
عەلی مەحمود محەمەد
بەشی یەكەم
لە باكووری ناوچەی گەرمیان شاڵاوی ئەنفالدا سێ بۆ چوار جێگاوە بۆ كۆكردنەوەی هاووڵاتییان دەستیپێکرد, ئەنفالكراوان دوای كۆكردنەوەی سەرەتایی لە شوێنی دەستگیركردنیان،بۆ لیواكەی چەمچەماڵ راپێچكران, لیوای چەمچەماڵ دووەم قۆناغی كۆكردنەوەی ئەنفالكراوان بوو. لێرە ئەنفالكراوان بە فەرمی مامەڵەی زیندانیکراویان لە گەڵ دەكرێت و رزگار بوون ئەستەم بوو، بۆ ئەوەی لەوێوە دەستاودەستی نێوان سوپا و بیرۆی باكوڕی پارتی بەعسیان پێبكرێت و بنێردرێن بۆ ئەمنی پارێزگای كەركوك لە سەربازگەی تۆبزاوە.
لە چەمچەماڵ مەقەڕ لیوا و قایمقامیەت شوێنی ناوەندی كۆكردنەوەی ئەنفالكراوان بوون, هەندێكی كەم لەوان بۆ تەواری سلێمانی ڕەوانەکران, دواتر لەوێوە گەڕێنراونەتەوە بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە, وەلێ زۆربەیان ڕاستەوخۆ لە لیوای چەمچەماڵەوە نێردراون بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە.
لیواكەی چەمچەماڵ دەكەوتە پشت نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەوی ئێستای چەمچەماڵەوە, گۆڕەپانێكی فراوانی قیركراوی تێدا بووە, شوێنی نیشتنەوە و هەڵسانی كۆپتەر بوو, كە ئەوكات كۆپتەر ڕۆڵی سەرەكی هەبوو لە لێدانی سەربازی دژ بە هاووڵاتییانی لادێكان و هێزی پێشمەرگە، زۆربەی تاوانەكانی بەعس بەهۆی كۆپتەرەوە ئەنجامدراون. وەك دەگێڕنەوە لە دەوری سەربازگەكە ساترێكی بەرزی دروستكرابوو بە دەوریا خاڵی چاودێری سەربازی هەبوون تا لە پەلاماری پێشمەرگە بپارێزرێن, بە ئاراستەی ناوچەی شواندا بوون. لەسەر دوو گرد كە بە خۆڵ درووست كرابوون دوو دۆشكە داندرا، لیواكە دوو ژێر زەمینی تیا بوو، ژێر زەمینەكان دوو دەرگایان هەبوو. لەم سەرو ئەو سەری, سەربازگەكە كۆمەڵێك هۆڵی تێدا بوو، دەرگاكانیان بە ئاراستەی شوان بوون . كۆمەڵێك خانووی رێك و پێك لە بەردەم هۆڵەكان هەبوون, بە ژووری ئەفسەرەكانی دەكرد, بەرەو ڕووی بان مەقانیش هۆڵێكی گەورەی درێژی تێدا بوو، چوار دەوری پەنجەرەی بچووك بچووك بوون، لەولاتر ڕیزێكی بینایەی تیا بوو كە ڕوو لە سەنگاو بوون.
نزیك 200 مەتر دەڕۆیشتی ڕیزێك بینایەی تری تیا بوو، روو لە سەنگاو بوون شوێنی چاككردنەوەی ئۆتۆمۆبیل بوون. بە رووی تەكیەیا ڕیزێك بینایەی خۆشی تیا بوو پێی دەچوو بارەگای كارگێڕی بووبێتن، هەروەها سەربازگەكە كۆمەڵێك هۆڵی تێدا بوو لەسەر دیزاینی قاعەكان تۆبزاوە بوون. بەلای ناوچەی شوانا كۆمەڵێك باڵەخانەی وەك ڕەبایەی بچووكی تێدا بوو ، پشتی لیواكە دائیرەی ئیشغال بوو، دەرگای لیواكە دەكەوتە بەرامبەر دادگای ئێستای چەمچەماڵ, سەربازگەكە وەك ئاماژەمان پێیدا چواردەوری ساتر بوو, بان ساترەكەش تەلی دڕكاوی بوو, دەوروبەریشی هەموو سەربازگە بوو. ژێر زەمینەكەی شوێنی ئەشكەنجە بووە, سەربازگەكە مدەرەعە، دەبابە، تۆپ و راجیمەی تیا بوو.
لە ناوچەكە بارەگای ئەم لیوایە گەورەترین مۆڵگای سەربازی بوو, كەوتبووە گەڕەكی شەهیدانەوە, لە حەفتاكانەوە درووست كرابوو, ڕووپێوی زیاتر لە پەنجا دۆنم زەوی بوو. ئەمین بەشیر كاتی ئەنفالەكان ئامر لیوای چەمچەمال بوو, ئەویش وەك حەجاج و نزار خەزرەجی و بەرپرسانی نزاركێ و دووبز و تۆبزاوە و دەیان تاوانبار و مستەشار و فەرماندەی مەفرەزە خاسە لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال نین. سەربازەكان لیواكە دوای كۆڕەو و هەڵاتنی خەڵك ماڵەكانی چەمچەماڵیان تاڵان كردبوو, لەمەشدا هەندێك سەربازی كوردیشیان تیدا بوو.
ناوەندی كۆكرنەوەی سەرەتایی دەڤەری قادر كەرەم
ئەنفالكراوانی بەشی باكووری گەرمیان (قادر كەرەم و سەنگاو و لەیلان) و بەشێك لە ئەنفالكراوانی قۆناغی ئەنفالی چوار و بەشێك لە ئەنفالكراوانی بناری گل و قەراغ و ... گواسترانەوە بۆ لیواكەی چەمچەماڵ.
ئەنفالكراوانی كەرتی قادر كەرەم لە چەمەكەی ئالیواوە و مەحمو پەریزاو مجەمەعەكەی قادر كەرمەوە هێنران, كە هەمووی دەكەوتە یەك ناوچەی جوگرافیاوە, تێایاندا هەبووە دووای كۆكردنەوەكە هەر لەم ناوچانە راستەوخۆ گواستراونەتەوە, لە شوێنی كۆكردنەوەی سەرەتایی رانەگیراون .
هەر یەكێك لەوانەی هێنراون بۆ شوێنی كۆكردنەوەی سەرەتایی، چیرۆكی تایبەتی خۆیان هەیە، بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەوە, مێژووی دەستگیركردنیان و ئەو روداوانەی بەسەریاندا هاتووە, دەبێتە نووسینەوەی مێژووی ئەم بەشە گرنگەی ئەنفال, كە بۆ دیاریكردنی پێناسی یاسایی تاوانەكە گرنگترین بڕگەی تاوانەكەیە.
لە پرۆسەی ئەنفالی 1 و 2 و رۆژە سەرەتاییەكانی دەستپێكی ئەنفالی 3, پێی ناچێت هێشتا بڕیاری یەكلا كەرەوە بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردنی بڕیاری 4008 لەسەر ئەنفالكراوان درابێت, دیار نییە كامە یەكەم بڕیارە, وەلێ بەوەندەی لە بەردەستدان بە ناردنی ئەنفالكراوان لە 10ی ئەپرێلەوە بۆ لیواكەی چەمچەماڵ, دوواتر بۆ تۆبزاوە, سەرەتا بابەتەكە یەكلا كرابوەوە بۆ كۆكردنەوە, دوواتر جیاكردنەوە, چونكە سەرەتا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك لە تۆبزاواش ژن و پیاو و پیر و گەنج لە زۆربەی هۆڵەكان پێكەوە بوون. دوواتر نێرینەی پیاو لە نێوان 15 بۆ 50 ساڵە بە پەلە نێردراون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان, ئەم پرۆسەیە پێش ناردن بۆ زیندانەكان دووبز و نگرە سەلمان كەوتووە, لەمەدا لادان هەبووە لە جێبەجێكردنی بڕیاری 4008,چونكە لانی زۆری تەمەن لە 70 ساڵەوە كەمكرایەوە بۆ 50 ساڵ, واتا ئەوانەی كەمتر لە 50 ساڵ بوونە هەموو بڕیاری مەرگیان بۆ دەرچووە, ئەوانەی لە دووبزیش رزگاریان بوو هۆكاری لێبوردنە گشتییەكەی 6-9-1988 بوو, بە رێكەوتیش دوو كاروان نێردراون بۆ نگرە سەلمان, ئەگەر پرۆسەكە بەردەوام بووایە لێبوردن نەدرایا هەموویان دەنێردران بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان, زیندانی سەربازگەی دووبز بۆ خۆی لقێك بووە لە زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە, سەربازگەی چاوەڕوانی بووە بۆ زیندە بەچاڵكردن و جێبەجێكردنی بڕیاری 4008 بەسەر زیندانیان.
بەرەو كۆكردنەوە:
تا سەرەتای دەیەی دووەمی مانگی چواری 1988, واتا لە 10-4 و ڕۆژانی دوواتر، وێڕای بوونی بڕیاری 4008, كە بڕیار لەسەر چارەنووسی هاووڵاتییانی ناوچە دابڕاوەكان درابوو, كە كوشتن بوو, وەلێ لە سەرەتای دەستپێكی پرۆسەی ئەنفال هێشتا چاوڕوونییەك بۆ مامەڵە لە گەڵ ئەنفالكراوان و چۆنیەتی جێبەجێكردن نەبوو, لە ناوچەی قۆناغی ئەنفالی یەك , لە قەزای دوكان بە كەفالەت ئەنفالكراوان بۆ ماوەی مانگێك ئازاد كران و دوواتر بانگ كرانەوە, هەموویان بە پێی خۆیان هاتنەوە بەردەست ئەنفالچییەكان و دەستگیركرانەوە, لە گەڵ ئەنفالكراوانی قۆناغی ئەنفالی چوارەم گەیشتنە زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە, ئەنفالكراوانی قۆناغی دووەمی ئەنفالیش لە گەڵ بەشی كۆتایی قوربانیانی قۆناغی ئەنفالی سێ دەگەنە زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە, هەرچەندە بەڵگەنامە هەیە كە لەناو شارەكانیش بەدوای هەڵاتووەكانی ئەنفالی یەك و دوودا گەڕاون, بەڵام ڕزگار بوون ئاسانتر بوو, هێشتا ئەنفالكراوان ڕاپێچ نەكرابوون بۆ سەربازگە شومەكەی تۆبزاوا.
لە قۆناغی سێیەمی ئەنفالیش سەرەتادا ئەنفالكراوان لە شوێنی سەرەتایی كۆكردنەوە هەر كۆكرانەوە, بواری دەرچوون و هەڵاتن هەبووە لە زۆر جێگا, بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی لە بەردەستدان لە دووای 10ی مانگەوە بڕیاری گواستنەوەیان بۆ لیواكەی چەمچەماڵ دەدرێت لەوێشەوە بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوا, دووەم گروپ ئەنفالكراوانی ئامادەیی ڕەشید و مەركەز شەبابەكەی دووز بوو كە چارەنووسیان دیاریكرا كە نێردران بۆ تكریت, دوای 17-4 یش ئەنفالكراوانی سەربازگەی قۆڕەتوو نێردران بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوا, واتا لە ماوەی هەفتەیەكدا هەموو ئەنفالكراوان پرۆسەی ئەنفالی 3 كۆكرانەوە و ڕەوانەكران بۆ سەربازگەی تۆبزاوە كە سێیەمین شوێنی كۆكردنەوە بوو. لێرە بڕیارە قورسەكان دران لە جیاكردنەوە, بەكۆمەڵ كوشتن، برسیكردن، ئەشكەنجەدان، كەرامەت شكاندن.
لە دوای دەی ئەپرێلەوە, مامەڵە لەگەڵ ئەنفالكراوان ڕوون بوەوە, بە پێی ئەو بڕیارو رێنوێنانەی بیرۆی باكووری پارتی بەعس كە دەری كردبوون دەجوڵانەوە و دواتر دێینە سەریان.
ئەوەی لە بەردەستدان دوو لیست لە پیاوەكان كە هەموو بە پێشمەرگە دراونەتە قەڵەم و چەكدار بوونە لە رێكەوتی 10ی نیسان وەك یەكەم لیستی بەردەست بە ژمارە 283 كە بریتییە لە 60 پیاو بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی بابەت ناردنی كەس( نەنوسراوە تێكدەر, هەرچەندە هەموو چەكداریش بوونە), وە ژمارە 284 بریتییە لە 30 پیاو بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی, بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی چەمچەماڵ, بابەت ناردنی تێكدەر, كە هەردوو لیستەكە فەرماندەی سوپای پارێزگاری نەوت بارق عەبدوڵا حاجی حنتە واژۆی كردوە, ئەمانە یەكەم گروپە نێردراوەكانی ئەنفالكراوەكانن كە هاووڵاتی گوندەكانی نێوان سەنگاو و قادر كەرەم هەر یەك لە گوندەكانی قیرچە و تەپە سپی و كراوی و لەك و قەیتول و خدر رێحان و بنەكە و كربچنە و تیلەكۆ و بینكە و شۆریجەی كەركوك و حوریە.....بوونە ئیتر نازانرێت ئەمانە لە قادر كەرم خۆیان داوە بە دەستەوە یان لە سەنگاو، نووسراوی ژمارە 285 لەبەردەست نییە, بەڵام نووسراوەكانی ژمارە 286,287,288 رۆژی 11-4-1988 دەرچوونە بۆ ناردنی ئەنفالكراوان لیستێكیان ژن و منداڵی تێدایە.