)، [https://www.eurodoc.net/]،ئەرشیفی گەورەترین داتای پەنابەریـیە کە تائێستا نەبووە لەمێژوودا، کۆنترین بایۆمتری بانکی داتاکانی ئەوروپا گەشەی پێدەدرێت بۆ سیستەمێکی زانیاری لەسەر پەنجەمۆری سادە، دەموچاووهێڵکارییەکانی ڕووخسار، پاسەپۆرت وکارتی شوناسە جۆراجۆرەکان،و تا داواکاری پەنابەری ودۆکیۆمنتەکانی ترو تاگەڕاندنەوەی پەنابەران بۆ ماوەی (٦) ساڵ،... بەیەک کلیک دەتوانێت بچیتە"سەنتەری زانیارییەکانی شەنگن"،"سەنتەری زانیاری ڤیزە"، و "بیانیـیەکانی خاوەن پێشینەی سەرپێچی یاسایی"...هتد. هەموو ئەمانەش لە ناوەندێک کۆکراونەتەوە بەناوی (ناوەندی ڕیجیسترەیشنی ناسنامە). ئاسەواری خراپی ئەم تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە لەوەدایە کە ئیدی سوتاندنی پاسەپۆرتەکەت، ڕێگا لەدیپۆرتکردنەوەت ناگرێت، گۆڕینی ناوت، وڵاتەکەت، زمان ولەهجەکەت و شارەکەت، داد نادات، چونکە هەموو زانیارییەکانت بە دۆکیومنتەوە لەوێدا خەزنکراوە.

ئەم بەرتەسکردن وهاوئاهەنگیـیەی یەکتری دەوڵەتە ئەوروپییەکان، بەتایبەت پاش ئەوەی ڕەوت و هێزە ڕاستڕەوەکان قورسیایان لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا زیاد بووە، بێگومان هەوڵی جددی دەدەن پراکتیکەی بکەن. (هەمان سەرچاوەی پێشوو، بۆڵتنی ژ٢، حوزەیرانی ٢٠٢٤).

مەترسیدارترین ڕێگا بۆ ئەوروپا

من لە نوسینی تریشدا ئاماژەم پێداوە، کە دەوڵەتانی ئەوروپا بە ئەنقەست ومەبەستدارانە ئاستەنگی قورس بۆ ڕێرەوی کۆچ دروست دەکەن، ئەو دەوڵەتانە ڕێگای گەیشتنی پەنابەران بەئەوروپا تا ئەو پەڕی ڕادەی خنکانی مناڵان لەدەریادا تەحەمول دەکەن. چاو لەڕەفتاری فاشیانەی پۆلیسی سەرسنور دەنوقێنن. یەکەی چاودێری دەریایی یۆنان، چۆن پەنابەران لە سنوری ئاوی (یۆنان)ەوە دیپۆرتکراوەنەتەوە بۆ (تورکیا). زۆر بێدەبەرست وبەئەنقەست ناچن بەهاواری پەنابەرانەوە(وەک لەم کارەساتەدا دووبارە بووەوە). کەلەئێستادا بەهۆی شکایەتێکەوە لەدادگایە کە کەمتەرخەمە ڕاستەوخۆوناڕاستەوخۆ لە خنکانی (٦٠٠) پەنابەری بەلەمی ئاوی لەکاتی نوقمبونیان لە (١٤-٦-٢٠٢٣) لەسنورە ئاوییەکانی (یۆنان)دا. وەک یەکێک لەڕزگاربووەکان ئاماژەی پێداوە کە ئەوان ئاگاداری پۆلیسی یۆنانیان کردووە، بەڵام وتویانە تا فرمانمان(ئەمرمان) بۆ نەیەت ناتوانین بجوڵێین.

(ڕاهێل)ە ژنێکی پارێزەرەو یەکێک لە ئەندامانی تیمی ڕێکخراوی (سی ۆچ-Sea Watch)(٩)ی (ئیتالیا)یە، لەتازەترین لێداونیدا کە (٢٨-٦-٢٠٢٤) بڵاویکردەوە، لەوەتەی حکومەتی ئیتالیا بە سەرۆکایەتی (جۆرجیا میلۆنی) لەسەر کارە، گوشاری سیاسی وسزادانی یاسایی بەردەوام لەهەڵکشاندایە بۆ ئەو کەس وڕێکخراوانەی هەوڵدەدەن ئەو پەنابەرانە لەمەرگ وخنکان ڕزگار بکەن.دەسەڵاتی هەوایی ئیتالیا دەیەوێت پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لەدەریای ناوەڕاست بەدۆکیۆمێنت نەکریت، تەنانەت بۆ ماوەی زیاترلە دوو هەفتە نەیهێشت کاپتنی کەشتیوان(کارۆلا ڕاکێتا) کەشتیەکەی(سیۆچ ٣)لەبەندەری (لامپێدوسا) لەنگەربگرێت وکاتێکیش وەک دواین چارەسەروبەناچاری یەختەکەی (کەبەمەبەستی ڕزگارکردنی پەنابەران ڕێکخراوی سێ ۆوچی ئەڵمانی کڕیویانە) لەبەندەرەکە ڕاگرت، بە (٤١) سەرنشینی نیوە مردووەوە، پۆلیسی ئیتالیا کاپتنەکەی زیندانی کرد،و وەک یارمەتی دەری قاچاخچی ناساندنی، هەموو چالاکیـیەکانیانیانی قەدەغەکرد. (بڕوانە ماڵپەڕی سی ۆچ)، [https://sea-watch.org].

(فرۆنتێکس-Frontex)

دەوڵەتانی ئەوروپا ئۆرگانێکیان بۆ ڕاگرتنی کۆچ وپەنابەری دامەزراندووە بەناوی (فرۆنتێکس-Frontex) کە چاودێری سنورە ئاوییەکانی (یۆنان) و(ئیتالیا) دەکات. (فرۆنتێکس) خۆی ڕاستەوخۆ تاوانبارە یان چاوپۆشی کردووە لە کارە نایاساییەکانی پۆلیسی چاودێری ئاوییەکانی (یۆنان) و (ئیتالیا) لەڕزگارکردنی پەنابەران وبەتەنگەوە نەچوونیان. تەنانەت بەپێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی فەرمی ئەوروپا بۆ دژایەتی سەرپێچیکاری (ئۆلف)، لە مانگی (٢)/(٢٠٢٢)دا، (فرۆنتێکس) چرای سەوزی بۆ پۆلیسی دەریاوانی یۆنان هەڵکردووە بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سوری لەسنوورە ئاوییەکانی (یۆنان)دا. پاش بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتەکە ودەنگدانەوەی لە میدیاکاندا، بەڕێوەبەری (فرۆنتێکس)(فابریک لێگاری) دەستیلەکارکێشایەوە لە مانگی چواری هەمان ساڵدا. لەماوەی نێوان (٢٠١٥) تا (٢٠٢٤) بودجەی ساڵانەی ئەو ئۆڕگانە (Frontex) لە (١٤٢) ملیۆنەوە بۆ (٩٢٢) ملیۆن بەرز بوەوە.

[بڕوانە ڕۆژنامەی (لۆمۆند دپلۆماتی.https://www.editionarabediplo.com/ )، ژمارەی حوزەیرانی (٢٠٢٤) لاپەڕە (١٣).]

گۆرانییەکەی ئەردەڵان بەکری

چەوسانەوە، بێئاسۆیی، بەهانەی سەرکوت!

بێزارییە،بێزارییە، ئەم ژیانە ناچارییە

خۆشەویستیم بۆ من نەبووی.

دونیا چیە؟ دونیا چیە؟!

نایەیتەوە، نایەیتەوە، خۆشمدەویست نایەتەوە

مۆمی تاریکی تەمەنم کوژایەوە

بێزارییە، بێزارییە، ئەم ژیانە ناچارییە،

خۆشەویستم بۆ من نەبووی

دونیا چیە؟ دونیا چیە؟!

کەی ژیانە کەی ژیانە؟ دوور وڵاتی کەی ژیانە؟

وەک دیلێ بەوڵاتی غەریب، ئاوارە و ژێر دەستەمە

بێزارییە، بێزارییە، ئەم ژیانە ناچارییە

خۆشەویستم بۆ من نەبووی

دونیا چیە؟ دونیا چیە؟

چەند بێزارم، چەند بێزارم، لەهەواڵی ئەم شارە

هەواڵی دێت لەم شارە

کێ حاکم و کێ قەراردارە

ئەم گۆرانیـیەی (ئەردەڵان بەکری)، گۆرانی بێژی جوانەمەرگ، کەئەویش هەربە نامرادی وبە حەسرەتەوە، بەتەمەنێکی کەمەوە، جێهێشتین. ئەردەڵان، پەیکەرەی خەم و خەون، حەسرەت و کۆچ و دابڕان، لەتۆنی ئازار و برین و تەمتومانی ناچاری و مەرگ بوو.

کاتێک ئەو ڤیدیۆ کلیپە دەبینین کە کۆمەڵێک پەنابەر بەکۆرس و لە دڵ و گیانیانەوە گۆرانییەکەی ئەردەڵان دەڵێنەوە (بێزارییە، بێزارییە، ئەم ژیانە ناچارییە)، کە پێ دەچێت چەند چرکەیەکلە سەرەتای سواربوونی کەشتیـیەکە و دەرچوونیان بۆ ناو دەریا تۆمارییان کردبێت، ئینسان دەتاسێنێ!!! ئەردەڵانێک لە نێوتاک تاکی ئەو پەنابەرانە دایە، ڕۆحێکی پڕ ئازارە و سەفەرێکی ئەفسوناوی و شەوی لێکدابڕانیانە. هەموویان خۆیان بۆ لەدایکبونێکی تر ئامادە دەکەن، ئاوات وخەونیان هەیە و پێدەنێنە نێو مەترسیدارترین ڕێگای مەرگ، هیچ کەس ناتوانێت بەو سیمادڵ پڕ لە هیوایانە بڵێت: تەمەنی خۆتان و خەونەکانتان ناگاتە (٧٢) سەعاتی دی و ئیدی بۆ ئەبەد لەگۆڕستانی ئاودا دەنێژرێن! ئەو هەموو جوانی وکەیف وگۆرانی و لایەلایە، دەپێچرێتە لرفەی شەپۆل و زریکە و ناڵە و کارەسات و مۆمی تەمەن دەکوژێتەوە!

دوو دنیای جیاواز لە هەرێمی کوردستان

(ڕێزان حەمە ساڵح- نوێنەری حکومەتی هەرێم لەئیتالیا) "دەفەرموێت" لە هیچ جێگایەکی دونیا هێندەی هەولێر سەیارەی گرانبەها بەسەر جادەکانەوە نین،بەڵام خانمی بەڕێز پێمبڵێ لە کوێی جیهان هێندەی شارەکانی هەرێمی کوردستان، مناڵی سواڵکەری سەرفولکەکان، دەستفرۆش و پیری تەسبیح و گۆرەوی فرۆش، لاوی بێتاقەت وسەرگەردان وبێکارهەیە؟ ژنانی بێماف وپەراوێزخراوی پاڵپێوەنراو هەیە؟ گەڕەکی پەڕپوت وخانوی (١٠٠) مەتری ناتەواوی پڕ سەرخێزان هەیە؟ئادەی پێم بڵێ لەکوێی دونیا ئەم هەموو بێ مافی و تڕاژیدیایە هەیە؟ هەر کەسێک لە هەولێر سەردانی (ئیمپایەر) و سەردانی (گەڕەکی مەنتکاوا) بکات، سەرانی (گاردن سیتی) و (گەڕەکی بەلاشاوا) بکات، سەردانی قاوەخانەکانی (لافینتۆ)و (گەڕەکی نەودوو) بکات، دەبینێ دوو دونیایە. پەڕینەوەی لاوانی کچ و کوڕی بێکار و خێروخۆشی نەدیوو لە ژیان، لەم بەری دنیای چارەڕەشی نیولیبرالیزمەوە بۆ ئەوبەری دنیا بەختەوەرەکەی سەرمایەداران و دەسەڵاتداران لە هەرێمیکوردستان مەحاڵە، بۆیە تەنها ڕێگای ملدان بەمەرگیان بۆ هێشتوونەتەوە بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە و لەم دەسەڵاتەی هەرێم.

ئەگەر کەسێک ڤیدیۆی لێدانی ئەو گەنجە شارەزووریـیە ببینێ کە هێلکەی گرتە کاروانی سەیارەکانی (مەسرور بارزانی)، لە کۆتایی حوزەیرانی (٢٠٢٤) لە (خورماڵ)، کە ناڵەو هاواری دەگاتە حەوت کۆڵان،کە چۆن پاسەوانەکان بە سەیارەو بە شەق و بەدار و بەبۆکس، چی لێدەکەن، تێدەگات ئەم لاوانە لە نیشتمان نوقمی کام سەحرای عەزاب و بێڕێزی و تینویەتی بوونە، ئەم نیشتمانە، شایانی ئەو لاوانە نیە، هەرگیز.

لەبەرنامەیەکی تایبەتی ڕادیۆی دەنگی ئەمەریکادا لەمەڕ ئەم کارەساتە و کۆچی نایاسایی، خاتوو (ژیار محمەد) لەگەڵ (٣) کادیری "پێشکەوتوو"ی (پارتی) دیداری ئەنجامدا، یەک بۆیەکیان دەسەندەوە و (خاتوو ژیار) بەبێ ئیزعاجکردن و بەئیسراحەتی تەواوە بواری دابوو کە چۆنیان بوێ وەها بدوێن. گەلێک باس هاتە پێشەوە، سەدای وەڵامدانەوە غائب بوو، ئەوانە لێدەگەڕێم، بەڵام شتێک کەڕەهەندێکی سەرکوتکاری هەیە و دەتوانێت بەکار بێت و بیکەنە پاساوی بڕگە و بەندێکی یاسایی بۆ زیندانی و فڕاندن، ئەویش بەهانە داتاشینێکی نوێیە بەناوی "هاندانی گەنجان بۆ کۆچ" لەلایەن (عەلی سەعید) بەڕێوەبەری داتاو زانیاری لە"ناوەندی هەمائاهەنگی قەیرانەکان لەهەرێمی کوردستان" بەکارهات. ئەو دەستەواژەیە ڕەهەندێکی مەترسیداری هەیە لەبری ئەوەی کە بیری جددی بکرێتەوە بۆ لانی کەم  کەمکردنەوەی ئەم تراژیدییانەی کۆچ،دێت هۆکارەکانی کۆچ برەو پێدەدات.

یەکێک لەکەسوکاری گیانبەختکردوانی نوقمبونی بەلەمەکە، (ڕێکان عەبدوڵا حەمەئەمین) وتی (خەڵکی حەقە لێرە ناڕەزایەتی دەرببڕن) و خەبات بکەن تا ژیانی خۆیان بگۆڕن. ئەوە ڕێگا دروستەکەیە و هەر ئەمەشە وایکردووە حکومەتی هەرێم لە ترسانا هێنانەوەی تەرمەکان بخاتە سەر ئەستۆی خۆی.

تەموزی ٢٠٢٤

وتاری نووسەران