
حهیدهر مهنتك
کۆمەڵگە زیندوو و پێشکەوتووەکان هەمیشە لەسەر بنەمای هۆشیاریی تاک و ڕەتکردنەوەی پاشکۆیەتی بونیاد دەنرێن، کاتێک تاک دەبێتە خاوەن دەنگ و پێگەی سەربەخۆی خۆی، دەتوانێت گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پێکهاتە گشتییەکاندا دروست بکات. مێژووی مرۆڤایەتی سەلماندوویەتی کە هیچ وەرچەرخانێکی گەورە و چاکسازییەکی ڕاستەقینە بێ بوێریی تاکەکەسی نایەتە دی.
پشتبەستن بە عەقڵیەتی چاوەڕوانی و سپاردنی چارەنووس بە قەدەری کۆمەڵایەتی، تەنها تەمەنی دواکەوتوویی و گەندەڵی درێژ دەکاتەوە. بۆیە،ڕەخنەی بونیادنەر و پێشنیاری ژیرانە، سەرەتای چوونە ناو قۆناغی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و مرۆیییە. پێویستە لە خۆمانەوە دەست پێبکەین تا ببینە هەوێنی کۆدەنگییەکی گشتی بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و گۆڕانکاری.
بەڕای من، هێشتا درەنگ نییە کە هەر تاکێک لە ئێمە، خاوەنی ڕاو بۆچوون و بڕیاری تەندروستی خۆی بێت، لەپێناو بەدەستهێنانی بچووکترین ماف، یان بۆ ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە دەیەوێت بە دروستی جێبەجێیان بکات تا لە کۆتاییدا ئامانجەکەی بپێکێت.
ئەمەش بە ئاستی هۆشیاری،ڕۆشنبیری و بوێری دەکرێت، سەرجەم حزب، کۆمپانیا، کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی جیهان و کوردستانیش، سەرەتا بیرۆکەی دروستبوونیان، و دواتر گەشەکردنیان، لە تاکەوە دەستی پێکردووە و پاشان وردە وردە بووەتە کارێکی كۆدهنگی و ئامانجی خۆی پێکاوە. کەواتە تۆی تاک، هەمیشە هەوڵ بدە خۆت ئەو کەسە بیت کەڕەخنە دەگرێت، پێشنیار دەکات و بەرچاوڕوونی دەدات، نەک چاوەڕێی هاوڕێ و خەڵکانی تر بکەیت و دواتر بڵێیت: منیش وەک فڵان.
میللەتانی پێشکەوتوو بە سەرنج و ڕەخنەکانیان بوونەتە ژمارەیەکی گرنگ لە بوارەکانی ژیاندا، لەوڕێگەیەوە خۆشگوزەرانی و مافیان بۆ خاوەن مافەکان گەڕاندووەتەوە.
کەواتە با چیتر نەڵێین: "بۆكێ خۆمان خراپ بکەین؟
کێ منەتی پێیە؟یان "کێ کفتەی خواردووە، با ئەو بچێتە لای بووک! ئەمانە هەموویانڕستە و بیرۆکەی کۆنن، کە بێهەڵوێستیی کۆمەڵگە و نەبوونی بوێری نیشان دەدەن،ڕۆشنبیری بەرەو نەمان دەبەن.
دەبێت هەوڵبدەین بۆ پڕۆژەی باش، بۆ گۆڕانکاری، بۆ چاکسازی و بۆ پەروەردەیەکی دروست کۆدەنگی پەیدا بکەین، و بەرژەوەندییە تایبەتییەکان وەلابنێین. تەنها بەم هەڵوێستە جوانانە دەتوانین فەشەل بەبیركردنهوه کۆنەکانی ئەو کەسە خۆویستانە بهێنین کە تەنها بیر لە گیرفان و مانەوەی خۆیان دەکەنەوە.
کەواتە هێشتا درەنگ نییە،ڕاو بۆچوونی خۆت بە پێشنیاری جوان و ڕەخنەی لۆژیکی بخە سەر مێزی سیمینار، کۆڕ، دیبەت و کۆبوونەوەکان.
