فەرەیدوون سامان

لەم سەردەمەی دنیای تەکنەلۆژیای زانیاری و ئایتی و هێژموونی سۆشیالمیدیاو زمانی نەتەوەی سەردەست و هەروەها زمانە بیانییەکان، بەتایبەتیش زمانی ئینگلیزی، کاریگەری زۆر و ڕاستەوخۆی لەسەر هەست و ئاوەزی منداڵانی کورد داناوە، بە ڕادەیەک زۆر لە خێزانی کورد بەتایبەت ئەوانی ڕەوشی مادییان باشە و توانای ئەوەیان هەیە منداڵەکانیان لە خوێندنگە ئەهلی و تایبەتەکان دابنێن(ئەو خوێندنگەیانەی وانەکانیان بە زمانی ئینگلیزی)ن، بەرامبەر بەوەش وانەی خوێندنی کوردی تا ئاستی نەبوون لە پەراوێزدایە، تەنانەت لە زۆر لەو قوتابخانانەدا تا ڕادەیەک سەبارەت بە نەبوونی مامۆستای پسپۆر لە خانەی نەبووندایە.

لە دونیای هاوچەرخی ئێمەدا کە لە هەموو بوارەکاندا شاهیدی پێشکەوتنی خێرایە، بایەخی پاراستنی شوناسی کەلتووری گەلان تیشکی دەخرێتە سەر،  زمان و هونەر و وێژە گرینگترین پایەن کە ناسنامەی هەر نەتەوەیەک پێکدەهێنن و نوێنەرایەتی ئەو پردە پتەوە دەکەن، کە نەوەکانی ئێستا بەڕابردووی باووباپیرانیان و کەلتوورە دەوڵەمەندەکەیانەوە دەبەستنەوە،  لەم چوارچێوەیەدا بۆمان دەردەکەوێت کە فێرکردنی زمانی دایک بۆ منداڵانی کورد و ئاشناکردنیان  بە زمان و هونەر و کەلەپوری نەتەوەکەیان بایەخێکی تایبەتی هەم لەڕووی زانستی و هەمیش لەڕوویکەسایەتی کۆمەڵایەتییەوە بەدەست دەهێنێت، کە لە ئەنجامدا ئەویش بەهۆی ئەوڕۆڵە سەرەکییەوە دەبێت لە بەهێزکردنی کەسایەتی تاکی کورد  و چەسپاندنی شوناسی کوردیدا.

یەکێک لە هۆکارەکانی نەمری و مانەوەی زمانی هەر نەتەوەیەکیش زمانی دایکە، زمانی دایک یان زگماک، هەر تەنێ ئامرازێکی پەیوەندیکردن نییە، لە نێوان تاکەکانی خێزان و کۆمەڵگەدا، بەڵکو ڕۆحی ناسنامەی نەتەوەیە و یەکێکە لە هێما هەرە گرنگەکانی زیندوومانەوەی،  زمانی کوردی مێژوویەکی دوور و درێژی تێکۆشان و هیوا و خەونی لە ناو خۆیدا هەڵگرتووە، لەو سۆنگەیەدا سەدان ساڵە وەک کێوە سەرکەشەکانی کوردستان ڕووبەرووی توانەوە و ئاسمیلاسیۆنی داگیرکەرانی  بۆتەوە.

فێرکردنی زمانی دایک بۆ منداڵان وایان لێدەکات بتوانن پەیوەندی لەگەڵ ڕابردووی نەتەوەکەیان بکەن و لە فەرهەنگ و مێژووی ڕەسەنی خۆیان تێبگەن و لە چیرۆکی باوباپیرانیان و قارەمانێتی گەلەکەی خۆیان بزانن، شارەزابوون لە زمانی دایک یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی یەکێتی نەتەوەیی و یەکگرتوویی کۆمەڵگەی کوردەواری، بەو پێیەی تاکەکان زیاتر توانای کارلێککردن و هاوکاریکردنیان لە نێوان خۆیاندا دەبێت.

زمان، هونەر ، وێژە بە هەموو وردەکارییەکانیدا ڕەنگدانەوەی کولتووری نەتەوەکەیە، هەروەها ئاوێنەیەکە ڕەنگدانەوەی خواست و خەون و ئازارەکانی گەلەکەمانە،  هونەری کوردی چەندان فۆرم لەخۆدەگرێت، هەر لە سینەما و شانۆوە تا دەگات بە گۆرانی و مۆسیقا و هەڵپەڕکێی نەریتییەوە تا کاری دەستی و تەلارسازی،کە بەداخەوە خەریکە ئەم میراتە کەلتوورییە لەبەر بێخاوەنی کاڵ دەبێتەوە و لەناو دەچێت، بۆیەش فێرکردنی کایەکانی هونەر بۆ منداڵان،واتە گواستنەوەی بەهاکانی جوانی و داهێنان بۆیان کە هەمیشە ناسنامەی نەتەوەییان لەوانیتر جیاکردۆتەوە، هەروەها هونەر بەشدارە لە بەرزکردنەوەی هەستی شانازی و سەربەخۆیی لای منداڵان درووست دەکات، بەو پێیەی منداڵان هەر لەو قۆناغە هەستەوەرەی پەروەردەکردن درک بەوە دەکەن کە خاوەنی کولتوورێکی دەوڵەمەند و جیاوازن، کە شایەنی ئاهەنگگێڕانە، چونک کەلەپووری کوردەواری دەوڵەمەندە بە داب و نەریت و بیروباوەڕێک کە سەدان ساڵە تاکی کوردی بۆ نەوەکانیەوە گواستووەتەوە، کەلەپووری کورد بریتییە لە جلوبەرگی نەریتی، جەژن و بۆنەکان، گۆرانی فۆلکلۆر، خواردنە نەریتییەکان، فێرکردنی منداڵان بەو  کەلەپوورە  کوردەوارییە، لە ئەنجامدا هەستی سەربەخۆیی و شانازی بە بنەچەی خۆیانەوە بەرز دەکاتەوە.  هەروەها زانینی کەلەپوور بەشدارە لە دروستکردنی پرد لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا، ئەمەش بەردەوامیی کولتوری کوردی بەرز دەکاتەوە و ڕێگری لە لەناوچوونی دەکات.

فێرکردنی زمان و هونەر و کەلەپووری ڕەسەن بۆ منداڵانی کورد تەنیا پرۆسەیەکی پەروەردەیی نییە، بەڵکو وەبەرهێنانێکە بۆ داهاتوو،  دواجار بەشداری دەکات لە بنیاتنانی نەوەیەک کە ئاگادار و شانازی بە ناسنامەکەی خۆیەوە بکات، هاوکاتیش توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی سەردەمی هەبێت بەبێ ئەوەی ڕەگ و ڕیشەی خۆی لەدەست بدات.

 هەر لەو سۆنگەیەوە پاراستنی زمان و هونەری کوردی لای منداڵان، بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و دەستەجەمعییە کە دەکەوێتە ئەستۆی هەموو تاکێکی کۆمەڵگەی کوردییەو، هەر لە خێزانەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە دامەزراوەی پەروەردەیی و کەلتووری، لە کۆتاییشدا کەلتوری کوردی وەک گەنجینەیەکی بەنرخ دەمێنێتەوە کە دەبێت بە دڵسۆزانە بپارێزرێت و بگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، بۆ ئەوەی ئەم میراتە بە درێژایی کات بە زیندووی و بەردەوامی بمێنێتەوە.

ئەو منداڵانەی کە لە لایەن خێزانەکانیانەوە زمانی زگماکیان فەرامۆش دەکرێت و بە ناچاری منداڵەکانیان وەک مۆدێلێکی بۆرژوایانە لە خوێندنگە ئەهلی و بیانیەکاندا فێرە زمانی بیانی و زمانی نەتەوەی داگیرکەر دەکەن، بە دڵنیایی لە داهاتوودا منداڵێکی ناکام و نامۆ بە کەلتوور و زمان و ناسنە نەتەوەییەکەی خۆی دەبێت.

وتاری نووسەران