هیوا عومەر 

لاوازبوونی رۆڵی بزووتنەوەی حەماس و حزب اللە و دواتریش روخانی خێرای رژێمەكەی ئەسەد زنجیرەیەك ڕووداوبوو هێشتا بەردەوامی هەیە بەئاراستەی نەهێشتنی رۆڵی ئێران لە ناوچەكە و لاوازكردنی لە ئاستی ناوخۆیی، لەبەرامبەر ئەوەدا هەڵكشانی رۆڵی ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەپلەی یەكەم هاتۆتەپێشەوە .  

ئەوەی وایكردووە ئەم ڕووداوانە خێراتربێت، پەیوەندیی راستەوخۆی بە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل هەیە وەك هێزێكی نێودەوڵەتی و لە لایەكی تریش بەردەوامیی ئیشكالیەتی دەوڵەتدارییە لە ناوچەكە و جیهانی ئیسلامیدا . 

لەناو ئەو باهۆزی گۆڕانكارییەدا هاوشێوەی ئەزموونی گۆڕانكارییەكانی عێراق دەرفەتی تازە بۆ گەلی كورد هاتۆتە پێشەوە، ئەم دەرفەتە جگە لە فاكتەری نێودەوڵەتی و گۆڕان لە تەرازووی هێزەكاندا، پەیوەندیی بە بوونی سیاسی پرسی كوردیشەوە هەیە وەك دیفاكتۆیەكی بەهێز  لە رۆژئاوا و باكووری كوردستاندا، واتە بەیەكگەیشتنی فاكتەری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەیەككاتدا لە چوارچێوەی باری بابەتی و خودیدا.

لە درێژەی زنجیرەی ئەم گۆڕانكارییانەدا، پرسی ئاشتی و گفتوگۆی نێوان سەرانی رژێمی توركیا و بەرێز ئۆجەلان بۆتە ڕووداوێكی تری گرنگ نەك تەنها لەسەرئاستی توركیا، بەڵكو بۆتە پرسێكی ناوچەیی و جیهانیش، خوێندنەوەكان زۆرن لەبارەی ناوەرۆكی پەیامەكەی ئۆجەلان و نیازەكانی دەوڵەتی شۆڤینی توركیا، بەڵام نابێت ئەوەمان بیربچێت ئێمە تەواو لە سەردەمێكی جیاوازدا دەژین، دەوڵەتی قوڵی توركیا تێگەیشتووە لەوەی كورد لەمڕۆدا كارەكتەرێكی ناودەوڵەتی گرنگە، بەبێ‌ كورد و چارەسەری پرسی كورد و مافە دیموكراتییەكان چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت و رۆڵی كارای هەبێت، لەوەش تێگەیشتووە تەواو شكستی هێنا پرسی كورد لە پرسێكی ناوخۆیی و گرێدانی بە تیرۆر كورتبكاتەوە . 

بزووتنەوەی سیاسی كوردیش تێگەیشتووە لەوەی  تێكۆشانی چەكداری هەلومەرجی مێژوویی خۆی هەیە و نابێت وەك ئامانج تەماشابكرێت، بەڵكو دەبێت تەنها وەك یەكێك لە ئامرازەكانی تێكۆشان تەماشابكرێت، ڕاگرتن یان كۆتاییهێنان بە تێكۆشانی چەكداری لە باكووری كوردستان، ڕەهەندی مێژوویی و نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هەیە، لەمڕۆدا لە ماوەیەكی نزیكدا لێكەوتەكانی دەبینین، ئەوە بەمانای ئەوەش نایەت سیاسەتی شۆڤینی سڕینەوەی زیاتر لە سەد ساڵی نەتەوەی كورد لە رۆژئاوا و و باكووری كوردستان و پارچەكانی تر لە ئەنجامی ڕاگەیاندنی كۆتاییهێنان بە تێكۆشانی چەكداری بگاتە چارەسەركردن، بەڵام دەبێتە وەرچەرخانێكی تری مێژوویی، ئاسان نابێت توركیا بەرگەی بگرێت و بەشێك لە مافە سیاسی و كلتووری و رۆشنبیرییەكانی گەلی كورد لە چوارچێوەی گۆڕانكارییە یاسایی و دەستوورییەكان جێگیر نەكات، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت وەك خاڵی پچڕان و بازدانێكی مێژوویی  تەماشابكرێت بۆ چالاكتركردنی كەناڵەكانی تری بەشداری سیاسی و رۆشنبیری و كلتووری بۆ بەدەستهێنانی بەشێك لە مافە سیاسی و ئابوورییەكان . 

ئەوە ڕاستە، ئاسۆی دۆزی گەلی كوردستان ڕونتردەبینرێت بەهۆی ئەم بارودۆخە بابەتی و خودییەی هاتۆتە پێشەوە، بەڵام نابێت ئەوەشمان بیربچێت گرێدانی ئەو بزاڤە سیاسی و كۆمەڵایەتییەی لە رۆژئاوا و باكوور و رۆژهەڵاتیش هەیە بە چۆنیەتی بەهێزتركردنی لە ئاستی جەماوەری و بنەما ئەخلاقی و دیموكراسییەكان لەلایەك و حاڵیبوون لە رۆڵی كاراكترە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، لایەنێكی تری پرسەكەیە. 

ئەوەی گرنگە، بانگی ئۆجەلان بۆ ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك تەنها ڕاگەیاندنی ئەنجامی رێكەوتنێكە بۆ ڕای گشتی، پێشتر چەندین پرسی تر گفتوگۆكراوە ئەمە سەرەتای پرۆسەیەكی دوورودرێژە .

وتاری نووسەران