شەماڵ بارەوانی

قسەیەکی قۆڕ هەیه دەڵێت: تیرۆر ئایینی نییە.

بێگومان تیرۆر ئایینی هەیه و ئیمانی لە هی من و تۆش بەهێزترە و  دکتۆراشی لە شەریعەت هەیە.

کابرا لائیکێک دەکوژێت، لەژێر کاریگەری دەقێکی دینی یان قسەی مەلا و بانگخوازێکی توندڕۆ، پەنا بۆ ئەوکارە قێزەونە دەبات. قابیلە خۆ بەهۆی سەیرکردنی کلیپی گۆرانییەکی هەیفاوەهبی یان  خوێندنەوەی شیعرێکی شێرکۆبێکەس یان گوێگرتن لە مۆسیقایەکی ڕۆمانسی نابێت بە توندڕۆ و بکوژ.

کوشتنی گەنجێک، تەنها لەسەر ئەوەی دەستبەرداری ئایین بووە و ئەوهەموو دەستخۆشیکردن و پشتگیریکردنە لەو کارەقێزەون و تیرۆرستییە، زەنگێکی زۆر مەترسیناکە و ئەوەشمان پێ دەڵێت، کە کۆمەڵگای کوردی و تاکی کورد چۆن بەرەو داعشبوون هەنگاو دەنێت.

بەوردی سەیری کومێنتەکانم دەکرد لە سۆشیال چاڵەوێن(میدیا)ی کوردی، زۆربەی نووسیبوویان: ئەوە کۆتایی هەموو مولحیدێکه، مولحیدەکانی کوردستان ئیتر بترسن، شایەنی، کافری لە دین هەڵگەڕاوە، قسە به دین دەڵێیت؟ دەبیخۆ.

دانەیەکیان کە خەڵکی شارەکەی خۆمە و هەرزەکارێکی دەم ڕووتە، لە وڵامی کۆمێنتێکی من، بۆی نووسیبووم:سڕەی تۆش دێت.

یەکێتریان دەستخۆشی ئەو کوشتنەی کاکە خواناسی کردبوو.

ڕۆیشتمە سەر پرۆفایلی، ئەمیش منداڵێکی هەرزەکار، تەمەنی دەوری پازدە شازدە ساڵێک دەبوو و لەکۆمێنتێک نووسیبووی:

دەلێن جوێنی بە دین و پەیامبەر داوە(دەڵێن) مادام وای گوتووە دەبێ بکوژرێت.

ئەو ئەقڵییەتەی ئێستای کۆمەڵی کوردی و تاکی وێرانبووی کوردی، ڕێک هەمان ئەو کارەساتی کوشتنی (فەرەج فۆدە)مان بیر دێنێتەوە، کاتێک دادوەر لە دادگا لێی دەپرسێت: بۆچی کوشتت؟ بکوژەکە لە وەڵامدا گوتی: کوفری کرد.

دادوەرەکە گوتی لەکوێ؟

بکوژەکە گوتی: لە کتێبەکانی.

دادوەرەکە لێی پرسی: لە کامە کتێبی؟

بکوژەکە گوتی: نازانم، من هەر خوێندەواریم نییە، بەڵام وادەڵێن!

بەڵێ، کۆمەڵگای کوردی ئێستا لەو دووڕیانەی جەهالەت و وەک لە وتارێکی تریشم پێشووتر گوتوومه(لە لێواری قەندەهاربوون)دایه.

من گلەییم لە ئەندام و لایانگرانی حیزبه ئیسلامییەسیاسییەکان و سەلەفیگەراکان نییە، کە  توندڕۆ و داعشبیرن. ئەوان دۆکترین و نەهج و ئیدەلۆژیایان وایه.

بەڵکو مەهزەلەکە لەوەدایە، تۆ ئێستا لە سۆشیال میدیا ناتوانیت ئەندامێکی یەکێتی یان پارتی لە ئەندامێکی کۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوە، یەکگرتوو و سەلەفییەک جیابکەیتەوە و هەمووی هەڵگری فیکری توندئاژۆیین و دژی پێکەوەژیان، تۆلەرانس، عەلمانییەت، کرانەوە و ئازادی تاکن. هەمووی دژی ئازادیخوازان، لە یەک سەنگەردان لە سۆشیال میدیا.

وەرنەوە هۆش خۆتان و قسەی ئێمه بەهەند وەربگرن. ئێوە وەک ئێمە ئیسلامی سیاسیتان نەناسیوە و هەستتان بە مەترسییەکانی تیرۆر و تارمایی ئەو هێزه بناژۆخواز و داعشبیرانە نەکردووە. وەک ئەوەی من و کۆمەڵێک نووسەری تر، کە پێشووتر هەموومان ئیسلامی سیاسی و سەلەفییەتی دینی بووین و لە منداڵدانی ئەو هێزە کۆنەخوازانە هاتووینەتە دەر و دەمێکە لە ڕێگای نووسینەکانمانەوە هاوار دەکەین: تا زووە و لەدەست نەچووەتە دەر، فریای کۆمەڵگە بکەون، خەریکه هەمووی دەبنە داعش.

کادری حیزبێک لەو حیزبە بەناو عەلمانییانە بەمن دەڵێت: تۆ مورتەدی و حوکی مورتەدیش کوشتنە. جا ئەو پیاوە(ماستەر)ی لە یاساش هەیە!

 ڕادیۆ هەیه سەربەحیزبێکی(گوایە) عەلمانییە و ڤیتۆی خستووەتە سەر کتێب و نووسینەکانم و بەڕێوەبەرەکەی ئاگادار کراوەتەوە کە نابێت لە پەیجی ڕادیۆکە ڕێکلام بۆ کتێبه چاپکراوەکانی من بکرێت و چاوپێکەتن لەسەر کتێبەکانم لەگەڵدا بکەن. گوتوویانە خەتەرە و مەڕ و مێگەل لێمان دەتورێن.

کەچی هەمان ڕادیۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ مەلا و کەسی بیرداعشی وا دەکات، کەسی نزیک نزیکی چووەتە ناو داعش.

دڵتان بەوە خۆش نەکەن، کە ئیسلامی سیاسی لە دەسەڵات نین و لە سیاسەت لاوازن. لەسەر ئاستی کۆمەڵ، ئەقڵی مێگەلی کوردی ئێستا لەدەستی ئەوانە.

نێنەوە هۆش و قسەی ئێمەمانان بەهەند وەرنەگرن، زوو یان درەنگ، باجی ئەو بێ موبالاتییەتان دەدەن.

(ئەنوەر سادات)یش وا بێموبالاتانە دەرگای کۆمەڵی بۆ ئەو هێزە بناژۆخوازانە خستە سەرپشت، سەرەنجام سەری خۆی و کۆمەڵی میسرییان خوارد.

ئەمڕۆ، کاکە خواناس بوو، لەوەدەچێ بەیانی من بم، دڵنیابن سەرەی ئێوەش هەمووتان دێت.

من نە کۆمپانیا و بیرە نەوتم هەیە و نە بازرگانیشم.

جگە لە پێنوسەکەم، هیچی ترم نییە  تا لەدەستی بدەم.

(۱۰)ساڵە زانکۆم تەواوکردووە و وانەبێژم و دامەزراندنیشتان پێ ڕەوا نەبینیم. وەک هەزاران گەنجی دیکەی ئەم وڵاتە، بێناز و کوڕەهەژارێک زیاتر نیم و بۆ لەچاپدانی کتێبێکم پارە قەرزدەکەم.

خۆتان زەرەردەکەن و هەموو شتێک لەدەست دەدەن و کۆمەڵی کوردیش بەو ژەهرەی فیکری سەلەفییەتی دینی و ئیسلامی سیاسی وێران دەکەن.

وتاری نووسەران